ئابوورى توركیا بووه‌ته‌ قوربانى ده‌ستى كێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 10/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابیع
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


ئابوورى توركیا نۆره‌ى هاته‌ سه‌ر و بووه‌ قوربانییه‌كى ترى سه‌ركێشییه‌ سیاسییه‌كانى سه‌رۆكى توركیا، به‌وه‌ى كه‌ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر بڕیارى لابردنى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى توركیاى ده‌ركرد، چونكه‌ رازى نه‌بوو نرخی سوود داببه‌زێنێت بۆ بوژاندنه‌وه‌ى ئه‌و ئابوورییه‌ى كه‌ تووشى قه‌یران و پاشه‌كشێ بووه‌.

ده‌ستوه‌ردانى زۆرى ئه‌ردۆگان له‌ ئابوورى توركیادا نرخى لیره‌ى توركى دابه‌زاند و چه‌ندین نیشانه‌ى تریش سه‌ریان هه‌ڵدا كه‌ به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ن ئابوورى توركیا به‌ بارودۆخێكى سه‌خت و دژواردا تێده‌په‌ڕێت. له‌ ماوه‌ى 10 ساڵى رابوردوودا ئه‌مساڵ زۆرترین پوكانه‌وه‌ و خامۆشى ئابوورى تۆماركراوه‌ و رێژه‌ى هه‌ڵئاوسان گه‌یشتووه‌ته‌ 20% و دراوى توركى 1 له‌سه‌ر 3ى به‌هاكه‌ى خۆى له‌ده‌ستداوه‌.

پارێزگارى له‌سه‌ركارلابراوى بانكى ناوه‌ندى توركیا ئه‌ردۆگان و حكومه‌ته‌كه‌ى به‌ كوشتنى ئابوورى تۆمه‌تبار كرد، چونكه‌ زانیارى ناڕاست و نه‌بوونى شه‌فافییه‌ت سیماى سه‌ره‌كى حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌ردۆگانن.

بارودۆخى ناوخۆى توركیا و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌ره‌كییه‌ گرژه‌كانى ئه‌نكه‌ره‌ له‌گه‌ڵ هاوسێكانیدا له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وروپادا كه‌ ئێستا له‌ قۆناغێكى گرژ و ئاڵۆزدایه‌ به‌هۆى پشكنینى به‌رده‌وامى توركیا له‌ ئاوه‌كانى قوبروسدا بۆ دۆزینه‌وه‌ى گاز هه‌موویان هۆكار و ره‌نگدانه‌وه‌ى قه‌یرانه‌ ئابوورییه‌ كه‌مه‌رشكێنه‌كه‌ى توركیان و رۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێت.

بێكارى زۆر و دابه‌زینى به‌رچاوى فرۆشى ئۆتۆمبیل و نه‌مانى ده‌رمان له‌ بازاڕه‌كاندا و به‌رده‌وامبوونى دابه‌زینى به‌هاى لیره‌ له‌ به‌رامبه‌ر دراوه‌ جیهانییه‌كاندا سیماى سه‌ره‌كى ژیانى ئابووریى توركیان.

له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌رفراوانه‌ى كه‌ ئه‌ردۆگان دژى نه‌یاره‌كانى ده‌ستیپێكرد به‌ زیندانیكردن و له‌سه‌ركارلابردن به‌شێكى ترى هۆكارى هه‌ڵهاتنى سه‌رمایه‌ى توركیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ گرانبوونى نرخى سووته‌مه‌نى پاش ئه‌وه‌ى واشنتۆن بڕیاریدا توركیاش بۆى نه‌بێت نه‌وتى ئێرانى بكڕێت.

پسپۆڕانى بوارى ئابوورى و دارایى پێشبینى ده‌كه‌ن بارودۆخى ئابوورى توركیا به‌ره‌و خراپتر بچێت و بنكه‌ى سه‌رمایه‌دارى بانكه‌ توركییه‌كان دابه‌زینى زیاتر به‌خۆوه‌ ببینن. 

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیانه‌دا ئه‌ردۆگان په‌نا ده‌با بۆ تیۆریى كوده‌تا و باس له‌ لایه‌نى ده‌ره‌كى ده‌كات كه‌ له‌پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر له‌ توركیا ده‌ده‌ن. له‌كاتێكدا كه‌ چاودێرانى سیاسى و ئابوورى ئۆباڵه‌كه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ بۆ خودى ئه‌ردۆگان كه‌ له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ و ناوخۆ سیاسه‌تێكى خراپ په‌یڕه‌و ده‌كات و ده‌ست وه‌رده‌داته‌ كاروبارى وڵاتانى ناوچه‌كه‌وه‌ و پشتیوانى ده‌كات له‌ میلیشیا توندڕه‌وه‌كان و به‌ ئاشكرا دژى سیاسه‌ته‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا و وڵاتانى وه‌ك میسر و سوریا و عێراق وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure