ئایا چه‌پ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


پارچه‌ پارچه‌بوونى یه‌كێتى سۆڤێت و هه‌ره‌سهێنانى سیستمه‌ سۆشیالیسته‌كه‌ بومه‌له‌رزه‌یه‌كى گه‌وره‌ى بیرى چه‌پی وه‌شاند له‌ جیهاندا و كاریگه‌ریى ئه‌م جۆره‌ هزره‌ هێنده‌ كه‌م بووه‌وه‌ كه‌ تا ماوه‌یه‌كى به‌رچاویش هیچ ده‌نگوباس و كاریگه‌رییه‌كى نه‌ما، ئه‌و پرینسیپ و دروشمانه‌شى بیرچوونه‌وه‌ كه‌ خه‌ونى میلۆنه‌ها كه‌س بوو به‌تایبه‌ت بۆ گه‌لانى جیهانى سێهه‌م.

به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ مایه‌ى ئازار و كه‌سه‌رێكى زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ ئه‌و نه‌وانه‌ى كه‌ له‌گه‌ڵ لق و شێوازه‌ جیاوازه‌كانى هزرى چه‌پدا بوون و قوربانى زۆریان به‌خشى به‌ هیواى بنیادنانى سیستمێكى سۆشیالیستى دیموكراسى كه‌ ژیانێكى خۆش و سه‌ربه‌ز و شایسته‌ بۆ هاووڵاتى مسۆگه‌ر بكات و وه‌ك نموونه‌یه‌ك چاوى لێ بكرێت، كه‌چى ئه‌وه‌ى كه‌ روویدا رێك پێچه‌وانه‌كه‌ى بوو بۆیه‌ زۆر كه‌س تووشى تێكشكان و بێ هیوایى بوون له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى هزرى چه‌پ بۆ ئه‌وه‌ى شوێنى خۆى له‌ جیهاندا وه‌ربگرێته‌وه‌.

هه‌ندێك كه‌س ئه‌م واقیعه‌ تاڵه‌ى ئێستا ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆى رێكخراوه‌كانى چه‌پ و ده‌ڵێن چه‌پ خیانه‌تى له‌ پرینسیپ و جه‌ماوه‌ره‌كه‌ى كرد. ته‌نانه‌ت واى لێهاتووه‌ سه‌رمایه‌دارى ئه‌و خۆبه‌سۆشیالست زانانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت یان كابرا خۆى به‌ چه‌پ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و له‌ ناخه‌وه‌ مه‌زهه‌بگه‌رایه‌. كۆمه‌ڵێكى تریش له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌وه‌ى ئێستا وه‌كو چه‌پ هه‌ڵده‌سووڕێت و چالاكی ده‌نوێنێت، هه‌ست و سۆز پاڵى پێوه‌ ده‌نێت و ئه‌مه‌ش به‌ ئاسانى ماڵیى ده‌كرێت و له‌ڕاستیدا كاریگه‌ریى چه‌پ به‌ نه‌مانى یه‌كێتى سۆڤێت به‌ ته‌واوى خامۆش بووه‌ چونكه‌ ئیتر هیچ پاڵپشتێكى ماددى و مه‌عنه‌وى نه‌ماوه‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌ چه‌پانه‌ له‌خۆ بگرێت. هه‌ژمونى ئیسلامى سیاسیش به‌ خۆى و هه‌موو پشتیوانیى و باڵه‌ سه‌ربازییه‌كانییه‌وه‌ هۆكارێكى دیكه‌ى بێ هیوابوونى یه‌كجاره‌كى هه‌ندێكه‌ له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى هزر و هێزى چه‌پ.

ته‌نیا كه‌مایه‌تییه‌كى زۆر كه‌م باوه‌ڕى وایه‌ هزرى چه‌پ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وه‌ ئاوات و ئامانجى ملیۆنه‌ها مرۆڤه‌ به‌و مه‌رجه‌ى چه‌پ ریزه‌كانى خۆى یه‌كبخاته‌وه‌ و راشكاوانه‌ به‌ گوتارێكى گونجاوه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو جه‌ماوه‌ر و ئازایانه‌ ره‌خنه‌ بگرێت له‌و هه‌ڵوێست و ره‌فتارانه‌ى جارانى كه‌ زۆر ده‌رفه‌تیان به‌فیڕۆ دا.

دیاره‌ ئه‌مه‌ چاونوقاندن نییه‌ له‌ سروشتى ئه‌و گیروگرفت و ئالینگارییانه‌ى كه‌ زۆر به‌ توندى رووبه‌ڕووى چه‌پ ده‌بنه‌وه‌ له‌ جیهاندا، به‌ڵام پێویسته‌ پابه‌ند بین به‌و باوه‌ڕه‌وه‌ كه‌ سه‌رمایه‌دارى چه‌ندێك روخسارى خۆى جوان بكات ناتوانێت سروشته‌ چه‌وسێنه‌ره‌كه‌ى خۆى و كرده‌وه‌ ناشیرینه‌كانى بشارێته‌وه‌ ته‌نانه‌ت له‌ بوارى دیموكراسیى و مافه‌كانى مرۆڤیشدا كه‌ به‌درۆوه‌ خۆى وه‌كو پارێزه‌رییان له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات .. له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌رفه‌تى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى چه‌پ له‌ ئارادایه‌ و ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ ره‌وتى رووداو و كێبڕكێ سیاسییه‌كانى ئه‌وروپا ده‌یسه‌لمێنن چونكه‌ وه‌كو بینیمان نیشانه‌كانى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى هه‌ندێك ره‌وتى چه‌پ بۆ گۆڕه‌پانى كارى سیاسیى ده‌ركه‌وتون و ته‌نانه‌ت به‌شێك له‌و ره‌وتانه‌ش توانیویانه‌ رووبه‌ڕووى باڵه‌ توندڕه‌وه‌كانى راست ببنه‌وه‌ و بگره‌ به‌سه‌ریشیاندا زاڵ ببن. ره‌نگه‌ ئه‌م نیشانانه‌ كۆمه‌ڵه‌ نیشانه‌یه‌كى ساده‌ بن به‌ڵام ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنێت كه‌ ئه‌وانه‌ى پێیان وابوو بیرى چه‌پ به‌ یه‌كجاریى مردووه‌ به‌هه‌ڵه‌دا چوون.

لێره‌دا زۆر گرنگه‌ ئاماژه‌ بكه‌ین بۆ ئه‌و راستییه‌ى كه‌ بارودۆخ له‌ ئه‌وروپادا به‌ته‌واوى جیاوازه‌ له‌ بارودۆخى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. له‌ ئه‌وروپادا سه‌ره‌ڕاى ده‌ركه‌وتنى چه‌ند مه‌یلێكى توندڕه‌وى دینى، به‌ڵام ئه‌و مه‌یلانه‌ وه‌كو پیرۆز ته‌ماشا ناكرێن و هاوڵاتى ئه‌وروپا بایى ئه‌وه‌نده‌ هوشیاره‌ كه‌ رازى ببێت هیچ ره‌وتێكى ئایینى ببێت به‌ سه‌روه‌ر و خاوه‌ن بڕیار، به‌ڵام كۆمه‌ڵگاكانى ئێمه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌رى ئه‌و حیزبانه‌ى كه‌ ئاینییان كردووه‌ به‌ ئامڕازێك بۆ كۆنترۆڵكردنى ئه‌قڵ و هه‌ستى هاووڵاتى. ئه‌مه‌ش ئه‌ركى چه‌پ زۆر زه‌حمه‌ت ده‌كات. ره‌وته‌ چه‌پڕه‌وه‌كان به‌گشتیى و ئه‌وانه‌ى دنیاى جیهانى سێهه‌م به‌تایبه‌تى له‌ پله‌ى یه‌كه‌مدا پێویسته‌ ریزه‌كانیان یه‌كبخه‌نه‌وه‌ چونكه‌ تائێستاش پارچه‌ پارچه‌ و په‌رش و بڵاون. هه‌روه‌ها ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌یه‌كى ره‌خنه‌گرانه‌ى راشكاو بكه‌ن به‌ كاروانى رابوردوویاندا و په‌ند وه‌ربگرن له‌ ئه‌زموون و رووداوه‌كانى جاران. هه‌روه‌ها زۆر گرنگه‌ هێزه‌ چه‌پڕه‌وه‌كان گوتارێكى واقیعیى له‌خۆ بگرن كه‌ جه‌ماوه‌ر متمانه‌ى هه‌بێت به‌ كاریگه‌ریى و سوودبه‌خشبوونى ئه‌و گوتاره‌.

ئێمه‌ بێ هیوا نین له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌پ به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیشدا ده‌زانین كه‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ره‌وته‌ كۆنه‌په‌رسته‌ توندڕه‌وه‌كان ئه‌ركێكى چه‌ند زه‌حمه‌ته‌ و ئاگاداریشین ئه‌م ئه‌ركه‌ له‌ نه‌بوونى پشتگیریدا ئه‌ركێكه‌ سه‌ركێشییه‌كى زۆرى تێدایه‌ به‌ڵام ده‌هێنێت مرۆڤ له‌ پێناویدا قوربانى بدات. ئێمه‌ ئه‌م بابه‌ته‌مان ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ وروژاند كه‌ ده‌رگایه‌ك بكه‌ینه‌وه‌ بۆ گفتوگۆ و توێژینه‌وه‌ له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كى گه‌وره‌ و گرنگ.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure