توركیا پاش جه‌نگه‌كه‌ى ئیسته‌نبوڵ

بۆچوون / بیروڕا :: 27/06/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ربى ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


جه‌نگى دووباره‌ هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانیى ئیسته‌نبوڵ دوو ئه‌نجامى لێكه‌وته‌وه‌: ده‌ركه‌وتنى سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسى لاو و شكستێكى گه‌وره‌ بۆ سه‌رۆك ئه‌ردۆگان پێش یه‌ڵدرمى پاڵێوراوى ئه‌و بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌.

ئه‌كره‌م ئیمام ئۆغڵو هه‌موو چه‌ند مانگێكه‌ خه‌ڵك ده‌یناسێت و ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ حیزبى داد و گه‌شه‌پێدان تووشى دۆڕانێكى ئاوا قورس ببێت له‌ ساڵى 2002ه‌وه‌ كه‌ ده‌سه‌ڵاتى گرتووه‌ته‌ ده‌ست، ئه‌ویش له‌ كوێ له‌ شارێكدا كه‌ به‌ شوێنى سه‌رهه‌ڵدانى سیاسی ئه‌ردۆگان داده‌نرێت. خودى ئه‌ردۆگان هه‌موو جارێك ده‌یگوت ئه‌وه‌ى ئیسته‌نبوڵ بباته‌وه‌ حوكمى توركیا ده‌كات.

له‌ڕاستیدا جه‌نگه‌ هه‌ڵبژاردنكارییه‌كه‌ى ئیسته‌نبوڵ ئاسۆیه‌كى فراوانى به‌ڕووى شه‌وقدانه‌وه‌ى ئه‌ستێره‌ى ئیمام ئوغڵودا كردووه‌ته‌وه‌. به‌لاى چاودێره‌كانه‌وه‌ ئه‌و ئێستا بووه‌ته‌ ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ ده‌توانێت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى داهاتوودا ببێته‌ ركابه‌رى ئه‌ردۆگان. هه‌ڵكشانى خێراى ئه‌ستێره‌ى ئیمام ئۆغڵو به‌م شێوه‌یه‌ى كه‌ بینیمان چه‌ندین پرسیار ده‌هێنێته‌ ئاراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ توانا و كاریگه‌رییه‌كانى ئه‌م پیاوه‌ كه‌ له‌ زۆر خاڵدا هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆگاندا. بۆ نموونه‌ هه‌ردوكیان ره‌گ و ریشه‌یان له‌ شارى ته‌رابزونه‌، هه‌ردوكیان حه‌زیان له‌ یارى تۆپى پێیه‌ و هه‌ردوكیان له‌ ئیسته‌نبوڵه‌وه‌ وه‌كو سه‌رۆكى شاره‌وانى رێبازى ژیانى سیاسییان دروست كردووه‌.

گرنگترین خه‌سڵه‌ته‌كانى ئیمام ئۆغڵو هێمنییه‌ و سووربوونه‌ له‌سه‌ر وتارى گشتگیر و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ ئایدۆلۆجیا و جه‌مسه‌رگیریى. ئه‌م پیاوه‌ كه‌ ئه‌ندامى حیزبێكى چه‌پى عه‌لمانییه‌ (حیزبى كۆمارى)، كه‌سێكى موحافیزكاره‌، ئه‌ركه‌ ئاینییه‌كانى به‌جێ ده‌هێنێت. له‌ سایه‌ى ئه‌مه‌وه‌ توانى رێژه‌یه‌كى زۆر له‌ چین و توێژه‌ ئیسلامیى و موحافیزكاره‌كان به‌لاى خۆیدا رابكێشێت، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌ڕه‌كى ئه‌لفاتیحیشدا كه‌ به‌وه‌ ناسراوه‌ هه‌وادار و لایه‌نگرى ئه‌ردۆگانن.

هه‌روه‌ها ئیمام ئۆغڵو كه‌ له‌سه‌ر ئایدۆلۆجیاى كه‌مال ئه‌تاتورك حیسابه‌، زۆر ئاسایى بوو له‌لاى كه‌ پاش سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ سوپاسى كورد بكات و به‌تایبه‌ت سوپاسى سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش بكات كه‌ سه‌ركرده‌ى پێشووى هه‌ده‌په‌ بووه‌ و ئێستا له‌ زینداندایه‌. بۆ یه‌كه‌مجار سه‌ركرده‌یه‌كى سیاسى تورك وێنه‌ى سه‌ركرده‌یه‌كى كوردى به‌رز كرده‌وه‌ و ستایشى كرد پاش ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌میرتاش به‌ ئاشكرا داواى كرد ده‌نگ به‌ ئیمام ئۆغڵو بدرێت، ئه‌مه‌ پاش بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و قسه‌و باسانه‌ى كه‌ گوایه‌ عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لانى سه‌رۆكى پارتى كرێكارانى كوردستان داواى له‌ كورد كردبوو له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا بێ لایه‌ن بن. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ هه‌ڵوێستى ئیمام ئۆغڵودا خاڵێكى گرنگه‌. چونكه‌ ئایدۆلۆجیاى ئه‌تاتورك له‌ مێژووى دوورودرێژى كۆمارى توركیادا نكوڵى كردووه‌ له‌ ناسنامه‌ى كورد و دوریخستووه‌ته‌وه‌ له‌ دیمه‌نه‌ توركییه‌ گشتییه‌كه‌.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش جێى سه‌رنج بوو كه‌ ئیمام ئۆغڵو داواى هاوكارى كرد له‌ ئه‌ردۆگان و ئاماده‌یى ده‌ربڕى هاوئاهه‌نگ بێت له‌گه‌ڵیدا له‌پێناو نه‌خشه‌رێگایه‌كدا بۆ پێشخستنى ئیسته‌نبوڵ و خه‌ڵكه‌كه‌ى. له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مین و ره‌فتاره‌ سیاسییه‌ ئیمام ئۆغڵو توانى خۆى وه‌ك كه‌سێك نیشان بدات له‌ ده‌ره‌وه‌ى چینه‌ سیاسییه‌ ته‌قلیدییه‌كه‌، كورد و توركى كۆكرده‌وه‌ و خۆى به‌دوور گرت له‌ جه‌مسه‌رگیریى و دابه‌شبوونى ئایدۆلۆجى. له‌به‌رامبه‌ردا وێنه‌كه‌ى به‌ره‌ى سه‌رۆك ئه‌ردۆگان جیاوازه‌. بن عه‌لى یه‌ڵدرمى به‌هێز كه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانه‌وه‌ و پێشتریش له‌ سه‌رۆكایه‌تى وه‌زیرانه‌وه‌ بووه‌ پاڵێوراوى ئه‌ردۆگان بۆ پۆستى سه‌رۆكایه‌تى شاره‌وانى ئیسته‌نبوڵ به‌ كابرایه‌كى دۆڕاند كه‌ تا چه‌ند مانگێك له‌مه‌وپێش هیچ تۆمارێكى سیاسى نه‌بووه‌. پارتى داد و گه‌شه‌پێدانیش كه‌ ئه‌ردۆگان رابه‌رایه‌تى ده‌كات وه‌ك كۆمه‌ڵه‌ حیزب و ته‌كه‌تولێك هاته‌ به‌رچاو، له‌ولاوه‌ ته‌كه‌تولى دامه‌زرێنه‌ران و سه‌ركرده‌ گه‌وره‌كانى وه‌ك عه‌بدوڵڵا گویل و ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو و عه‌لى باباجان كه‌ به‌ ئاشكرا دژى سیاسه‌ته‌كانى ئه‌ردۆگان بون. له‌ولاشه‌وه‌ ته‌كه‌تولى بزنسمانه‌ گه‌وره‌كانى ناو حیزب كه‌ گرنگترین مه‌سه‌له‌ به‌لایانه‌وه‌ به‌ده‌ستهێنانى پڕۆژه‌ و قازانجه‌. له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌ردۆگان ده‌بینین كه‌ خۆى به‌ ته‌نیا ته‌كه‌تولێكه‌ ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین حیزبه‌كه‌ هه‌ر خۆیه‌تى.

ئێستا پارتى داد و گه‌شه‌پێدان له‌نێوان ئه‌م كوتلانه‌دا ناسه‌قامگیره‌ و ئه‌و ئه‌ركه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌ى پێ ئه‌نجام نادرێت كه‌ له‌كاتى دامه‌زراندنیدا رایگه‌یاند. ئه‌ركه‌كه‌ش بریتییه‌ له‌ پێشكه‌شكردنى نموونه‌یه‌ك كه‌ ئیسلام و دیموكراسى و ئابوورى تێیدا پێكه‌وه‌ هه‌ڵبكه‌ن. ئه‌م دۆخه‌ تازه‌یه‌ى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند ته‌حه‌دایه‌كى گرنگدا، له‌وانه‌ گیروگرفتى ئابوورى و هه‌ره‌سهێنانى ئاستى ژیانى هاووڵاتى توركیا و ناكۆكى نێوان ئه‌مریكا و توركیا له‌سه‌ر گرێبه‌ستى موشه‌كى 400-S و هه‌ڕه‌شه‌كانى واشنتن به‌ سه‌پاندنى كۆمه‌ڵێك سزا له‌سه‌ر توركیا ئه‌گه‌ر ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ له‌گه‌ڵ روسیادا بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌نجام.

پاش ته‌واوبوونى هه‌ڵبژاردنه‌ شاره‌وانییه‌كه‌ى ئیسته‌نبوڵ، ئێستا توركیا له‌به‌رده‌م قۆناغێكى تازه‌ى داینامیكى سیاسه‌تى ناوخۆیه‌ له‌سه‌ر شێوازى ده‌رفه‌تێكى راسته‌قینه‌ بۆ به‌هێزكردنى دیموكراسى و كۆتاییهێنان به‌ جه‌مسه‌رگیریى سیاسى و ئایدۆلۆجى و كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌دیهێنانى ئاشتبوونه‌وه‌ى تورك و كورد. ئه‌مه‌ش هه‌مووى په‌یوه‌سته‌ به‌ چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنى ئه‌ردۆگان له‌گه‌ڵ ئیمام ئۆغڵودا له‌ قۆناغى داهاتوو.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure