توركیا له‌ عێراقدا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لمه‌یدان 
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان: دواڕۆژ


زۆر ده‌مێكه‌ توركیا له‌ ڕوانگه‌یه‌كى سێ ڕه‌هه‌ندیه‌وه‌ سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى خۆى به‌رامبه‌ر عێراق داڕشتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ مه‌سه‌له‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ و بریتین له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان و ئاو و ووزه‌. له‌ مێژووى زۆر نزیكدا و له‌ سه‌رده‌مى جه‌نگى عێراق _ ئێراندا ئه‌م سێ دۆسیه‌یه‌ بۆشاییه‌كى گه‌وره‌تریان له‌ په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و به‌غدادا دروست كرد و ئه‌و جه‌نگه‌ پانتاییه‌كى به‌رچاوى دابینكرد بۆ هاریكاریكردنى یه‌كترى. به‌ كۆتاى هاتنى ئه‌و جه‌نگه‌ و داگیركردنى كوه‌یت له‌ لایه‌ن عێراقه‌وه‌ له‌ هاوینى ساڵى 1990 گرژى و كێشه‌ و ڕكابه‌رى له‌ نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌دا وورده‌ وورده‌ سه‌ریان هه‌ڵدا به‌هۆی ئاسایشى سنور و ئاسایشى ئاو و ئاسایشى ووزه‌وه‌.

ڕووداوه‌كانى دواتر به‌ تایبه‌ت ساڵانى ئابڵوقه‌ى نێوده‌وڵه‌تى سه‌ر عێراق زیانى زۆریان به‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان ئه‌و دوو وڵاته‌ دراوسێیه‌ گه‌یاند و ده‌گوترێت له‌ ساڵى 1988 ه‌وه‌ هه‌تا ساڵى 2003 توركیا له‌و بواره‌دا 54 ملیار دۆلار زیانى پێگه‌یشتووه‌. هه‌ر له‌و قۆناغه‌دا كه‌ ناوچه‌ى دژى فڕین له‌ هه‌رێمى كوردستان دیاریكرا ئه‌نقه‌ره‌ زیاتر له‌ جاران به‌ هه‌ستیاری و نیگه‌رانیه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى كرد له‌گه‌ڵ دۆسیه‌ی كوردا. شه‌ڕى هه‌ره‌سهێنانى عێراق و سه‌رهه‌ڵدانى ده‌وڵه‌تێكى سه‌ربه‌خۆى كوردى نیگه‌رانیه‌كى گه‌وره‌یان خسته‌ دڵى ئه‌نقه‌ره‌وه‌ بۆیه‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا بوو به‌ جه‌ختركردنه‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ك پارچه‌یى عێراق و پاراستنى خاكه‌كه‌ى.

ساڵى 2003 كه‌ ئه‌مریكا عێراقى داگیركرد وه‌رچه‌رخانێكى گه‌وره‌ له‌ سیاسه‌تى ناوچه‌ى توركیادا به‌رجه‌سته‌ بوو چونكه‌ هه‌ر له‌و كاته‌دا بوو پارتى داد و گه‌شه‌پێدان ده‌سه‌ڵاتى له‌ توركیادا گرته‌ ده‌ست.

ئه‌م حیزبه‌ به‌رنامه‌كه‌ى ئه‌وه‌ بوو كه‌ به‌ ڕووى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا بكرێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كى ئه‌رێنى كارلێك له‌گه‌ڵ هاوسێكانیدا بكات له‌ ئاكامى ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا، كه‌ له‌وه‌دا ڕه‌نگى دایه‌وه‌ ئه‌نقه‌ره‌ ڕێگه‌ى به‌ ئه‌مریكا نه‌دا له‌ توركیاوه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر عێراق گرژى و ئاڵۆزى كه‌وته‌ نێوان واشنتن و ئه‌نقه‌ره‌وه‌ له‌ سه‌رێكى دیكه‌وه‌ ناوبانگى توركیا له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ جۆرێك ڕه‌نگى دایه‌وه‌ كه‌ وه‌ك هێزێكى تازه‌ سه‌رهه‌ڵداو ڕۆڵى ده‌بێت له‌ ناوچه‌كه‌دا له‌م قۆناغه‌دا ئاسایشی جیۆپۆله‌تیكى عێراق بوو به‌ گه‌روه‌ترین مه‌راقى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا.

له‌ ساڵانى دواتردا توركیا زۆر هه‌وڵیدا عێراق له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى سوننه‌ى عه‌ره‌بیدا ببێته‌ درێژكراوه‌یه‌كى ستراتیژى توركیا به‌ڵام سیاسه‌ته‌كانى ئێران و ئه‌مریكا ڕێگریان له‌وه‌ كرد و ده‌ست به‌كاربوونى نورى مالیكى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ئه‌و خه‌ونه‌ى توركیاى له‌ناوبرد ڕووداوه‌كانى به‌هارى عه‌ره‌بیش بوونه‌ هۆى دروستبوونى چه‌ند ته‌وه‌رێكى ڕكابه‌ر له‌ پشتگیریكردن و دژایه‌تى كردنى شۆڕش و ناڕه‌زایه‌تیه‌كاندا سه‌ره‌نجام ململانێیه‌كى ئاشكرا له‌ نێوان ئێران و توركیادا سه‌ری هه‌ڵدا.

سیاسه‌تى مالیكى  توركیا و هه‌رێمى كوردستانى له‌ یه‌كتر نزیك كرده‌وه‌، هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا په‌یوه‌ندى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بى سوننه‌دا گه‌یشته‌ ئاستێكى به‌رزتر. هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ى جگه‌ له‌ توركیا هیچ ده‌روازه‌یه‌كى دیكه‌ى نیه‌ بۆ جیهانى ده‌ره‌وه‌ زۆر به‌ ڕووى ئه‌نقه‌ره‌دا كرایه‌وه‌ هه‌م بۆ خۆپاراستن له‌ گوشاره‌كانى به‌غدا و هه‌م بۆ هاوشه‌نگكردنى ده‌سه‌ڵاتى ئێران. له‌ ئاكامدا هه‌ژموونى توركیا له‌ڕووى سیاسى و ئابوورى و ئه‌منیه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌ ته‌واوى هه‌ڵكشا به‌ جۆرێك كه‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان هه‌ولێر و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ ساڵى 2013 دا گه‌یشته‌ 12 ملیار دۆلار. و نزیكه‌ى 1500 كۆمپانیاى توركى له‌ هه‌رێمدا سه‌رگه‌رمى كار و چالاكى بوون، هاتنى داعش و ڕووداوه‌كانى دواتر كه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ى بریتى بوو له‌ داگیركردنى پارێزگاى نه‌ینه‌وا هه‌ژموونى توركیاى له‌ هه‌رێمى كوردستان و باكورى عێراقدا كه‌م كرده‌وه‌.

هاتنى عه‌بادیش نه‌یتوانى ئه‌و باره‌ خواره‌ى توركیا ڕاست بكاته‌وه‌ و هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منیه‌كانى سه‌ر توركیا له‌ لایه‌ن په‌كه‌كه‌ و داعش و چه‌كدارانى تره‌وه‌ زیادى كرد بۆیه‌ له‌ ساڵى 2016 دا په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌ردۆغان و عه‌بادى زۆر خراپ تێكچوو. خاڵى وه‌رچه‌رخان ساڵى 2017 به‌رجه‌سته‌ بوو كاتێك كه‌ سه‌رۆكى پێشووى هه‌رێمى كوردستان ڕیفراندۆمى ڕاگه‌یاند بۆ سه‌ربه‌خۆى هه‌رێم و جیابوونه‌وه‌ى له‌ عێراق، ئه‌مه‌ توركیاى خسته‌ بارێكى زۆر نه‌خوازراوه‌وه‌ چونكه‌ داخوازى ڕیفراندۆمه‌كه‌ به‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانیه‌كه‌وه‌ ڕاگه‌یندراوه‌ و ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌كانى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى توركیا ده‌خاته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ بۆیه‌ توركیا به‌ ناچارى له‌ به‌غدا و تاران نزیك بووه‌وه‌ و ئه‌و هاوكارییه‌ سێ قۆڵیه‌ یه‌كێك بوو لە هۆكاره‌ گرنگه‌كانى شكستهێنانى ڕیفراندۆمه‌كه‌ و سه‌ره‌نجام په‌یوه‌ندى ئه‌نقه‌ره‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا ڕووى له‌ به‌هێزى كرد و ته‌نانه‌ت دۆسیه‌ى ئاویش نه‌یتوانى تێكى بدات كاتێك كه‌ ئه‌نقه‌ره‌ بۆ پڕكردنه‌وه‌ى به‌نداوێكى گه‌وره‌ى خۆى ئاوى دیجله‌ و فوڕاتى گرته‌وه‌.

شان به‌ شانى ئه‌م ڕووداوانه‌ تێبینى ده‌كرێت ئه‌نقه‌ره‌ زیاتر له‌ جاران پشت به‌ توانا سه‌ربازیه‌كانى ده‌به‌ستێت له‌ ڕێى به‌هێزكردنى بنكه‌ سه‌ربازیه‌ سه‌ربه‌خۆكانى له‌ هه‌رێمى كوردستاندا دژى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ كه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاویه‌كانى هه‌رێمى كوردستاندا بنكه‌ و باره‌گایان هه‌یه‌. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌نقه‌ره‌ به‌شداریكرد له‌ هاوپه‌یمانیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كه‌دا دژى داعش و له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا چاوێكى هه‌ر له‌سه‌ر موسڵ بوو به‌و هیوایه‌ى بتوانێت بیخاته‌ ژێر هه‌ژموونى خۆیه‌وه‌. به‌پێى لێدوانى لێپرسراوه‌كانى توركیا، حوكمه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ خاوه‌نى 11 بنكه‌ى سه‌ربازییه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان و باكورى عێراقدا و پاساویش بۆ ئه‌مه‌ له‌ناوبردنى هه‌ڕه‌شه‌ى تیرۆره‌ پێش ئه‌وه‌ى بگاته‌ سنوره‌كانى توركیا، ئێستا حوكمه‌تى ئه‌نقه‌ره‌ له‌ هه‌وڵێكى گه‌وره‌دایه‌ بوونى سه‌ربازى خۆى له‌ ناوچه‌كه‌دا بكات به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى یاساى له‌ ڕێى ئیمزاكردنى چه‌ند ڕێككه‌وتنێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ حوكمه‌تى عێراقدا. دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق كه‌ به‌رهه‌م ساڵح تیایدا بوو به‌ سه‌رۆكى كۆمار و عادل عه‌بدولمه‌هدى بوو سه‌رۆك وه‌زیران به‌ قۆناغێكى نوێ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ په‌یوه‌ندى نێوان عێراق و توركیا چونكه‌ له‌ ماوه‌ى 5 مانگدا به‌رهه‌م ساڵح دووجار سه‌ردانى توركیاى كردووه‌ و عه‌بدولمه‌هدیش جارێك. وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى توركیاش هه‌ر له‌م ساڵدا سه‌ردانى به‌غدا و هه‌ولێرى كردووه‌ و بڕیار وایه‌ له‌ كۆتاى ئه‌مساڵدا سه‌رۆكى توركیا سه‌ردانى به‌غدا بكات.

سزا ئه‌مریكیه‌كانى سه‌ر ئێران ده‌رفه‌تێكى باشى بۆ ئه‌نقه‌ره‌ ڕه‌خساندووه‌ كه‌ له‌ بوارى ئابوورى و بازرگانیدا سوود له‌ عێراق وه‌ربگرێت و له‌ به‌رامبه‌ردا زیاتر نه‌وتى عێراق هاورده‌ بكات بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى نه‌وته‌ ئابڵوقه‌دراوه‌ ئێراینه‌كه‌، ئه‌گه‌ر ده‌روازه‌یه‌كى سنورى دیكه‌ له‌ نێوان توركیا و عێراقدا بكرێته‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى ناخۆشحاڵى هه‌رێمى كوردستان چونكه‌ زیانێكى ئابوورى گه‌وره‌ به‌ داهاتى هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌روازه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنورى هه‌رێم ده‌بێت. له‌ ڕووى ئه‌منیشه‌وه‌ عێراق به‌رده‌وام جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ڕازى نابێت له‌ خاكى عێراقه‌وه‌ ئاسایشى توركیا بخرێته‌ ژێر مه‌ترسیه‌وه‌ به‌ڵام ئایا به‌غدا به‌ كرده‌وه‌ ئه‌و توانایه‌ى هه‌یه‌؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیاره‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ هه‌ڵوێست و سیاسه‌تى لایه‌نه‌كانى دیكه‌ به‌ تایبه‌ت ئێران.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure