له‌كوێوه‌ بۆمان دێنن؟

بۆچوون / بیروڕا :: 07/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


جێگرى پێشووى سه‌رۆك وه‌زیرانى ئوردن (مه‌مدوح ئه‌لعیبادى) كه‌ لێیان پرسى وه‌زیره‌كانت له‌كوێوه‌ ده‌هێنیت، وه‌ڵامى دایه‌وه‌ و وتى (له‌ شه‌قامه‌وه‌).

ئه‌مه‌ چه‌ند واتایه‌ك له‌خۆى ده‌گرێت كه‌ خاڵى هاوبه‌شى هه‌موویان بریتییه‌ له‌ (بێ سه‌ر و به‌رییه‌كى رێكخراو) له‌ هه‌ڵبژاردنى وه‌زیره‌كاندا. ئه‌م زاراوه‌یه‌ زاراوه‌یه‌كى كۆنى سیاسییه‌ چه‌ندین سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ ئه‌وروپادا بڵاوبووه‌وه‌ دواتر وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكا، كۆندالیزا رایس له‌سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى بوشى كوڕدا سوودى لێ وه‌رگرت و زاراوه‌ى ئاژاوه‌ى خوڵقێنه‌رى داهێنا.

ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌مجۆره‌ ده‌ستنیشانكردنه‌ رانه‌هاتوون و له‌ كه‌لتورێكى دیكه‌وه‌ ته‌ماشاى هه‌ڵبژاردنى وه‌زاره‌ت و پۆسته‌ باڵاكان ده‌كه‌ن به‌لایانه‌وه‌ دیمه‌نه‌كه‌ زۆر نزیكه‌ له‌ ئاژاوه‌ و بێ سه‌ر و به‌رییه‌كى رێكخراو، چونكه‌ پێوه‌ره‌كان له‌سه‌ر لێهاتوویى و پسپۆڕى و جیهانبینى نییه‌ به‌ڵكو په‌یوه‌سته‌ به‌ شانس و دوورى و نزیكى له‌ خاوه‌نه‌كانى بڕیار و به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سكى تاقمێك یان حیزبێكى دیاریكراو. ئه‌مه‌ ده‌رئه‌نجامى روودانى گۆڕانكاریى قووڵه‌ له‌ پێكهاته‌ى ده‌وڵه‌تدا، گۆڕانێك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى پێشبینى و ئه‌گه‌ره‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كان بوون و سه‌رئه‌نجام ئه‌م جۆره‌ میكانیزمه‌ نابێته‌ هۆى دروستبوونى سه‌قامگیریى نیشتمانیى. زه‌ره‌رمه‌ندى یه‌كه‌میش له‌م میكانیزمى هه‌ڵبژاردنه‌ نه‌ حیزبى ده‌سه‌ڵاتداره‌ نه‌ ئۆپۆزسیۆن به‌ڵكو هاووڵاتى ئاساییه‌ كه‌ ژیان و چاره‌نووسى خۆى و خێزانه‌كه‌ى په‌یوه‌ستن به‌ كارایی و به‌رچاوڕوونى و ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌ته‌وه‌.

ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا به‌تایبه‌ت و له‌ جیهانى سێیه‌مدا به‌ گشتى خه‌ڵكه‌كه‌ى بێ هیوا كردووه‌ له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى و ئه‌مه‌ش زۆر به‌ ئاشكرا هه‌ستى پێده‌كرێت له‌وه‌دا كه‌ هاووڵاتى متمانه‌ى به‌ ده‌زگا حكومییه‌كان و كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانى نه‌ماوه‌.

ئێستا هه‌ستێكى گشتیى و به‌هێز لاى زۆرینه‌ به‌رجه‌سته‌ بووه‌ كه‌ حیزبه‌كان و حكومه‌ته‌كان فێڵیان لێ ده‌كه‌ن و ئه‌و به‌ڵێنانه‌ى ده‌یانده‌ن پێچه‌وانه‌ى كرداره‌كانیانه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش له‌ نه‌بوونى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و هه‌نگاونه‌نان به‌ره‌و یه‌كسانیى و جیاوازیكردن له‌نێوان ناوچه‌كان و هاووڵاتییان و بواره‌كاندا ره‌نگده‌داته‌وه‌.

حوكمداریكردن به‌ چه‌مكه‌ هاوچه‌رخه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ خزمه‌تكردنى هاووڵاتیان و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى بێ كردار و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ترپه‌ى دڵى شه‌قام دۆخێك دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئیتر هاووڵاتى ببێته‌ بوونه‌وه‌رێكى نه‌رێنى و گوێ نه‌داته‌ هیچ ئه‌رك و فه‌رمانێكى سه‌رشانى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure