تیرۆر و جەنگ و ئاشتی

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینی: حەمید ئەلسەعیدی
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین
وەرگێڕانی: دواڕۆژ
من چڵكاوخۆری ئێران نیم.. زۆر رقیشم لەوەیە عێراقییەك رازی ببێت، ببێت بە كلك و چڵكاوخۆری ئێران بەڵام هەموو پەلامار و دوژمنكارییەك بۆسەر ئەم وڵاتە هاوسێیە رەد دەكەمەوە. 
ئێران وڵاتێكی خۆرهەڵاتییە توانیویەتی خۆی دروست بكات و بوونی خۆی بسەپێنێت وەك ژمارەیەكی گرنگ لە هاوكێشە جیهانییەكاندا و دوژمنایەتیكردنی ئەم وڵاتە دوژمنایەتیكردنی تێكڕای ئەو پرینسیپانەیە كە من پەسەندیان دەكەم. بڕیارنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و پەلاماردانی ئێران پێشێلكردنی تێكڕای پریسنیپەكانە.
كلكەكانی ئێران لە عێراقدا ئەوانەن كە ئامادەییان تێدایە ببنە كلكی ئەویش و لایەنی تریش و ئەگەر شەڕەكە بقەومێت یەكەم كەس ئەوان پشتی ئێران بەردەدەن، بەڵام ئەوانەی كە هاوپەیمانی ئێرانن دژی ئەو جەنگەی كە لە دوورەوە رووی تێكردووە ئازادیخوازەكانی عێراقن، ئەو ئازادیخوازانەی كە زوڵم و ناهەقییان پێ‌ناخۆشە دژی هەركەس و لایەنێك بێت.
ئێران لە ماوەی رابوردوودا سەلماندویەتی كە دەوڵەتێكە كاری دیبلۆماسی بە باشی جێبەجێ‌ دەكات و چاك دەزانێت چ هەڵوێست و بڕیارێك هەڵببژێرێت لەبەر ئەوە ئەقڵ نایبڕێت هێندە گەمژە بێت خۆی بگلێنێتە كردەوەی تەقاندنەوەی تەنكەرەكانی نەوت لە كەنداوی عومان یان هەر شوێنێكی دیكە چونكە خۆی یەكێكە لە دەوڵەتە گرنگەكانی ئۆپیك و ماقووڵ نییە كارێك بكات ببێتە مایەی تووڕەكردنی ئەو دەوڵەتانەی كە بەدوای بیانوویەكدا دەگەڕێن لێی بدەن.
ئەی عێراقییە خۆشەویستەكانم، ئەی برایانی عەرەب و موسوڵمان كاتێك كە ئەوانەی بیانەوێت زەبری سەربازی ئاڕاستەی ئێران بكەن ئەمریكا و ئیسرائیل بن مانای وایە هەركەسێك هاوكارییان بكات ناپاكە بەرامبەر بە نیشتمان و ئایین و خۆرهەڵاتیبوون و هەستی مرۆڤایەتی خۆی.
ئەم هەڕەشە و سێبەری شەڕە خوێناوییە زۆر دوورە لە دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤەوە.
ئێران دەوڵەت و پێكهاتەیەكی حیساب بۆكراوە. رەنگە دادپەروەر نەبێت بەرامبەر بە بەشێك لە هاووڵاتییەكانی خۆی چونكە شەڕەكە ئەگەر رووبدات بارودۆخەكە زۆر خراپتر دەبێت لەوەی ئێستا هەیە. ئەوەی كە لەودیو دەریاكانەوە دێت دادپەروەرتر و مرۆڤدۆستر نییە. مایەی شەرمەزارییە هەندێك لە لاف لێدەرانی ئیسلام و عروبە رەواج دروست دەكەن بۆ لێدانی دەوڵەتێكی موسوڵمانی دراوسێ‌ و پشتیوانی دەكەن لە هەموو هەوڵێكی سەربازی دژی ئێران و ملیارەها دۆلار خەرج دەكەن لە پێناوی وێرانكردنیدا.
رەنگە بوونی ئێران لە عێراقدا زیانبەخش بێت بەڵام لێدانی ئێران زیاتر زیان بە عێراق دەگەیەنێت دەبا هەموومان دژی لێدانی ئێران بین و رازیش نەبین هیچ كەس و لایەنێك دەست بخاتە ئیش و كارمانەوە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure