رێزگرتنى پێویسته‌

بۆچوون / بیروڕا :: 20/06/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
پاش مردنى محه‌مه‌د مورسى، گه‌لێك كاردانه‌وه‌ى جۆراوجۆرم بینى له‌ هۆكانى راگه‌یاندندا كه‌ به‌ هه‌ڵه‌ پێیان ده‌گوترێت تۆڕه‌كانى په‌یوه‌ندى كۆمه‌ڵایه‌تى. 

به‌شێكى زۆرى كاردانه‌وه‌كان ده‌ربڕینى دڵخۆشیى و تانه‌دان بوو له‌ ناوبراو، بڕێكى كه‌میشى دوعاى ره‌حمه‌ت و ده‌ربڕینى هه‌ستى خه‌مباریى بوو. ئه‌مه‌ واى لێ كردم به‌ هه‌موو بێلایه‌نییه‌كه‌وه‌ ئه‌م وتاره‌ بنووسم له‌ روانگه‌یه‌كى ڤۆڵتێرییه‌وه‌ كه‌ بۆ مردنى هه‌موو كه‌سێك به‌ راست و ره‌واى ده‌زانم:

بیروباوه‌ڕى من و په‌روه‌رده‌ و پرینسیپه‌ سیاسیى و كۆمه‌ڵایه‌تى و شه‌خسییه‌كانم، سه‌ربارى ئه‌زموونى زۆرم له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى راسته‌وخۆدا له‌گه‌ڵ دوژمنه‌ سیاسی و هزرى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانمدا له‌ هه‌موو چین و ئاڕاسته‌یه‌ك، فێریان كردوم كه‌ رێز له‌ مردنى هه‌موو كه‌سێك بگرم كه‌ له‌ پێناوى بیروباوه‌ڕه‌كه‌یدا ده‌مرێت. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌و باوه‌ڕ و ئایدۆلۆجیایه‌ش دوژمنى ئایدۆلۆجیا و باوه‌ڕى من بێت.

سه‌رۆك محه‌مه‌د مورسى كه‌ یه‌كێك بوو له‌ دوژمنه‌ هه‌ره‌ سه‌رسه‌خته‌كانم له‌ڕووى بیر و هزر و باوه‌ڕه‌وه‌، به‌ڵام من پێم وایه‌ سه‌ربارى هه‌موو هه‌ڵه‌ سیاسیى و هزرییه‌كانى ئێمه‌ پێویسته‌ زۆر رێز له‌و مردنه‌ گومانلێكراوه‌ى بگرین. لێره‌دا به‌ پێویستى ده‌زانم وته‌كه‌ى ڤۆڵتێر وه‌بیر بهێنمه‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت من له‌گه‌ڵ تۆدا هاوڕا نیم، به‌ڵام ئاماده‌م خوێنم ببه‌خشم بۆ ئه‌وه‌ى تۆ راى خۆت ده‌رببڕیت.

ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ نه‌زانین له‌ ماوه‌ى 100 ساڵى رابوردووى مێژووماندا هیچ جۆره‌ دیموكراسییه‌كى راسته‌قینه‌ و نیمچه‌ راسته‌قینه‌مان نه‌دیوه‌ له‌ هیچ هزر و له‌لایه‌ن هیچ سیاسى و حكومدارێكى عه‌ره‌به‌وه‌. به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ناپاكیى و هه‌ڵه‌ و چه‌واشه‌كردنى زۆرى مێژوومان بینیوه‌ و ئه‌وه‌مان لێ بینیون كه‌ نه‌ رێزى دیموكراسى ده‌گرن و نه‌ رێزى مرۆڤ.

ئه‌م مرۆڤه‌ مرد .. یان كوژرا له‌ پێناوى ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌یكات و ده‌ریده‌بڕێت .. له‌ رێبازى پرینسیپه‌ ئیخوانچییه‌كه‌یدا كه‌ له‌سه‌ره‌تاى سه‌ره‌تاكانى قۆناغى لاوێتیى خۆیه‌وه‌ په‌یڕه‌وى كردووه‌ ... محه‌مه‌د مورسى چالاكترین و زیره‌كترین و ترسناكترین ئیخوانچییه‌كان نه‌بوو، به‌ڵام براده‌ره‌كانى هه‌ڵیان بژارد له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێك كه‌ په‌یوه‌ندییان هه‌یه‌ به‌ هه‌ڵسوڕاوان و لێپرسراوانى ئه‌ڵقه‌ نهێنییه‌كانیان. پاڵاوتیان و كردیان به‌ سه‌رۆكى میسر له‌ ئاكامى هه‌ڵچوونێكى میللیدا دژى سه‌رۆك حوسنى موباره‌ك ... زۆرینه‌ى گه‌لى له‌گه‌ڵدا بوو، هاوكاتیش ئه‌فسه‌ره‌ پله‌ باڵا ده‌سه‌ڵاتداره‌كانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش پێى رازى بوون .. ئه‌مه‌ وه‌ك خۆ ئاماده‌كردنێك بوو به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى له‌ پاش ساڵێك لێى هه‌ڵبگه‌ڕێنه‌وه‌ و یه‌كێك له‌ خۆیان بكه‌ن به‌ سه‌رۆكى میسر، به‌بێ ئه‌وه‌ى مورسى هیچ گۆڕانكارییه‌كى كردبێت له‌ ده‌ستوورى ده‌وڵه‌تدا له‌ روانگه‌ى ئایین و مه‌زهه‌به‌وه‌ .. هه‌روه‌ها ده‌ستكارى په‌یوه‌ندییه‌كانیشى نه‌كرد كه‌ میسر له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا و ده‌وڵه‌تى ئیسرائیلدا ئیمزاى كردبوون .. هه‌روه‌ها تێڕوانین و مامه‌ڵه‌شى نه‌گۆڕى له‌گه‌ڵ هاووڵاتییه‌ قیبتییه‌كانى میسردا كه‌ به‌شێكى گرنگى گه‌لى میسرن. 

ئه‌مانه‌ له‌ یه‌كه‌م رۆژى سه‌ربه‌خۆبوونى میسر و سه‌رۆكایه‌تى عه‌بدولناسر و ئه‌نوه‌ر ساداته‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ دیوارى روخاو و ئاوده‌ستى هیچ كه‌نیسه‌یه‌كى مه‌سیحى قیبتى چاك بكه‌نه‌وه‌، به‌بێ فه‌رمانێكى كۆشكى سه‌رۆكایه‌تى. هیچ شتێك نه‌گۆڕا. نه‌ له‌ پێش مورسییه‌وه‌ و نه‌ له‌دواى مورسییه‌وه‌. هه‌ژارییه‌ ترسناكه‌كه‌ هێشتا باڵى كێشاوه‌ به‌سه‌ر به‌شێكى زۆرى گه‌لى میسردا. هه‌تا ئێستاش ساده‌ترین و ئاساییترین ئازادییه‌كانى مرۆڤ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك له‌ میسرى سه‌رده‌مى سیسیدا بوونیان نییه‌.

كه‌سانێكى زۆر هاتنه‌ سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌م وڵاته‌ى كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ژێر چه‌پۆكى گه‌نده‌ڵیى و كوێره‌وه‌ریى و نه‌زانى و بێ جووڵه‌ییه‌وه‌. ده‌یان و ده‌یان ساڵه‌ دۆخه‌كه‌ وایه‌. زۆرینه‌ى وڵاته‌ عه‌ره‌بیى و ئیسلامییه‌كان به‌وجۆره‌ن، به‌ڵام له‌ خۆمان ناپرسین بۆچى تائێستا گه‌لانى ئه‌م وڵاتانه‌ له‌ رێى شۆڕشه‌ بچوك و گه‌وره‌كانییانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ خۆیان رزگار بكه‌ن له‌ حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌كانیان و له‌ سیستم و یاسا و شه‌ریعه‌ته‌ كۆنه‌ به‌سه‌رچووه‌كانیان .. نه‌مانپرسیوه‌ بۆچى ده‌سته‌بژێره‌كانى ئه‌م وڵاتانه‌ یاخود پاشماوه‌كانیان ئاوا چۆكیان داداوه‌. نازانین بۆچى بۆرجوازییه‌ بنه‌ماڵه‌یى و سه‌رمایه‌دارییه‌ هه‌ڵئاوساوه‌كان توانیویانه‌ خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌موو حكومه‌ته‌ گه‌نده‌ڵه‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كاندا بگونجێنن. نازانین بۆچى مسقاڵه‌ زه‌ڕه‌یه‌ك یاسا و ده‌ستوور و بڕیاره‌كان نه‌گۆڕاون، به‌ڵكو هه‌روه‌كو ئه‌وانه‌ى سه‌ره‌تاى سه‌ربه‌خۆییبوون وان.

ئه‌ى بۆچى وڵاتانى دیكه‌ى جیهان گه‌شه‌یان كرد؟ ناپرسین بۆچى رۆژێك له‌ رۆژان هیچكام له‌م حكومه‌تانه‌ دیموكراسییه‌كى راسته‌قینه‌یان په‌یڕه‌و نه‌كرد به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ده‌هۆڵه‌ى كه‌ هه‌ندێك نووسه‌رى به‌كرێگیراو لێره‌و له‌وێ پڕوپاگه‌نده‌یان بۆ ده‌كه‌ن له‌پێناو پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دواى یه‌كه‌كاندا ... له‌به‌ر هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌ ناكۆكى سیاسى و مه‌بده‌ئى و كۆمه‌ڵایه‌تى و له‌گه‌ڵ ئه‌م تاقم و حكومه‌تانه‌دا نه‌گۆڕاوه‌ و ناگۆڕێت، به‌و هیوایه‌ى كه‌ رۆژێك له‌ رۆژان تۆسقاڵێك ئازادى و دیموكراسى ببینین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure