ژیان و پیاوانى ئایینى

بۆچوون / بیروڕا :: 08/07/2019

نووسینى: عه‌بدوڵڵا عه‌تییه‌
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

ده‌زانم باسكردنى ئه‌م بابه‌ته‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى هه‌ستیاره‌ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه‌ ئه‌م توێژه‌ به‌ پیرۆز ده‌زانێت و رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ و كاریگه‌رییه‌كه‌ى زیاتر ده‌بێت. بێگومان له‌ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كدا هه‌بوونى دین پێویسته‌ وه‌ك كۆڵه‌كه‌یه‌ك بۆ بنیادنانى كۆمه‌ڵگا و له‌سه‌ر ئه‌م كۆڵه‌كه‌یه‌ بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت پیاوانى ئایینى دروست ده‌بن.

راستییه‌كى به‌ڵگه‌ نه‌ویسته‌ كه‌ هه‌تا ده‌وڵه‌ت یاساى به‌هێزترى هه‌بێت ئه‌وا پیاوانى ئایینى رێكخراوتر و زیاتر به‌ دیسپلین ده‌بن و پێچه‌وانه‌كه‌شى راسته‌. ئه‌م قسه‌یه‌ به‌سه‌ر هه‌موو وڵات و ئیمپراتۆرییه‌كدا جێبه‌جێ ده‌بوو كه‌ له‌ سه‌ده‌كانى ناوه‌ڕاسته‌وه‌ هه‌تا پێش شۆڕشى پیشه‌سازى. بۆیه‌ ده‌بینین كه‌سێكى وه‌كو ئیبن سینا ده‌ڵێت گیرمان خواردووه‌ به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكه‌وه‌ كه‌ پێیان وایه‌ خودا ته‌نها ئه‌وانى هیدایه‌ت كردووه‌. واته‌ هه‌موو پیاوێكى ئایینى پێى وایه‌ خۆى له‌سه‌ر هه‌قه‌ و باقى خه‌ڵكه‌كه‌ى دیكه‌ هه‌ڵه‌ن، ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كى زۆر ترسناكه‌ چونكه‌ ترس و بێ سه‌روبه‌رى له‌ كۆمه‌ڵگادا بڵاوده‌كاته‌وه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر توندڕه‌وى بێته‌ ئاراوه‌ چونكه‌ ئه‌م توێژه‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتیى زۆر پابه‌ندن به‌ ده‌ق و سونه‌ت و فه‌رمووده‌كانه‌وه‌ له‌كاتێكدا كه‌ جیهان ئه‌مڕۆ له‌سه‌رده‌مى تاقیكردنه‌وه‌ و سه‌لماندندا ده‌ژى. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئێمه‌ له‌ عێراقدا له‌ وڵاتێكى دواكه‌وتووى وادا ده‌ژین كه‌ خه‌ڵكه‌كه‌ى دابه‌ش و په‌رته‌وازه‌ بوون له‌سه‌ر بناغه‌یه‌كى مه‌زهه‌بگه‌رایى و ئیقلیمچییه‌تییه‌كى زۆر ته‌سك.

من لێره‌دا ده‌پرسم مه‌لا و پیاوى ئایین چ سوودێكى هه‌یه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا؟ بۆ منى هاووڵاتى چى پێشكه‌ش ده‌كات؟ 
به‌ش به‌ حاڵى خۆم پێم وایه‌ ئه‌م توێژه‌ به‌وجۆره‌ بیركردنه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌ ناتوانێت هیچ شتێك بۆ من و غه‌یرى من له‌ كۆمه‌ڵگادا پێشكه‌ش بكات كه‌ سوودى هه‌بێت. ئێمه‌ى هاووڵاتى له‌برى ترساندن و تۆقاندن پێویستمان به‌ یاسایه‌ك هه‌یه‌ بمانپارێزێت و كارێك ژیانمان دابین بكات و بوارێك خزمه‌تى كۆمه‌ڵگاى پێ بكه‌ین. هاووڵاتى ئه‌مڕۆ پێویستى به‌ كه‌مێك خۆشگوزه‌رانى هه‌یه‌ له‌ وڵاتێكدا كه‌ پڕ له‌ خێر و بێره‌. بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و به‌شه‌ گرنگه‌ى كۆمه‌ڵگاش كه‌ توێژى پیاوانى ئایینى ده‌گرێته‌وه‌ چوارچێوه‌یه‌كى زانستى و رێكخراوه‌یى بۆ دابنرێت وه‌ك چۆن بۆ مامۆستایانى بواره‌كانى دیكه‌ دانراوه‌ و ده‌بێت پێوه‌ره‌كانیش نه‌گۆڕ بن و له‌سه‌ر بناغه‌ى زانستى دابڕێژرێن.

ئه‌م وتاره‌ى من له‌ روانگه‌ى بێ بڕوایى و كفر و سووكایه‌تیكردن به‌ هیچ ئایینێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى نه‌گرتووه‌ به‌ڵكو به‌و مه‌به‌سته‌یه‌ كه‌ بوارى ئایین نه‌خرێته‌ خزمه‌ت سیاسه‌ت و مه‌زهه‌ب و بۆچوونێكى ئایدیۆلۆجى دیاریكراوه‌وه‌. ئه‌زموونى ئێستا و رابوردوومان پڕه‌ له‌و قوربانییانه‌ى كه‌ له‌سه‌ر فه‌تواو رێنمایى ئه‌و جۆره‌ پیاوه‌ ئایینیانه‌ خۆیان كرد به‌ قوربانیى و ئێستا خێزانه‌كانیان له‌وپه‌ڕى هه‌ژاریى و بێ كه‌سیدا ده‌ژین.

كێشه‌كانى كۆمه‌ڵگا بچوك ناكرێنه‌وه‌ بۆ حیجاب و شێوازى جلوبه‌رگ و ئازادییه‌كانى تاك به‌ڵكو مه‌ینه‌تى میلله‌ت به‌هۆى كاربه‌ده‌سته‌كانه‌وه‌یه‌. دزى و گه‌نده‌ڵیى و كوشتن و ئاژاوه‌ و تۆقاندن و نه‌بوونى دادپه‌وه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى گرنگترن و هه‌ر ئه‌مانه‌ زیاتر تووڕه‌یى خودا داده‌بارێنن كه‌چى پیاوانى ئایینى وڵاته‌كه‌م هه‌ر فۆكه‌س ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ورده‌كارییه‌كانى ژیانى هاووڵاتیى و كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ فه‌رامۆش و نادیده‌ ده‌گرن و ناوێرن یاخود نایانه‌وێت ره‌خنه‌ له‌ رژێمێك بگرن كه‌ پێش هه‌موو كه‌س له‌ خزمه‌تى ئه‌واندایه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure