دەرچووانی بێ‌ كار

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

نووسینی: عەلی فالح ئەلزوهەیلی
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین
وەرگێڕانی: دواڕۆژ


لەنێوان ئاوات و خەون و بەرجەستە كردنی ئایندەیەكی جوان لە خەیاڵدا بە درێژایی 13 ساڵ و زیاتر لە خوێندن بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەیەك كە دواتر لە یەكێك لە دەزگاكانی دەوڵەت دابمەزرێت، هەرچەندە خوێندن لە عێراقدا لە دۆخێكی زۆر زۆر خراپدایە، بەڵام بەدەستهێنانی بڕوانامە و دامەزراندن مەسەلەیەكە ناچاریی و پێویست. بەتایبەت پاش ساڵی 2003 بڕوانامە و دامەزراندن بوونە پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالێنگارییە سەختەكانی ژیان، لە وڵاتێكدا كە دۆخێكی خراپی هەیە و كێشەی زەبەلاحی رووبەڕوو بووەتەوە، لەوانە بێ‌ كاری.


كەڵەكەبوونی ژمارەی دەرچووان لە ماوەی ساڵانی رابوردوودا وای كردووە دامەزراندن ببێتە كارێكی سەخت بەهۆی گەندەڵیی و خراپ بەڕێوەبردنی ئەم بابەتەوە لەلایەن دەوڵەتەوە.
- واستە و بەرتیل
دامەزراندن لە عێراقدا هەرچۆنێك بێت بەبێ‌ واستە و پشتگیریی و بەرتیل نابێت. ئێستا دامەزراندن تەنیا بۆ ئەوانەیە كە پشتگیریی دەسەڵاتدارانیان پێیە یان بەرتیل دەدەن یان خزمی كاربەدەستانن یان ئەندامی حیزبە سیاسییەكانن. ئەوانی تر كە هەژار و بێ كەسن چەندین ساڵ بەسەر تەواوكەری خوێندنیاندا تێپەڕیوە و ئێستا یان بێ‌ كارن یان دەستگێڕی دەكەن یاخود كرێكار و شاگردن بە داهاتێكی زۆر كەم.
- دامەزراندن بۆ خزم و ئەندام
ناوبەناو كە هاوڕێیەك و ناسیاوێكی دەرچووی كۆلیج و پەیمانگاكان دەبینم و لێی دەپرسم ئەرێ‌ هێشتا دانەمەزراویت دەڵێت چۆن دابمەزرێم من نە سەر بە حیزب و لایەنێكی سیاسیم نە خزمم هەیە پەڕلەمانتار و وەزیر بێت نە دایك و باوكیشم راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتین ئیتر لەكوێوە دابمەزرێم.
- هیوا و رزگاركردن
رۆژێك هاوڕێیەكم كە دەرچووی كۆلێجی ئادابی زانكۆی موستەنسرییەیە وتی دامەزراندن لەلام بووەتە تارماییەك شەو و رۆژ وازم لێ‌ ناهێنێت. دەرگای هیچ وەزارەت و دەزگایەك نەماوە لێی نەدەم بەڵام بێ‌ سوود بووە. باشە تا كەی من بەتەمای دامەزراندن بم؟ تا كەی ئەم دۆخە دەمێنێتەوە؟ من تاقە بەخێوكەری خێزانەكەمم، بە لێخوڕینی ئوتومبێلی تەكسیی پێویستییەكانی ماڵەوەم پێ‌ دابین ناكرێت. هەمیشە بیر دەكەمەوە و دڵەڕاوكێمە لەو ئایندە نادیارە دەترسم كە بەڕووی دەچم، كەی دادەمەزرێم و خۆم و خێزانەكەم لەم هەژاری و كوێرەوەرییە رزگار بكەم.
بڕوانامە هەر بە ناوە، زۆر كەس دەناسم كە خاوەنی بڕوانامەی باڵان بەڵام دەڵێن ئەو بڕوانامەیە هەر ناوە و هیچ كەڵكێكی بۆمان نییە چونكە گەندەڵی باڵی بەسەر دەوڵەتدا كێشاوە و دامەزراندن تەنیا بۆ سیاسی و حیزبەكان و ماڵ و منداڵ و دەست و پێوەندەكانیانە. سەد دكتۆرات هەبێت بەهای فلسێكی نییە.
- ئەی تەگبیر؟
ئێمە ئێستە لە ناوەڕاستی ساڵی 2019داین حكومەت و پەرلەمان داوای قەلاچۆكردنی گەندەڵی دەكەن بەهەموو شێوەكانی لەكاتێكدا كە هەلی كاری هەموو وەزارەتەكان هێشتا رانەگەیەنراوە. تۆ بڵێیت دامەزراندنی لەمەودوا دەستی گەندەڵی نەیگاتێ‌ و خاوەن بڕوانامەكان بەبێ‌ بەرتیل و پشتگیریی دابمەزرێنرێن. با چاوەڕێ‌ بكەین بزانین دروشمەكان تا چەند راستن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure