دیموكراسى و خۆرهه‌ڵات

بۆچوون / بیروڕا :: 23/06/2019

زۆرجار پرسیارى ئه‌وه‌ له‌ خۆمان ده‌كه‌ین بۆچى دیموكراسى له‌م خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و جیهانى سێهه‌مه‌دا شكست ده‌خوات و خه‌ڵكه‌كه‌ى ناچار ده‌بن بڵێن سه‌د خۆزگه‌مان به‌ كفن دز؟

ئایا له‌به‌رئه‌وه‌یه‌ كه‌ دیموكراسى به‌رهه‌مێكى خۆرئاوایه‌ و پیشه‌سازییه‌كى به‌رزى كۆمه‌ڵگایه‌كى پێشكه‌وتووه‌ ناگونجێت له‌گه‌ڵ داب و نه‌ریت و ئایین و باوه‌ڕه‌ گشتییه‌كانى ئێمه‌ومانان؟ یاخود به‌ هه‌ڵه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و هه‌ڵگره‌كانى ئه‌و دروشمه‌ كه‌سانى ساخته‌چی و نادیموكراسیین؟

كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى سه‌ركه‌وتنى سیستمى دیموكراسى بریتین له‌ هه‌بوونى چینێكى سیاسیى و رۆشنبیرى شایسته‌ و تا سه‌ر ئێسقان باوه‌ڕدار به‌ سیستمى دیموكراسى. هه‌روه‌ها هه‌بوونى هێزێكى چه‌كدارى به‌هێزى وا كه‌ بتوانێت سیستمه‌كه‌ بپارێزێت و رووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ و ده‌ستدرێژییه‌ ده‌ره‌كییه‌كان ببێته‌وه‌. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ نابێت ناكۆكى و دوژمنایه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ناو پێكهێنه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵگادا بگاته‌ ئاستى دوژمنایه‌تى. هه‌روه‌ها پێویسته‌ سیستمێكى ئابوورى پته‌و هه‌بێت پێویستییه‌كانى ژیانێكى سه‌ربه‌رز بۆ هاووڵاتى دابین بكات.

له‌سه‌روو هه‌مووشیانه‌وه‌ پێویسته‌ هێزه‌ سیاسییه‌كان بڕوایان به‌ ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵات هه‌بێت له‌ رێگه‌ى سندوقه‌كانى ده‌نگدانه‌وه‌. وڵاته‌كه‌ پێویسته‌ ده‌وڵه‌مه‌ند بێت به‌ رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى چالاك و به‌هێز كه‌ رێژه‌یه‌كى زۆرى كۆمه‌ڵگه‌یان بۆ خۆیان راكێشابێت. حیزبه‌ سیاسییه‌كان پێویسته‌ دامه‌زراوه‌یى بن و راگه‌یاندن ئازاد بێت و ده‌زگاى دادوه‌رى سه‌ربه‌خۆ بێت و گه‌ره‌نتى ته‌واو له‌ئارادا بێت بۆ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ.

ئایا ئێمه‌ له‌ كوردستاندا چه‌ندێك له‌و مه‌رج و پێداویستى و كۆڵه‌كه‌ گرنگانه‌مان هه‌یه‌. ده‌توانین بڵێین هیچ. ده‌مێكه‌ گوتراوه‌ كه‌ دیموكراسى ته‌نیا هه‌ر بریتى نییه‌ له‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن. جا كه‌وایه‌ حیكمه‌ت چییه‌ ئێمه‌ و عێراق و ته‌واوى ناوچه‌كه‌ فێركراوین هه‌ر گۆرانى بۆ دیموكراسى بڵێین و خۆمان به‌ شایسته‌ى ئه‌و به‌هه‌شته‌ سیاسییه‌ بزانین؟

ئه‌گه‌ر راستگۆ بین له‌گه‌ڵ خۆماندا ده‌زانین هۆكاره‌كه‌ خۆرئاوایه‌ به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا كه‌ ره‌چه‌ته‌یه‌كى خراپى بۆ نووسیوین و ناوى لێ ناوه‌ سیستمى دیموكراسى. ئه‌و دیموكراسییه‌ى كه‌ له‌ هه‌رێم و عێراق و ته‌واوى ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ دیموكراسییه‌كه‌ ئه‌مریكا پێى خۆشه‌ و په‌سه‌ندى ده‌كات. چوارچێوه‌یه‌كه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر تێى بپه‌ڕێنین سزا ده‌درێین و ئارایشتێكه‌ كاربه‌ده‌سته‌كانى پێ جوان ده‌كات و تلیاكێكه‌ گه‌لانى ناوچه‌كه‌ى پێ ده‌خافڵێنێت. هه‌ر له‌ڕێى ئه‌و دیموكراسییه‌ سه‌قه‌ته‌وه‌یه‌ كه‌ كه‌سانى سه‌ر به‌ خۆیان ده‌گه‌یه‌ننه‌ كورسى ده‌سه‌ڵات و سامان و داهاتى وڵاته‌كه‌ به‌فیڕۆ ده‌به‌ن و رێ له‌ گه‌شه‌كردنى كۆمه‌ڵگا ده‌گرن. ئه‌گه‌ر وانییه‌ بۆچى ئه‌و خۆرئاوایه‌ى كه‌ پێ له‌سه‌ر دیموكراسى داده‌نێت له‌ عێراقدا چاوپۆشى ده‌كات له‌ دواكه‌وتوترین سیستمى حوكمڕانى له‌ وڵاتانى كه‌نداودا.

سه‌رنجدانێك له‌ چوارده‌ورى خۆمان و وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌كى سه‌رپێى خه‌ونه‌كانى دوێنێمان چه‌نده‌ تووشى بێ هیوایى و په‌شیمانیمان ده‌كات هێنده‌ش ئه‌و راستییه‌مان جوانتر و ئاشكراتر بۆ به‌رجه‌سته‌ ده‌كات كه‌ دیموكراسى ره‌چه‌ته‌یه‌ك نییه‌ ئه‌مریكا بینووسێت به‌ڵكو پڕۆسه‌یه‌كى ئاڵۆز و مێژووكرد و هه‌مه‌لایه‌نه‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاویدا پێویسته‌ ئابوورییه‌كه‌ت به‌هێز و سه‌ربه‌خۆ بێت و حیزبه‌ سیاسییه‌كانت حیزب بن نه‌ك ده‌سه‌ڵاتى ده‌سته‌و تاقمێك. مرۆڤ تیایدا هه‌ست بكات هاووڵاتییه‌ و یاسا له‌سه‌روو هه‌موو پێوه‌رێكه‌وه‌ بێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure