ئایا ترامپ كۆترى ئاشتییه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بى ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕان و كورتكردنه‌وه‌ى: دواڕۆژ

 
هاوپه‌یمانه‌كانى واشینتۆن كه‌ هه‌فته‌ى رابوردوو چاوه‌ڕوانبوون ترامپ سێ سه‌نته‌رى گرنگى ئێران بكات به‌ ئامانج له‌ تۆڵه‌ى خستنه‌ خواره‌وه‌ى فڕۆكه‌ سیخوڕه‌كه‌ى ئه‌مریكا له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌. تووشی نائومێدییه‌كى زۆر بوون كه‌ كتوپڕ ترامپ له‌و بڕیاره‌ى پاشگه‌ز بووه‌وه‌ و ویستى به‌رگێكى مرۆڤدۆستانه‌ بكاته‌ به‌ر خۆى و ئه‌وه‌ بكات به‌ بیانووى لێنه‌دانى ئێران كه‌ دژى جه‌نگ و خوێن رشتنه‌.

به‌ڵام راستییه‌كه‌ شتێكى تره‌. ترامپ له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تییه‌كى تازه‌دایه‌ و باش ده‌زانێت كه‌ ده‌نگده‌رى ئه‌مریكا سه‌رۆكێكى شه‌ڕانى ناوێت به‌تایبه‌ت له‌ جه‌نگێكدا كه‌ هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى ئابووریى تێدا نییه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان. به‌تایبه‌ت كه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ بێ زیان نابێت و ئێران وڵاتێك نییه‌ ده‌سته‌وه‌ستان رابوه‌ستێت به‌رامبه‌ر زه‌بره‌ گورچكبڕه‌كانى واشینتۆن.

لێره‌وه‌ تێده‌گه‌ین كه‌ بۆچى ترامپ سه‌رۆك وه‌زیرانى یابانى هه‌ڵبژارد نامه‌یه‌كى كۆشكى سپى بگه‌یه‌نێته‌ تاران، نامه‌یه‌ك كه‌ ناڕاسته‌وخۆ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى بڵاوبووه‌وه‌. واشینتۆن ده‌یه‌وێت ئێران ته‌نیا ره‌فتارى خۆى بگۆڕێت. ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ بكات ئاماده‌یه‌ بێ قه‌ید و شه‌رت ده‌ست بكات به‌ دانوستاندن له‌گه‌ڵیدا.

یابان وڵاتێكه‌ ئێستا جیاوازترین و بێ هاوتاترین په‌یوه‌ندى توندوتۆڵى له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ جه‌نگى دووه‌مى جیهانیدا به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ بووه‌ ئامانجى بۆمبه‌ ئه‌تۆمییه‌كانى ئه‌مریكا. ترامپ ویستى له‌ رێى سه‌رۆك وه‌زیرانى یابانه‌وه‌ به‌ تاران بڵێت كه‌ واشینتۆن چۆن له‌ دوژمن و دۆست تێده‌گات. نه‌ دۆستى هه‌میشه‌یى هه‌یه‌ و نه‌ دوژمنى هه‌میشه‌یى. دۆڕاندنى جه‌نگیش ئه‌و مانایه‌ نابه‌خشێت كه‌ دوو لایه‌نه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كه‌ چیتر په‌یوه‌ندى پێكه‌وه‌ دروست نه‌كه‌نه‌وه‌.

هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا ترامپ به‌رده‌وام له‌ تویته‌كانیدا راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ ئاماده‌یى خۆى نیشان ده‌دات بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ تاراندا به‌ مه‌به‌ستى روونه‌دانى شه‌ڕێك كه‌ بۆ هیچ لایه‌كیان پێویست و خوازراو نییه‌.

شتێكى ئاساییه‌ پاش ده‌یان ساڵ دوژمنایه‌تى نێوانیان، تاران ئاماده‌ نه‌بێت چه‌ند دێڕێكى نووسراو بخوێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ سیاسه‌تى واشینتۆن و داخوازییه‌كانى تێبگات. وڵاتانى ناوچه‌كه‌ تێبگه‌ن كه‌ ئه‌مه‌یه‌ ئه‌مریكا و به‌لایه‌وه‌ ئاساییه‌ رێگه‌ بدات ئێران ببێته‌ یابانى ناوچه‌كه‌، به‌و مه‌رجه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ دروست نه‌كات بۆسه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌ راسته‌وخۆكانى خۆى.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure