ئایا جارێكی دیكە داعش دەگەڕێتەوە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: ماهر زیا‌‌‌ء محێدین
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین
وەرگێڕانی: دواڕۆژ


ئاژانسە جیهانییەكان زانیاری تەواویان لایە كە داعش خەریكی رێكخستنەوەی ریزەكانی خۆی و ئامادەكارییە بۆ ئەوەی جارێكی تر بە هێزێكی وێرانكەرترەوە بگەڕێتەوە بۆ گۆڕەپانەكە.

رەنگە هەبێت بڵێت گەڕانەوەی داعش مەسەلەیەكی ئاسان نییە چونكە وەزعی ئێستای ئەو رێكخراوە تیرۆریستە زۆر لە جاران جیاوازترە و پاش شەڕەكانی عێراق و سوریا و ناوچەكانی دیكە بەشێكی زۆری هێزەكانی لەدەست داوە و گەلێك ناوچەی گرنگی لەژێر كۆنترۆڵدا نەماوە، بەجۆرێك كە ئێستا لە چەند ناوچەیەكی دیاریكراو سنووردار كراوە و چالاكییەكانی لەشێوەی شەڕی پارتیزانیدا ئەنجام دەدات. ئەمە جگە لەوەی كە چەك و جبەخانەیەكی زۆری لەكیس چووە.

ئەو شوێنانەی كە جاران داعش داگیری كردبوون یان چالاك بوو تیایاندا ئێستا لەڕووی ئەمنییەوە سەقامگیرن و هێزی چەكداری وڵاتەكان بەتەواوی كۆنترۆڵیان كردون. ئەگەر دزەكردنێكیش لەملاولاوە رووبدات ئەوە مانای سەرلەنوێ‌ گەڕانەوەی داعش ناگەیەنێت بەڵكو كردەوەی چەكداری كۆنترۆڵكراوی زۆر سنووردارە.

خاڵێكی گرنگ لەم مەسەلەیەدا ئەزموونی دانیشتوانی ئەو ناوچانەیە كە ماوەیەك لەژێر كۆنترۆڵی داعشدا بوون. كارەساتە خەمبارەكانی ئەو خەڵكە هەتا ئێستاش كۆتاییان نەهاتووە بۆیە ئەگەر داعش بیەوێت بگەڕێتەوە ئەوا ئەو خەڵكە رووبەڕوویان دەوەستنەوە یان هیچ نەبێت هاوكاری ناكەن، بەڵام لەبەرامبەر ئەمەدا داعش هێشتا لایەنگر و حەشارگەی لەو وڵاتانەدا ماوە.

ئەوانەی لەسەرەوە باسمان كردن هەموو بەلایەك بەڵام پێویستە بزانین و بیرمان نەچێتەوە كە دەركەوتنی داعش لە یەكەمجاردا و تائێستاش پەیوەندی هەیە بەو ناكۆكییە كلاسیكییەی كە لەنێوان گەورەهێزەكاندا هەیە. ئێستا گۆڕەپانی ناوچەكە و جیهان كۆمەڵێك ناكۆكی و ململانێ‌ روویان تێكردووە كە لە جاران ئاڵۆزترن بۆیە پریشكی هەر پێكدادانێك لەنێوان ئەو دوو لایەنەدا بەدڵنیاییەوە جەنگێكی جیهانی ئەتۆمی لێدەكەوێتەوە كە زیانەكانی لە ژماردن نایەن.

بەڵگەیەكی دیكەی ئەگەری گەڕانەوەی داعش ئەوەیە كە داعش گرێبەستێكی بازرگانی و ئابووری و هەڕەشەئامێز و پڕقازانجە بۆ زۆرێك لە لایەنەكان. ئەمە راستییەكە هەموومان دەیزانین كە وڵاتان داعشیان كردووە بە كارتێكی گوشار و بەكاری دەهێنن. ئەمە جگە لە قازانجی كۆمپانیاكانی چەك لە گەڕانەوەی داعشدا، كە چالاكییەكە لەئێستا و رابوردوودا جوڵەیەكی ئاشكرای تێدا دەركەوتووە.

بەڵێ‌ داعش سەرلەنوێ‌ دەگەڕێتەوە و زۆر لە جاران بەهێزتریش. راستییەكان و واقیعی ئێستا ئەوەمان پێ‌ دەڵێن. بۆیە گەلانی بەئامانج گیراو لە سوریا و عێراق خۆیان ئامادە بكەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرفەتی گەڕانەوەی شەپۆلێكی توندوتیژخوازی داعش و هەڵگیرساندنەوەی شەڕ لە چەندین ناوچەدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure