به‌ ئامانجگرتنى دڵ و ئه‌قڵ

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ربى ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


سه‌ربارى بایه‌خه‌ زۆره‌كه‌ى زانست له‌ ده‌ستكه‌وته‌ گه‌وره‌كانى پیشه‌سازیى و ئه‌ندازیاریى و پزیشكى و بواره‌ جیاجیاكانى ژیاندا ئێستا زانست ئه‌وپه‌ڕى پێویستى هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنى په‌یوه‌ندى و كارلێكه‌كاندا هه‌م له‌نێوان دۆستان و هه‌م له‌نێوان دوژمنانیشدا. ئێستا زانسته‌كان ته‌واو به‌یه‌كدا چوون و هێنده‌ تێكه‌ڵى یه‌كترن كه‌ په‌یوه‌ندى نێوان وڵاتان په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌بوون و نه‌بوونى ته‌كنیكه‌ پێشكه‌وتووه‌كان.

توێژینه‌وه‌ى زانستى پێویسته‌ بخرێته‌ گه‌ڕ بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى مێژوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌ مرۆڤایه‌تییه‌كاندا چ له‌سه‌ر ئاستى تاك و چ له‌سه‌ر ئاستى گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كاندا. ئه‌مه‌یه‌ واده‌كات هه‌موو جوڵه‌ و هه‌ڵوێستێكى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ببێته‌ شتێكى به‌رنامه‌ بۆداڕێژراو و كۆنترۆڵكراو. ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان وڵاتان و گه‌لان بناغه‌یه‌كى زانستى نه‌بێت ئه‌وا زۆر به‌ ئاسانى ده‌شێوێت.

له‌م رووه‌وه‌ ده‌زگاكانى راگه‌یاندن زۆر كاریگه‌رن له‌ چه‌واشه‌پێكردنى خه‌ڵكى و تێكدانى نیاز و په‌یوه‌ندییه‌كاندا. له‌ روانگه‌ى ئه‌و رۆڵه‌ گرنگه‌وه‌ كه‌ راگه‌یاندن هه‌یه‌تى له‌سه‌ر ئه‌قڵ و سۆزى میلله‌تان، ئیسرائیل هه‌وڵى داوه‌ به‌ جۆرێك كار له‌سه‌ر ئه‌قڵى گه‌لانى ناوچه‌كه‌ بكات كه‌ خاوه‌نى چه‌پۆكى ئاسنین و سوپایه‌كى له‌شكست نه‌هاتووه‌ به‌و مه‌به‌سته‌ى جه‌وهه‌رى ناكۆكییه‌كه‌ له‌بیر گه‌لانى ناوچه‌كه‌ بباته‌وه‌ وایان لێ بكات ئیسرائیل له‌لایان ببێته‌ وڵاتێكى دیموكراتخواز كه‌ حه‌زى له‌ پێكه‌وه‌ژیان و تێكه‌ڵاوى هه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاشتیخوازانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا.

هه‌نگاوى دواترى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر وڵاته‌ و هه‌ر سیستمێكى حوكمڕانى له‌ روانگه‌یه‌كى پراكماتی و سوودى تایبه‌ته‌وه‌ سه‌یرى مه‌سه‌له‌كه‌ بكات. ئه‌م ئه‌زموونه‌ شتێكى تازه‌ نییه‌ چونكه‌ له‌ شه‌سته‌كان و حه‌فتاكانى سه‌ده‌ى رابوردوودا كه‌ جه‌نگى سارد له‌نێوان یه‌كێتى سۆڤێت و ئۆردوگاى خۆرئاوادا له‌وپه‌ڕیدا بوو، وڵاته‌ سه‌رمایه‌داره‌كان رێبازێكیان گرته‌به‌ر كه‌ سه‌رئه‌نجام یه‌كێتى سۆڤێت هه‌ڵوه‌شا و كۆمۆنیزم رووخا. هۆكاره‌كه‌ش ته‌نیا هه‌ر گه‌نده‌ڵى ئیداریى و لاوازى ئابوورى نه‌بوو به‌ڵكو خۆرئاوا له‌و ماوه‌یه‌دا كارێكى كرد گه‌لانى ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵات هیچ وره‌یه‌كیان نه‌مێنێت و به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یرى شێوازى ژیان و كه‌لتوور و په‌روه‌رده‌ و ئابوورى خۆیان ده‌كرد. له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا وێنه‌یه‌كى واى وڵاتانى خۆرئاوایان له‌لا به‌رجه‌سته‌ كردبوون كه‌ سیستمى سه‌رمایه‌دارى نموونه‌ییه‌ و لێوانلێوه‌ له‌ پێشكه‌وتن و ئازادى و خۆشگوزه‌رانى. سینه‌ما و وه‌رزش و گۆرانى له‌م بواره‌دا رۆڵێكى ترسناكیان گێڕا، دیاره‌ ئه‌مه‌ش له‌ خۆڕا نه‌بووه‌ به‌ڵكو به‌كارهێنانى ئه‌و بوارانه‌ ده‌رئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌ى زانستى ورد بووه‌ له‌سه‌ر سروشت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ى كه‌ كرابوونه‌ ئامانج.

خۆرئاوا زۆر به‌ باشى خاڵه‌ لاوازه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى دیاریكرد و زانیشى چۆن كاریان له‌سه‌ر بكات.

ئه‌م هه‌موو نموونه‌ و به‌سه‌رهاتانه‌ بۆمان ده‌سه‌لمێنن كه‌ دروستكردنى راى گشتیى و دامه‌زراندنى هه‌ستى به‌كۆمه‌ڵ پێویستى به‌ ستراتیجێكى زانستى و تاوتوێكراو هه‌یه‌. ئه‌مانه‌ به‌ زمانێكى تر پێیان ده‌گوترێت جه‌نگى ده‌روونى، كه‌ زاراوه‌یه‌ك بوو زیاتر له‌ 20 ساڵى رابوردوودا به‌كارهێنراوه‌ و له‌ ناوه‌ڕۆكدا بریتییه‌ له‌ جه‌نگى دڵ و ئه‌قڵ.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure