ململانێكانى ئێستا

بۆچوون / بیروڕا :: 15/06/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابیع
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

شتێكى تازه‌مان نه‌وتووه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین ململانێكانى نێوان ئه‌مریكا و چین و روسیا و ململانێكانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و ده‌وروبه‌رى ده‌ریاى ناوه‌ڕاست هه‌موویان له‌پێناوى پاراستنى سه‌رمایه‌گوزارییه‌كانن له‌ ره‌هه‌نده‌ جۆراوجۆره‌كانى ده‌سه‌ڵاتدا.

ململانێى نێوان ئه‌مریكا و چین به‌ته‌نیا هه‌ر ناكۆكییه‌كى بازرگانیى و دارایى نییه‌ به‌ڵكو ململانێیه‌ له‌سه‌ر زانست و ته‌كنه‌لۆجیا. له‌م بواره‌دا چین زه‌برێكى كاریگه‌ر و چاوه‌ڕواننه‌كراوى له‌ ئه‌مریكا وه‌شاندووه‌ كه‌ زۆر له‌خۆباییانه‌ پێى وابوو پێشه‌نگى زانست و ته‌كنه‌لۆجیاى سه‌رده‌مى هاوچه‌رخه‌.

ململانێى ئێستا له‌سه‌ر ته‌كنه‌لۆجیاى گه‌یاندن به‌تایبه‌ت نه‌وه‌ى پێنجه‌مى ئه‌و ته‌كنه‌لۆجیایه‌ ئه‌وه‌ بۆ چین دابین ده‌كات كه‌ له‌ ئێستا و داهاتوودا جڵه‌وى مه‌سه‌له‌كه‌ى به‌ده‌سته‌وه‌ بێت چونكه‌ هه‌ركه‌سێك زووتر بگاته‌ زانست و زانیارى ئه‌وه‌ ده‌بێته‌ خاوه‌نى هێز و ده‌سه‌ڵات.

هه‌موو هه‌وڵه‌كانى ئه‌مریكا بۆ ترساندنى دێوه‌ چینییه‌كه‌ ناتوانن رێ له‌ سه‌ركه‌وتنى بگرن. واته‌ نه‌ ئابڵوقه‌ و نه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانى گوگڵ و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان هیچیان كاریگه‌رییان نابێت به‌ڵكو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ په‌كین وا لێ ده‌كه‌ن سوورتر و لێبڕاوتر بێت.

چین له‌ خۆڕایى نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ به‌رزه‌ى ته‌كنه‌لۆجیا و له‌خۆڕاییش نییه‌ كه‌ واشینتۆن ده‌ڵێت سه‌رمایه‌گوزارییه‌ ته‌كنه‌لۆجییه‌كانى چین هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌مریكا.

ژماره‌ى فڕۆكه‌ بێفڕكه‌وانه‌كانى چین له‌ نمایشێكدا ئه‌و راستییه‌ى سه‌لماند كه‌ په‌كیین رابه‌رى یه‌كه‌می سوپایه‌كى ئه‌لیكترۆنییه‌ له‌ جیهاندا و ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنى سه‌ربازی په‌كین له‌ جه‌نگه‌كانى ئاینده‌دا مسۆگه‌ر ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى ره‌هاى له‌ بوارى ته‌كنه‌لۆجیاى نه‌وه‌ى پێنجه‌مدا كه‌ ده‌یكاته‌ خاوه‌نى بڕیار له‌ بازاڕى زیره‌كیی ده‌ستكرد-دا. له‌لایه‌كى تره‌وه‌ سه‌ركه‌وتنى كۆمپانیاى كاسپه‌رسكاى روسى به‌سه‌ر ترسناكترین و وردترین دامه‌زراوه‌ ئه‌مریكاییه‌كان به‌لاى هه‌موو پسپۆڕێكه‌وه‌ زه‌برێكى كوشنده‌ بوو له‌ واشینتۆن.

ململانێكانیش له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا كێبڕكێیه‌ له‌سه‌ر رێڕه‌وه‌كانى بازرگانی و هه‌روه‌ها كێڵگه‌یه‌كه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ى كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازییه‌ تازه‌كان و گه‌رمكردنه‌وه‌ى گیرفانى بازرگانانى جه‌نگه‌ چونكه‌ هه‌موو شێوازێكى جه‌نگه‌كانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ بۆ هه‌ژموونى جوگرافیى و سه‌پاندنى ده‌سه‌ڵات نییه‌ به‌ڵكو بۆ پاراستنى ئه‌و سه‌رمایه‌گوزارییانه‌یه‌ كه‌ پێشتر كردویانن و ده‌بنه‌ زامنى كۆنترۆڵكردنى جیهان له‌ڕێى ئامڕازه‌ نه‌رمه‌كانه‌وه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure