شه‌ڕى ته‌كنه‌لۆجیا

بۆچوون / بیروڕا :: 13/06/2019

تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ژینگه‌یه‌كى به‌پیتن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ و ره‌واج پێدانى پڕوپاگه‌نده‌كان. 

له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌موو كه‌سێك نووسه‌ره‌ و هه‌رچییه‌ك بوێت ده‌ینووسێت و جه‌زى له‌ هه‌ر بابه‌تێك بێت بڵاوى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌یگوێزێته‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچ پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌ و وردبوونه‌وه‌یه‌كى له‌سه‌ر بكرێت یان بزانرێت ئاخۆ ئه‌و هه‌واڵ و بابه‌ته‌ راسته‌ یان درۆ و چ مه‌ترسییه‌كى هه‌یه‌ بۆسه‌ر خه‌ڵكى دیكه‌.

مه‌سه‌له‌كه‌ ئێستا زۆر ئاسان بووه‌. ده‌توانیت له‌ ماوه‌ى چه‌ند چركه‌یه‌كدا پۆستێك بگوێزیته‌وه‌ یان وێنه‌یه‌كى كۆن له‌ خه‌ڵكى بكه‌یت به‌ تازه‌ و گوێ نه‌ده‌یته‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كانى ئه‌و كاره‌ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر خودى خۆیشت. مه‌سه‌له‌كه‌ت له‌لا كارێكى ساده‌ و ساكاره‌ به‌ڵام كاتێك به‌ خۆت ده‌زانیت كه‌وتویته‌ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌وه‌.

ئه‌كاونت و په‌یج و ماڵپه‌ڕه‌ درۆكان له‌سه‌ر تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ ژماره‌ نایه‌ن و هه‌مووشیان پڕوپاگه‌نده‌ دروست ده‌كه‌ن و بڵاویان ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ پشتبه‌ستن به‌ فه‌زا ئه‌لیكترۆنییه‌ فراوانه‌كه‌، ئه‌و فه‌زایه‌ى كه‌ هیچ سنوورێكى جوگرافى ناناسێت. مه‌به‌ستیش لێیان به‌هه‌ڵه‌دابردنى وه‌رگره‌ و روشاندنى ناو و ناوبانگى ئامانجه‌كه‌ و لایه‌نه‌ دژه‌كه‌ و ده‌ستكه‌وته‌ به‌دیهاتووه‌كه‌یه‌.

به‌شێوه‌یه‌كى گشتى ئه‌م میتۆده‌ له‌خۆڕا نایه‌ت و ده‌ستێكى دیاریكراوى له‌پشته‌وه‌یه‌ و به‌داخه‌وه‌ توانیویه‌تى تا ئه‌ندازه‌یه‌كى زۆر مه‌به‌ست و ئامانجه‌كه‌ى به‌ده‌ست بهێنێت. له‌ وڵاتانى دنیادا، ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ره‌ دیموكراسییه‌كانیشدا لایه‌نه‌ به‌رپرسه‌كان زۆر پیشه‌ییانه‌ رووبه‌ڕووى درۆ و پڕوپاگه‌نده‌ و هه‌واڵه‌ دروستكراوه‌كان ده‌وه‌ستنه‌وه‌ و سزاى یاسایشیان بۆ داناون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ راى گشتیى دژى ده‌وه‌ستێته‌وه‌ و به‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى ده‌زانێت بۆسه‌ر ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى.

به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا هیچ رێگرێك له‌به‌رده‌م ئه‌و چه‌كه‌ ترسناكه‌دا له‌ ئارادا نییه‌ و ئه‌گه‌ر شتێكیش هه‌بێت زۆر سه‌ره‌تایى و ناڕوون و بێ كاریگه‌رییه‌.

كه‌واته‌ سه‌نگه‌رى گه‌وره‌ و دیوارى به‌هێزى یه‌كه‌م بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى پڕوپاگه‌نده‌ و دیعایه‌كان پێویسته‌ خودى خۆمان بین. پێویسته‌ وه‌ڵامى درۆ و پڕوپاگه‌نده‌ و بابه‌ته‌ هه‌ڵبه‌ستراوه‌كان ببینه‌وه‌ یان لانى كه‌م به‌شدار نه‌بین له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ و تێپه‌ڕاندنیاندا. 

پێویسته‌ به‌ ئه‌قڵ و لۆجیك مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌ بڵاوكراوه‌كاندا بكه‌ین و به‌ وریاییه‌وه‌ لێیان بڕوانین، چونكه‌ زۆر كه‌س و لایه‌ن و ده‌زگا و ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانیش له‌ بۆسه‌دان بۆمان و ژه‌هرمان بۆ ده‌كه‌نه‌ ناو هه‌نگوینه‌وه‌.

ئه‌وانه‌ به‌تایبه‌تى لاوان ده‌كه‌نه‌ ئامانج و له‌ رێگه‌ى جه‌نگى پڕوپاگه‌نده‌وه‌ شیرازه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ تێكده‌ده‌ن. شه‌ڕى ته‌كنه‌لۆجیا له‌ شه‌ڕى چه‌ك كاریگه‌رتره‌ بۆ وێرانكردن و هه‌ڵته‌كاندنى ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى و به‌لاڕێدابردنى گه‌نجانى وڵات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure