جه‌نگى زانست له‌نێوان چین و ئه‌مریكادا

بۆچوون / بیروڕا :: 16/06/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لعه‌ره‌بى ئه‌لجه‌دید
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

له‌ مانگى حوزه‌یرانى ساڵى 2017دا تیمێك له‌ زانایانى چین له‌ ڕێى ته‌كنیكێكى پێشكه‌وتووه‌وه‌ توانییان نامه‌یه‌ك له‌نێوان بۆشایى ئاسمان و زه‌ویدا ئاڵوگۆڕ بكه‌ن كه‌ دوورى نێوانیان 1200 كیلۆمه‌تر بوو، به‌مه‌ش پێشى ئه‌مریكاى دایه‌وه‌ كه‌ توانیبووى پێشتر نامه‌یه‌كى هاوچه‌شن بنێرێت به‌ڵام مه‌وداكه‌ى ته‌نیا 100 كیلۆمه‌تر بوو.

ئه‌م ته‌كنیكه‌ ته‌كنیكێكى فیزیایى ئاڵۆزه‌ و به‌شێكه‌ له‌ فیزیاى كوانتۆم كه‌ له‌ دووره‌وه‌ كۆنترۆڵى گه‌ردیله‌ هه‌ره‌ ورده‌كان ده‌كات و ئه‌مه‌ بوارێكى نوێیه‌ كه‌ پێشتر مرۆڤ ده‌ستى بۆ نه‌بردووه‌. بۆیه‌ ناتوانین بڵێین جه‌نگى ئه‌مڕۆى نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و چین جه‌نگێكى بازرگانییه‌ به‌ڵكو راستتر وایه‌ بڵێین جه‌نگه‌ له‌ بوارى زانسته‌كاندا و براوه‌ى ئه‌و جه‌نگه‌ باڵاده‌ست ده‌بێت له‌ بواره‌ سه‌ربازى و سیاسى و ئابوورییه‌كان. رێك وه‌ك كاریگه‌رى شۆڕشى پیشه‌سازى له‌سه‌ر جیهان كه‌ سێ سه‌ده‌ له‌مه‌وبه‌ر ئه‌وروپاى كرده‌ هێزێكى باڵاده‌ست له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و جیهانى گۆڕى.

قسه‌وباسى گه‌رمى ئه‌مڕۆ بریتییه‌ له‌ به‌ئامانجگرتنى كۆمپانیاى هواوى چین له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌، ئه‌و كۆمپانیایه‌ى كه‌ پێشه‌نگه‌ له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆجیادا و توانیویه‌تى ته‌كنه‌لۆجیاى نه‌وه‌ى پێنجه‌مى گه‌یاندنه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و سه‌ربكه‌وێت به‌سه‌ر كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كاندا له‌ڕووى ئامێر و پیشه‌سازیه‌كانییه‌وه‌. ئه‌مه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى بازرگانییه‌ بۆسه‌ر ئه‌مریكا و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ دۆناڵد ترامپ به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ده‌زانێت بۆسه‌ر ئاسایشى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. به‌ڵام راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌سه‌له‌ى هواوى ته‌نیا ئه‌و به‌شه‌ دیاره‌ى شاخه‌ سه‌هۆڵه‌كه‌یه‌ و به‌شێكى زۆرى راستییه‌كان بۆ ئێمه‌ ئاشكرا نین. به‌تایبه‌ت كه‌ گه‌شه‌كردنى پیشه‌سازییه‌كانى چین له‌ڕووى كوالیتییه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ پیشه‌سازییه‌كانى ته‌كنه‌لۆجیا و هۆكاره‌كانى گواستنه‌وه‌ زۆر له‌وه‌ زیاترن كه‌ ئێمه‌ بینیومانن و به‌دڵنیاییه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان لێیان ئاگاداره‌. بۆ نموونه‌ سه‌ره‌تاى ئه‌مساڵ چین توانى ئامێرێكى تایبه‌ت له‌سه‌ر دیوه‌ تاریكه‌كه‌ى مانگ بنیشێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ مرۆڤ بتوانێت ئه‌نجامى وا به‌ده‌ست بهێنێت و به‌ خاڵى وه‌رچه‌رخان ده‌زانرێت له‌ دۆزینه‌وه‌كانى بۆشایى ئاسماندا. جگه‌ له‌مه‌ په‌كین نیازى وایه‌ ساڵى داهاتو ئامێرێكى تایبه‌ت هه‌ڵبدات كه‌ به‌ده‌ورى مه‌ریخدا بسووڕێته‌وه‌ و دواتر له‌سه‌رى بنیشێته‌وه‌. چین واى داناوه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2045دا بۆڕى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و روسیا و ئه‌وروپا بداته‌وه‌ له‌ بوارى بۆشایى ئاسماندا.

له‌مه‌وه‌ بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ جه‌نگى نێوان واشنتن و په‌كین سنووره‌كانى ته‌كنه‌لۆجیاى زانراو و ته‌كنیكه‌ داهێنراوه‌كان و كۆمپانیا بازرگانییه‌كان و باجى سه‌ر كاڵاكانى تێپه‌ڕاندووه‌. ئه‌مه‌ پێشبڕكێیه‌كه‌ به‌ره‌و ئاینده‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌یه‌وێت كۆسپ و ته‌گه‌ره‌ له‌به‌رده‌م په‌كیندا دابنێت و په‌كین ده‌یه‌وێت هه‌موو كارته‌كانى خۆى له‌گه‌ڵ جیهاندا بخاته‌ گه‌مه‌كه‌وه‌ به‌تایبه‌ت روسیا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و له‌گه‌ڵیاندا هه‌موو ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ى كه‌ له‌ په‌كین نزیكبوونه‌ته‌وه‌ تا بتوانێت درێژه‌ بدات به‌ رێنه‌سانسى زانستییه‌كه‌ى كه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێته‌ مایه‌ى دابینكردنى رێنه‌سانسى سیاسى و ئه‌منى و بازرگانى.

راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بێجگه‌ له‌ سه‌ركردایه‌تییه‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى هه‌ردوو وڵات، كه‌سى تر پاڵنه‌ره‌ شاردراوه‌كه‌ى ئه‌م جه‌نگه‌ نازانێت و هیچ كه‌س هه‌موو شاخه‌ سه‌هۆڵه‌كه‌ى نه‌بینیوه‌.

خاڵه‌ نائومێدكه‌ره‌كه‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌م ساته‌وه‌خته‌ مێژووییه‌دا چه‌ندین نه‌ته‌وه‌ ده‌بینین ئاگایان له‌و پێشكه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانه‌ نییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ى مێژوو ده‌ژین.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure