جۆرێكى ترى جه‌نگ

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بى ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕانى، دواڕۆژ

پاشه‌كشه‌كردنى ترامپ له‌ بڕیارى ئه‌نجامدانى هێرشى سه‌ربازى بۆ سه‌ر ئێران ئه‌و پرسیاره‌ دێنێته‌ ئاراوه‌ كه‌ ئایا سه‌رده‌مى جه‌نگ له‌نێوان وڵاتاندا به‌شێوه‌ كلاسیكییه‌كه‌ى كۆتایى هاتووه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا جۆرێكى ترى ناكۆكى جێگه‌ى ده‌گرێته‌وه‌.

سه‌ره‌تا قسه‌یه‌كى ترامپ زۆر سه‌رنجڕاكێشه‌ كه‌ وتى دواخستنى جه‌نگه‌كه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌وه‌یه‌ كه‌ سوپاكه‌ى ئێمه‌ سوپایه‌كى تازه‌یه‌ و ده‌مێك نییه‌ دروستكراوه‌. ترامپ مه‌به‌سته‌كه‌ى روون نه‌كرده‌وه‌ كه‌ ئایا سوپاى ئه‌مریكا به‌ جۆرێك رێكخراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ جه‌نگه‌ تازه‌كاندا بگونجێت؟ چونكه‌ سوپاى ئه‌مریكا یه‌كێكه‌ له‌ سوپا هه‌ره‌ كۆنه‌كانى جیهان كه‌ ساڵى 1776 دامه‌زراوه‌ و له‌دواى جه‌نگى دووه‌مى جیهانییه‌وه‌ به‌رده‌وام له‌ جه‌نگدا بووه‌.

ئه‌م پاشه‌كشێیه‌ى ترامپ كۆمه‌ڵێك لێكدانه‌وه‌ى سیاسى و سه‌ربازى و كارگێڕى بۆ كرا. ته‌نانه‌ت ده‌گوترا ئه‌مریكا له‌وه‌ ده‌ترسێت ئه‌گه‌ر له‌ ئێران بدات و رژێمى تاران بڕوخێت ئاژاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ له‌ ئێران و ناوچه‌كه‌دا رووده‌دات.

گومانى تێدا نییه‌ له‌ ماوه‌ى 20 ساڵى رابوردوودا گۆڕانكارى زۆر گه‌وره‌ تێبینى كراون به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستى كۆمه‌ڵایه‌تى و رۆشنبیریى سیاسى كۆمه‌ڵگاكان. دیاره‌ ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌نجامه‌ لاوه‌كییه‌كانى جیهانگیریى كه‌ كارێكى كردووه‌ چیتر جه‌نگ پاڵنه‌رێك نه‌بێت بۆ یه‌كێتى نیشتمانى و رووداوێك نه‌بێت مه‌به‌ست لێى داڕشتنه‌وه‌ى ناسنامه‌ى نیشتمانى بێت.

ئێستا حكومه‌ته‌كان زۆر باش تێگه‌یشتوون كه‌ ناتوانن بۆ جه‌نگه‌كانیان سه‌ربازى پێویست له‌ هاووڵاتیانى خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن و هاووڵاتى ئێستا زۆر له‌ جاران هه‌ستیارتره‌ به‌رامبه‌ر زیانه‌كانى جه‌نگ، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى زیانه‌ ئابوورییه‌ پێشبینیكراوه‌كانى هه‌موو جه‌نگێك. له‌سه‌رده‌مى ئێستا كه‌ میلله‌تان به‌زه‌حمه‌تێكى زۆر بژێوى ژیانیان بۆ دابین ده‌بێت، هه‌روا به‌ئاسانى قایل نابن په‌لكێش بكرێن بۆ جه‌نگ كه‌ كاریگه‌رى وێرانكه‌رى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئابوورى و ئاینده‌یان.

ئه‌م گۆڕانكارییه‌ حكومه‌ته‌كانى ناچاركرد كه‌ شێواز و سیاسه‌تى به‌ڕێوه‌بردنى ململانێكانیان بگۆڕن. ئه‌وه‌تا ده‌بینین له‌م ساڵانه‌ى دواییدا چه‌ندین شێوازى تازه‌ى جه‌نگ سه‌ریان هه‌ڵداوه‌، وه‌ك جه‌نگى ئه‌لیكترۆنى و جه‌نگى ناچوونییه‌ك و شێوازه‌كانى تر بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانه‌ مرۆییه‌كان. ته‌نانه‌ت ئێستا هه‌ندێك وڵات، وڵات و میلله‌تى تر به‌كارده‌هێنێت له‌برى خۆى بچێته‌ جه‌نگه‌وه‌.

تێبینى ده‌كرێت له‌ 20 ساڵى رابوردوودا هیچ شه‌ڕێك رووینه‌داوه‌ ده‌وڵه‌تێك دژى ده‌وڵه‌تێكى تر به‌رپاى كردبێت، به‌ڵكو دژى تاقم و كۆمه‌ڵه‌ى دیاریكراون. ده‌وڵه‌ته‌كانیش ئێستا له‌ جه‌نگه‌كانیاندا چه‌كدارى به‌كرێگیراو و خه‌ڵكى ناوچه‌كه‌ به‌كارده‌هێنن و زیاتر پشت ده‌به‌ستن به‌ جه‌نگى ئه‌لیكترۆنى و زه‌برى ئاسمانیى.

مه‌به‌ستمان له‌م قسانه‌ ئه‌وه‌نییه‌ كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگ له‌ كه‌نداودا ئیتر له‌ئارادا نه‌ماوه‌. به‌ڵكو مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بزانین و پێشبینى جه‌نگێكى نائاسایى بكه‌ین. به‌و مانایه‌ى كه‌ چه‌ند تیمێكى تایبه‌ت به‌ كه‌ره‌سته‌ى دیاریكراو زه‌بر له‌ چه‌ند ئامانجێكى دیاریكراو ده‌وه‌شێنن و شه‌ڕه‌كه‌ ناگاته‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى به‌رفراوان. ته‌نانه‌ت خودى ئێرانیش هه‌موو هێزه‌ چه‌كداره‌كانى ناخاته‌ ئه‌و جه‌نگه‌وه‌، به‌ڵكو چه‌ند هێزێكى تایبه‌تى سوپاى پاسداران یان نوێنه‌ره‌كانى له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌كارده‌هێنێت.

من پێموایه‌ جه‌نگى عێراق دوایین جه‌نگى راسته‌وخۆى نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان ده‌بێت. یه‌كێكیش له‌ هۆكاره‌كان خه‌رجیى و تێچوونه‌ زۆره‌كه‌ى ئه‌و جۆره‌ جه‌نگه‌یه‌. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌شه‌ كه‌ میلله‌تان ئێستا ئه‌و جه‌نگانه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ته‌نیا ده‌سته‌بژێرێكى دیاریكراو سوودیان لێ ده‌بینێت. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش جه‌نگى كلاسیكى پاشهاتى زۆر گه‌وره‌ و فراوانى ده‌بێت كه‌ ناتوانرێت له‌ چوارچێوه‌یه‌كى دیاریكراودا قه‌تیس بكرێت. بۆیه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌دواى ئه‌ڵته‌رناتیڤێكدا ده‌گه‌ڕێن خه‌رجیى كه‌مترى بووێت و قوربانیى كه‌مترى لێ بكه‌وێته‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure