نیشتمانپه‌روه‌رى درۆیه‌كى گه‌وره‌ى دیكتاتۆره‌كانه‌

بۆچوون / بیروڕا :: 06/07/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ربیه‌ ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

مێژووى هاوچه‌رخى ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌تى و مێژووى دووردرێژى مرۆڤایه‌تى به‌گشتى پێمان ده‌ڵێت نیشتمانپه‌روه‌رى هه‌میشه‌ به‌رگێك بووه‌ حوكمداره‌ دیكتاتۆره‌كان سوودیان لێ بینیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى مه‌رامه‌ تایبه‌ته‌كانى خۆیان.

دروستبوونى ده‌وڵه‌تى ئیسرائیل و به‌هێزبوونى له‌سه‌ر گه‌لانى عه‌ره‌بى هه‌رگیز به‌و گڕ و هێز و خێراییه‌وه‌ رووینه‌ده‌دا ئه‌گه‌ر حوكمداره‌ عه‌ره‌به‌كان زه‌مینه‌یان بۆ خۆش نه‌كردایه‌، ئه‌و حوكمدارانه‌ى كه‌ به‌ رواڵه‌ت نیشتمانپه‌روه‌رى له‌لایه‌ن دوژمنایه‌تیكردنى ئیسرائیل بووه‌ كه‌چى له‌ واقیعدا خه‌ونى ئه‌وه‌ڵ و ئه‌خیرى پته‌وكردنى ده‌سه‌ڵاتى خۆى بووه‌ وه‌ك دیكتاتۆرێك و له‌م پێناوه‌شدا سڵى له‌ هیچ گه‌نده‌ڵیى و سه‌ركوتكردن و پاشخستنێك نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستین له‌لاى سه‌ركرده‌ ناسیۆنالیسته‌ عه‌ره‌به‌كان ته‌نیا هه‌ر به‌ دروشم مه‌سه‌له‌یه‌كى ناوه‌ندى بووه‌و له‌ڕاستیدا هه‌ریه‌كه‌یان ویستوویه‌تى بزوتنه‌وه‌ى رزگاریخوازى فه‌له‌ستین بخه‌نه‌ ژێر ركێفى خۆیه‌وه‌. به‌ڵگه‌نامه‌كان ده‌یسه‌لمێنن كه‌ چه‌سپاندنى ئه‌م بیروباوه‌ڕه‌ نیشتمانپه‌روه‌رییه‌ دوور نه‌بووه‌ له‌ پیلانى هێزى ئیمپریالیسته‌كانه‌وه‌. بۆ نموونه‌ حه‌ننا به‌تاتۆ له‌ كتێبى (جووتیاره‌كانى سووریا)دا نووسیویه‌تى بیرۆكه‌ى تێوه‌گلاندنى سه‌ربازیى سووریا له‌ لوبناندا هێنرى كیسنجه‌ر بووه‌.

كه‌م سه‌رۆكى عه‌ره‌بیى هه‌یه‌ به‌ جۆرێك له‌ جۆره‌كان زیانى نه‌گه‌یاندبێت به‌ رێكخراوه‌ فه‌له‌ستینییه‌كان و ئاواره‌كانى گه‌لى فه‌له‌ستین و هه‌موویان به‌شدارن له‌ دابه‌شبوون و ناكۆكى نێوان هێزه‌ چه‌كداره‌ فه‌له‌ستینییه‌كاندا. هه‌ر هه‌مووشیان به‌ نهێنى به‌ڵێنییان به‌ ئه‌مریكا داوه‌ كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن جه‌نگاوه‌ره‌ فه‌له‌ستینییه‌كان دزه‌ بكه‌نه‌ ئیسرائیله‌وه‌.

ئه‌م دووڕووییه‌ له‌ راگه‌یاندن و كرداردا به‌رامبه‌ر گرنگترین مه‌سه‌له‌ى نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانى عه‌ره‌ب سیاسه‌تێكى سه‌ركه‌وتوو بوو بۆ دیكتاتۆره‌كان كه‌ ده‌سه‌ڵاتى ره‌هاى خۆیان دژى گه‌له‌كانیان بچه‌سپێنن و رێكخراوى رزگاریخوازى فه‌له‌ستینى لاواز لاواز بكه‌ن. له‌ ئاكامى ئه‌م سیاسه‌ته‌دا ئیسرائیل رۆژ به‌ڕۆژ به‌هێزتر بووه‌و هه‌تا دێت زیاتر په‌ل ده‌هاوێت و كاریگه‌ریشى له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ گه‌وره‌تر و به‌هێزتر ده‌بێت به‌و جۆره‌ى كه‌ ئێستا ده‌یبینین به‌ پشتگیریى هه‌ندێك وڵاتى عه‌ره‌بى ده‌یه‌وێت مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستین به‌ یه‌كجارى له‌ناوببات. هه‌ڵویستى وڵاتانى عه‌ره‌بیش یان هاوبه‌شیكردنه‌ له‌م سیاسه‌ته‌دا یان ره‌تكردنه‌وه‌یه‌كى شه‌رمنانه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا له‌ لێدوانه‌ تاك و ته‌راكاندا ده‌ریده‌بڕن.

كاره‌سات و رووداوه‌كانى زیاتر له‌ نیو سه‌ده‌ى رابوردوو ئه‌و راستییه‌مان بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ دروشمى نیشتمانپه‌روه‌رى دروشمێكى به‌تاڵ و بێ ناوه‌ڕۆكه‌ ئه‌گه‌ر ئازادى هاووڵاتى تێدا مسۆگه‌ر نه‌بێت. كێشه‌ى هاووڵاتییانى ناوچه‌كه‌ كێشه‌ى دیكتاتۆرییه‌ كه‌ تاكێكى كوشنده‌ په‌یڕه‌وى ده‌كات له‌كاتێكدا كه‌ نیشتمانپه‌روه‌رى حاڵه‌تێكى گشتیى و ده‌سته‌جه‌معییه‌ و هیچ په‌رژینێك بۆ نیشتمان هێنده‌ى گه‌لێكى ئازاد به‌هێز و كاریگه‌ر نییه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure