چاره‌نووسى راستیى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

زوربه‌مان بیستوومانه‌ یه‌كه‌مجار كه‌ رادیۆ و ئوتومۆبیل و ئامێره‌ تازه‌ داهێنراوه‌كانى تر تازه‌ گه‌یشتبوونه‌ وڵات باوباپیرانمان به‌ گومان و باوه‌ڕ نه‌كردنه‌وه‌ تێیان ده‌ڕوانین. هه‌ندێك جار به‌ سیحر و هه‌ندێك جار به‌ پیلانێكى كافره‌ چاوشینه‌كانیان زانیوه‌. ناهه‌قیشیان نه‌بووه‌ قبووڵكردنى وه‌رچه‌رخانێكى وا له‌ پێشكه‌وتن و ته‌كنه‌لۆجیادا ئاسان نییه‌. چۆن ده‌نگى كابرایه‌ك له‌ بنى دنیاوه‌ بگاته‌ كۆڵانێكى گه‌ڕه‌كى هۆمه‌رمه‌ندان. ئه‌و پارچه‌ ئاسنه‌ زله‌ى كه‌ نه‌ ئه‌سپى تیایه‌ و نه‌ ئێستر چۆن ده‌توانێت بڕوات و بار هه‌ڵبگرێت.

رۆژگار رۆیشت و ته‌واوى ئه‌م كه‌ره‌سته‌ و ئامێرانه‌ بوون به‌ به‌شێكى ئاسایى ژیان و هیچ نیشانه‌یه‌كى سه‌رسووڕمانیان له‌سه‌ر نه‌ما. به‌ڵام ئه‌وكاته‌ پێشكه‌وتنه‌كان له‌سه‌رخۆ و گۆڕانكارییه‌كان به‌ ریتمێكى نه‌رم رویان ده‌دا. زانست و ته‌كنه‌لۆجیا به‌و ئیقاعه‌ نه‌رمه‌ رۆڵێكى گه‌وره‌یان گێڕان له‌ دابه‌شكردنى كار و جیاكردنه‌وه‌ى پیشه‌كان له‌یه‌كترى. فڵان شۆفێره‌ و فیسار نووسه‌ره‌ و ئه‌حمه‌د مامۆستایه‌ و نه‌سرین خان به‌رگ درووه‌. 

به‌ڵام ئێستا شۆڕشى ته‌كنه‌لۆجیاى دیجیتاڵى كه‌ ئه‌م تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ى لێكه‌وته‌وه‌ جۆرێكى تره‌ و به‌شێوازێكى تر كۆمه‌ڵگا داده‌ڕێژێته‌وه‌ و جیاوازییه‌كى قووڵتر له‌نێوان نه‌وه‌كاندا دروست ده‌كات. ئه‌و باوكه‌ى كه‌ جاران نووسینى دارا و زاراى فێرى منداڵه‌ بچكۆله‌كه‌ى خۆى ده‌كرد ئێستا ئه‌بێت له‌و منداڵه‌ بپاڕێته‌وه‌ فڵانه‌ ئه‌پلیكه‌یشنى له‌ مۆبایله‌كه‌یدا بۆ دابه‌زێنێ و فیساره‌ وێنه‌ى بۆ بخاته‌ سه‌ر پڕۆفایله‌كه‌ى. مامۆستاى دوێنێ قوتابیه‌كى گێلى ئێستایه‌. نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌، تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌ سه‌ر پیشه‌ و سه‌ندیكا و حورمه‌تى هزر و بیركردنه‌وه‌كانیش. هه‌موو كه‌س ده‌توانێت ببێته‌ رۆژنامه‌نووس و سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵ و چاودێرى سیاسى و شاعیر و وێنه‌گر و راوێژكار و ته‌نانه‌ت پزیشك و ده‌رمانسازیش.

ئه‌مه‌ ده‌گاته‌ كوێ؟ ئه‌م هه‌ڵته‌كاندنه‌ى كۆمه‌ڵگا سوود به‌ كێ ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌م لافاوه‌ به‌هێزه‌ له‌كوێدا ده‌گیرسێته‌وه‌؟ كه‌سمان به‌دڵنیاییه‌وه‌ ناتوانین وه‌ڵامى وردى ئه‌و پرسیارانه‌ بده‌ینه‌وه‌ چونكه‌ ئاینده‌ى زانست رێگه‌یه‌ك نییه‌ ئه‌وسه‌رى دیاربێت و باوه‌ڕێك نییه‌ بتوانیت بڵێیت حه‌تمه‌ن به‌وشێوه‌یه‌ ده‌بێت. نه‌بوونى ئه‌م حه‌تمیه‌ته‌ زه‌برێكى كاریگه‌رى له‌ كۆڵه‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى فكر وه‌شاند. مه‌به‌ستمان فكرى لێكدانه‌وه‌ى مێژووه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ ماتریالیستییه‌كه‌ى و ده‌ڵێت حه‌تمیه‌تى مێژوو به‌جۆرێك ده‌بێت كه‌ سه‌رئه‌نجام یه‌كسانى دێته‌ ئاراوه‌. ده‌ركه‌وت ئه‌مه‌ وانییه‌ زانست و ته‌كنه‌لۆجیا له‌و ئه‌سپه‌ شێته‌ ده‌چن كه‌ ره‌نگه‌ خۆشی نه‌زانێت مل بۆ كوێوه‌ ده‌نێت. 

قوربانییه‌كه‌ى ئێستا و داهاتووش كۆمه‌ڵێك به‌ها و پرینسیپن كه‌ ساڵه‌هاى ساڵه‌ له‌سه‌ریان راهاتووین و پێیان په‌روه‌رده‌ ده‌كرێین. له‌وانه‌ راستى. ئێستا زۆر ئاساییه‌ هه‌مان هه‌واڵت به‌ ده‌یان شێواز و ناوه‌ڕۆكى جیاجیاوه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه‌ پێ بگات، تۆش زۆر به‌ ساده‌یى ده‌بیته‌ ئامانجى یه‌كێك له‌و شێوازانه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure