هه‌ڵوێسته‌ گومانلێكراوه‌كان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

مه‌سه‌له‌یه‌كى سروشتى و چاوه‌ڕوانكراوه‌ گه‌نجه‌كانمان لاسایى مۆدێل و دیارده‌ باوه‌كانى جیهان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌ هه‌موو شتێك بێبه‌رى كراون. ئه‌مه‌ ئاره‌زوویه‌كى سروشتى مرۆڤه‌ بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى ئه‌و كه‌م و كوڕییانه‌ و ئاره‌زووى رێكردن له‌گه‌ڵ گه‌له‌ به‌خته‌وه‌ره‌كانى جیهاندا.

وا پێده‌چێت سیاسه‌تیش له‌ عێراقدا له‌مڕووه‌وه‌ لاسایى گه‌نجان بكاته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بینین مۆدێلى سیاسى ئه‌م ماوه‌یه‌ى ئێستا بریتییه‌ له‌ پێشبڕكێ و ململانێیه‌كى گه‌رم له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كاندا كه‌ ببنه‌ ئۆپۆزسیۆن و به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ به‌یاننامه‌ى شۆڕشگێڕانه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گوێگر و چاودێر وا هه‌ست بكات كه‌ ئێمه‌ له‌ ساته‌وه‌ختى قۆناغێكى مێژوویى تازه‌داین كه‌ تیایدا ته‌پوتۆزى سه‌ده‌كانى رابوردوو له‌ خۆمان ده‌ته‌كێنین و كه‌رامه‌تى شكاوى عێراقییه‌كان چاك ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ له‌ سایه‌ى مه‌زهه‌بگه‌رایى و به‌شبه‌شێنه‌ى سیاسى و گه‌نده‌ڵییه‌ جۆراوجۆره‌كاندا ورد و خاش بووه‌. دیاره‌ ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ سیاسییه‌ شتێكى تازه‌ نییه‌ و زۆرجار ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌.

مۆدێلى ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌ له‌ پڕ فراكسیۆنێكى په‌رله‌مان رایئه‌گه‌یه‌نێت كه‌ بووه‌ به‌ ئۆپۆزسیۆن و هێنده‌ نابات هه‌ندێك حیزب و رێكخراوى تر شوێنى ده‌كه‌ون له‌ژێر ناو و ناونیشانى بریقه‌داردا و ئۆباڵى هه‌موو كێشه‌ ئابوورى و ئه‌منى و خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ خۆى دورده‌خاته‌وه‌. سه‌رۆك وه‌زیرانیش هیچ ناڕه‌زاییه‌ك ده‌رنابڕێت له‌سه‌ر ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه‌ سیاسییه‌ و به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى ته‌ندروستى ده‌زانێت به‌ومه‌رجه‌ى له‌ پرینسیپه‌ نیشتمانییه‌كان لانه‌دات، بێئه‌وه‌ى روونى بكاته‌وه‌ ئه‌و پرینسیپ و نه‌گۆڕه‌ نیشتمانییانه‌ چین. له‌هه‌مانكاتدا جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ى ئه‌و به‌شێكى زۆرى به‌رنامه‌كه‌ى جێبه‌جێ كردووه‌.

حیزبه‌ سوودمه‌نده‌كانیش له‌م حكومه‌ته‌ى ئێستا ره‌خنه‌ له‌ ئۆپۆزسیۆن ده‌گرن له‌ بایه‌خ و ده‌وروته‌ئسیرى كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌و به‌وه‌ تۆمه‌تبارى ده‌كه‌ن كه‌ بۆ رازیكردنى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌تى یاخود داواى فڵانه‌ وه‌زاره‌تى كردووه‌و به‌ده‌ستى نه‌هێناوه‌ یان هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن ده‌كات.

گومانى تێدا نییه‌ كه‌ له‌ دواى ساڵى 2003وه‌ زوربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى حیزبه‌كان به‌شدارییان كردووه‌ له‌ پڕۆسه‌ى سیاسى عێراقدا و پۆسته‌ باڵاكانیان له‌ حكومه‌ت و په‌ڕله‌مان و شوێنه‌كانى تردا له‌ نێوان خۆیاندا دابه‌شكردووه‌و كه‌م تا زۆرێك به‌شداربوون له‌ دروستكردنى هه‌موو بڕیاره‌كاندا. كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌ى ئه‌م ئۆپۆزسیۆنچیه‌تییه‌ هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ هه‌وڵێك بۆ هه‌ڵهاتن له‌ شكستهێنانى حكومداریى، به‌تایبه‌ت دواى به‌رزبوونه‌وه‌ى ده‌نگى ناڕه‌زایى و تووڕه‌یى میلله‌ت كه‌ قابیلى ته‌قینه‌وه‌یه‌.

زه‌مینه‌ى هه‌بوونى ئۆپۆزسیۆنێكى راسته‌قینه‌ كه‌ پشت ببه‌ستێت به‌ كۆمه‌ڵێك به‌رنامه‌ى سیاسی و دیموكراسى راسته‌قینه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ عێراقدا نییه‌، به‌ڵكو پێچه‌وانه‌كه‌ى باڵاده‌سته‌، كه‌واته‌ مه‌سه‌له‌كه‌ له‌ ناوه‌ڕۆكدا ململانێیه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وتى زیاتر. هه‌روه‌ها نابێت كاریگه‌رییه‌ خراپییه‌كانى گرژى و ئاڵۆزى نێوان پڕۆژه‌ ئه‌مریكی و پڕۆژه‌ ئێرانییه‌كه‌مان بیربچێته‌وه‌ له‌سه‌ر عێراق و هێزه‌ سیاسییه‌كانى.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌یڵێم كه‌ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نیازپاكیش له‌ ئارادا بێت و ئۆپۆزسیۆنێكى له‌وجۆره‌ش دروست ببێت، سه‌رئه‌نجام لاواز و بێ توانا ده‌رده‌چێت له‌ ئه‌نجامدانى هیچ رۆڵێكى چاودێرى و راستكردنه‌وه‌ى كاریگه‌ر و ئه‌گه‌رى زۆره‌ خه‌ڵكى خراپى لێ كۆببێته‌وه‌ و بیكه‌نه‌ پێگه‌یه‌ك بۆ سازش و رێككه‌وتن. هه‌رچه‌نده‌ عێراق ئێستا زۆر پێویستى به‌ ئۆپۆزسیۆنێكى سیاسى راسته‌قینه‌ هه‌یه‌.

راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌تا به‌شبه‌شێنه‌ و گه‌نده‌ڵیى و ده‌وڵه‌تى قوڵ هه‌بێت ئاسۆى عێراق روون نابێته‌وه‌ و خه‌ونى میلله‌ته‌كه‌ى نایه‌ته‌ دى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure