پشووى خوێندن له‌نێوان چالاكى قوتابیان و به‌رپرسیارێتى كه‌سوكاردا

بۆچوون / بیروڕا :: 12/06/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

پاش كۆتاییهاتنى هه‌موو ساڵێكى خوێندن ماوه‌یه‌كى درێژ پشوو ده‌درێت به‌ قوتابیان كه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى هه‌ستیاره‌ بۆ خێزانه‌ عێراقییه‌كان، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌موو لایه‌ك به‌شێوه‌یه‌كى گونجاو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پشووه‌كه‌دا نه‌كه‌ن كاریگه‌ریى خراپى لێده‌كه‌وێته‌وه‌. 

دایكان و باوكان ئه‌ركى ئه‌وه‌یان ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ هاوسه‌نگیى راست بدۆزنه‌وه‌ له‌نێوان دابینكردنى چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و كاتبه‌سه‌ربردن له‌لایه‌ك و به‌شداریكردنى خوڵقێنه‌ر له‌ كاروبه‌رى به‌سوودیتردا له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌. دیاره‌ ئه‌ركى خێزانه‌ كه‌ له‌ پشووى هاویندا منداڵه‌كانیان له‌ڕووى جه‌سته‌یى و ئه‌قڵییه‌وه‌ به‌شدار بكه‌ن له‌ چالاكى جۆراوجۆردا بۆ له‌كیسنه‌دانى ئه‌و كاته‌ زۆره‌ و راهێنانى منداڵه‌كان له‌سه‌ر پشوودرێژى بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئامانجه‌كان له‌ ساته‌وه‌ختێكدا كه‌ كه‌مته‌رخه‌میى بووه‌ته‌ دیارده‌یه‌كى ترسناك له‌ دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كاندا.

ئه‌گه‌ر پشووى هاوین به‌شێوه‌یه‌كى باش سوودى لێ وه‌ربگیرێت ئه‌وا له‌ ساڵى خوێندنى داهاتوودا خوێندكاران له‌بارێكى جه‌سته‌یى باشتردا ده‌بن چونكه‌ جموجۆڵ هه‌م سوود به‌ جه‌سته‌یان ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌م تواناى بیركردنه‌وه‌ و بڕیاردانیشیان به‌هێزتر ده‌كات. هه‌روه‌ها زۆر گرنگه‌ كه‌ بزانین ئه‌گه‌ر منداڵ له‌سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نیدا چالاك بێت ئه‌وا له‌ قۆناغه‌كانى دیكه‌ى ژیانیدا ره‌نگده‌داته‌وه‌. بۆیه‌ به‌فیڕۆدانى ئه‌وكاته‌ گرنگه‌ له‌ بوارى بێسوود و خراپدا هه‌م زیان به‌ كه‌سه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و هه‌م به‌ خێزان و كۆمه‌ڵگه‌ش.

پشووى هاوین به‌ڕاستى پشووه‌، واته‌ كاتێكى به‌نرخه‌ كه‌ پێویسته‌ مرۆڤ به‌ باشى سوودى لێ وه‌ربگرێت. ده‌بێت له‌ خشته‌یه‌كى دیاریكراودا رۆژه‌كانى پشوو دابه‌ش بكات و بزانێت هه‌ر رۆژه‌ى چ كارێك ئه‌نجام بدات. به‌جۆرێك كه‌ تێكڕاى ئه‌و كارانه‌ به‌سوود بن بۆ خۆى و خێزانه‌كه‌ى و كۆمه‌ڵگه‌كه‌ى و دیاره‌ هه‌ركه‌سه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى تواناى خۆیدا و به‌پێى حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانى.

له‌ بوارى وه‌رزشدا ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌و قوتابیانه‌ ده‌رفه‌تى پشووى هاوین بقۆزنه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى وه‌رزش و ده‌توانن بڕۆنه‌ یانه‌ وه‌رزشییه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ و سوود له‌ ده‌رفه‌ته‌كان وه‌ربگرن. بۆ بوارى رۆشنبیریش به‌هه‌مان شت ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ حه‌زى له‌ خوێندنه‌وه‌ و خۆڕۆشنبیر كردنه‌ ده‌توانێت سوود له‌ كتێبخانه‌ گشتییه‌كان و ناوه‌نده‌ رۆشنبیرییه‌كان وه‌ربگرێت.

هه‌ڵه‌ى باو كه‌ هه‌ندێك له‌ خوێندكاران ده‌یكه‌ن كوشتنى ماوه‌ى پشووى هاوینه‌ به‌ خه‌وتنه‌وه‌. خه‌وتن و ته‌مه‌ڵى رێزنه‌گرتنه‌ له‌ ژیان و كات و خودى خۆت. كه‌واته‌ پێویسته‌ كات به‌فیڕۆ نه‌درێت و سوودى لێ وه‌ربگیرێت بۆ زیادكردنى زانیارییه‌كان و به‌شداریكردن له‌ هه‌ندێك ئه‌رك و چالاكی جۆراوجۆردا یان گه‌شت و گه‌ڕان و شاره‌زایى په‌یداكردن ده‌رباره‌ى شوێنى تازه‌ یاخود به‌ده‌ستهێنانى شاره‌زایى له‌ پیشه‌یه‌كى دیاریكراودا. سه‌ربارى ئه‌مانه‌ش پشووى هاوین ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌ى خێزان و به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.

پێویسته‌ ئه‌و راستییه‌ بزانین ئه‌گه‌ر منداڵ بایه‌خ نه‌درێت به‌ حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانى ئه‌وا له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌ویش خێزانه‌كه‌ى فه‌رامۆش ده‌كات و هیچ بایه‌خێكیان پێ نادات كه‌ پێی وایه‌ پشووى هاوین ماوه‌یه‌كى باش و گونجاوه‌ بۆ تێركردنى ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووانه‌. دیاره‌ بایه‌خدان به‌ خۆراك له‌ پشووى هاویندا خاڵێكه‌ نابێت فه‌رامۆش بكرێت چونكه‌ گرنگترین سه‌رچاوه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌كردنى قوتابى له‌ڕووى جه‌سته‌یى و ئه‌قڵییه‌وه‌. 

پشووى هاوین ماوه‌یه‌ك نییه‌ بۆ گوشار خستنه‌سه‌ر قوتابیى و ئه‌نجامدانى كارى زۆره‌ملێ پێیان چونكه‌ پاش چه‌ندین مانگ خوێندن قوتابى پێویستى به‌ ماوه‌یه‌ك حه‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌ خۆیانى تێدا رێكبخه‌نه‌وه‌ و به‌و زانیارییانه‌دا بچنه‌وه‌ كه‌ فێرى بوون.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure