گرژى و ئاڵۆزییه‌كانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ هه‌ڵكشاندان

بۆچوون / بیروڕا :: 01/06/2019

نووسینی: ده‌نیس روس
سه‌رچاوه‌: ئه‌لشه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت
وه‌رگێڕانی: دواڕۆژ

له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى و كه‌نداو به‌تایبه‌تى گرژى و ئاڵۆزییه‌كان له‌ هه‌ڵكشاندان. شتێكى چاوه‌ڕواننه‌كراویش نییه‌ كه‌ بڕیاره‌كه‌ى ترامپ سه‌باره‌ت به‌ رێگریكردن له‌ كڕینى نه‌وتى ئێران كاریگه‌رییه‌كى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئابوورى ئێران. پێشبینى ده‌كرێت هه‌نارده‌ى نه‌وتى ئێران داببه‌زێت بۆ 500 هه‌زار به‌رمیل له‌ رۆژێكدا، به‌مه‌ش حكومه‌تى ئێران سه‌رچاوه‌یه‌كى گه‌وره‌ى داهاتى له‌كیس ده‌چێت.

چاوه‌ڕوان ده‌كرا ئێرانییه‌كان بۆ ئه‌مریكییه‌كانیان روونبكردایه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش ده‌توانن گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى و هاوڕێكانى له‌ ناوچه‌كه‌دا. دیاره‌ ئێران ده‌زانێت هێرشكردنى راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان جڵه‌و شلده‌كات بۆ كاردانه‌وه‌یه‌كى سه‌ربازیى به‌هێز، بۆیه‌ له‌برى ئه‌وه‌ فۆكه‌س ده‌خاته‌ سه‌ر كارى ناڕاسته‌وخۆ و له‌ڕێى هاوده‌سته‌كانى خۆى دژى هێز و به‌رژه‌وه‌ندى و هاوڕێكانى واشینتۆن.

پاش كۆتاییهاتنى مۆڵه‌ته‌كه‌، هه‌واڵگرى ئه‌مریكا به‌ ئاشكرا ئه‌م نه‌خشه‌یه‌ى هه‌ستپێكرد و له‌ئاكامدا هێزێكى سه‌ربازى گه‌وره‌ى ئه‌مریكى ره‌وانه‌ى كه‌نداو كرد.

هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند كه‌شتییه‌كى نه‌وتهه‌ڵگر رووبه‌ڕووى كارى تێكده‌رانه‌ بوونه‌وه‌ و فڕۆكه‌ بێفڕۆكه‌وانه‌كانى حوسییه‌كانیش دوو ئێزگه‌ى نه‌وتى سعودییان بۆردومان كرد. هه‌روه‌ها باڵیۆزخانه‌ى ئه‌مریكاش له‌ به‌غدا كرایه‌ ئامانج و موشه‌كێك له‌ ناوچه‌ى سه‌وزى به‌غداد ته‌قییه‌وه‌ له‌ شوێنێكدا كه‌ ته‌نیا 300 مه‌تر له‌ باڵیۆزخانه‌كه‌وه‌ دوور بوو.

هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ زیادكردنى نرخى نه‌وت و بیمه‌ بوو. هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش بوو كه‌ حیساباته‌كه‌ له‌ ترامپ تێكبدات. هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا و رابه‌رى ئێران دووپاتیده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ هیچیان جه‌نگیان ناوێت، به‌ڵام گرژى و ئاڵۆزى له‌ ناوچه‌كه‌دا ئارام نه‌بووه‌ته‌وه‌. ئێران له‌و بڕوایه‌دایه‌ كه‌ مادام ده‌توانێت خۆى و هاوده‌سته‌كانى هێرش ئه‌نجام بده‌ن و به‌سه‌ریان ساغ نه‌بێته‌وه‌، ئه‌وا واشنتۆن كاردانه‌وه‌ نانوێنێت.

نه‌بوونى په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆ مه‌سه‌له‌یه‌كى باش نییه‌ چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆى ئاگادارنه‌بوون له‌ یه‌كترى و خراپ له‌یه‌كترى تێگه‌یشتن. ئێران له‌ حاڵه‌تێكدایه‌ كه‌ پێى وایه‌ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا شكست و ته‌سلیمبوونه‌.

رووداوه‌كانى رابوردوو سه‌لماندویانه‌ كه‌ تاران ئه‌گه‌ر گوشارى بخرێته‌ سه‌ر یاخود ترسى لێ بنیشێت ئاماده‌ى گفتوگۆ ده‌بێت له‌گه‌ڵ واشنتۆندا. گومانى تێدا نییه‌ ئێران پێى باشتره‌ خۆى رابگرێت تا ماوه‌ى ترامپ كۆتایى دێت، پاشان بچێت بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتى ئه‌وروپا و پێیان بڵێت ئێوه‌ قه‌رزارى منن، به‌ڵام هه‌ره‌سهێنانى ئابوورى ئێران حكومه‌تى تارانى ناچار كردووه‌ بۆ رێگایه‌ك بگه‌ڕێت ئه‌و گوشاره‌ ده‌ره‌كییه‌ى واشنتۆنى پێ سنووردار بكات. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گفتوگۆیه‌كى ناڕاسته‌وخۆش بێت له‌ رێگه‌ى روسه‌كانه‌وه‌.

ئێرانییه‌كان ده‌یانه‌وێت پێش ده‌ستپێكردنى ئه‌و گفتوگۆیانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ناوچه‌كه‌دا زیاتر بكه‌ن. ئه‌ویش نه‌ك ته‌نیا له‌ڕێى به‌رده‌وامبوونى تێكدانى ژێرخانى نه‌وتى وڵاتانى تر به‌ڵكو له‌ رێگه‌ى پێشێلكردنى نه‌خشه‌ى كارى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌شه‌وه‌.

ئه‌وروپییه‌كان زۆر پێویستیان به‌وه‌یه‌ كه‌ ئێران پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌كه‌ بێت و تاران مۆڵه‌تى داونه‌تێ تاوه‌كو 7ى ته‌مموزى مانگى داهاتوو كارێك بكه‌ن، ئه‌گینا چیتر پابه‌ندى رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ نابێت. رێى تێناچێت مه‌ترسییه‌ ئه‌وروپییه‌كان گوشار بخه‌نه‌ سه‌ر دۆناڵد ترامپ به‌ڵام به‌رده‌وام دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئاماده‌یه‌ بۆ گفتوگۆ و زیاتریش ئاماده‌ ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان ده‌ست بكه‌ن به‌ به‌رهه‌مهێنانى یۆرانیۆمى پیتێنراو به‌هه‌ر ئاستێك بێت.

ئێستا باشترین كاته‌ كۆشكى سپى و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ كه‌نداو گفتوگۆ بكه‌ن له‌باره‌ى سیاسه‌ته‌كانیانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئێران. پرسیاره‌كان زۆرن كه‌ وڵاتانى كه‌نداو له‌ ئه‌مریكاى بكه‌ن سه‌باره‌ت به‌وه‌ى واشنتۆن ئامانجى چییه‌ و ئه‌گه‌رى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چه‌نده‌ و تا چه‌ند به‌ كرده‌وه‌ پشتیوانى ده‌كات له‌ هاوپه‌یمانه‌كانى و ئه‌ویش چاوه‌ڕێى چییه‌ له‌ وڵاتانى كه‌نداو، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ئێرانییه‌كان ره‌زامه‌ندییان ده‌ربڕى بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ترامپدا بارودۆخه‌كه‌ چى لێ دێت.

بارودۆخى ئێستا لێوان لێوه‌ له‌ گومان، بۆیه‌ زۆر پێویسته‌ هاوپه‌یمانه‌كان گفتوگۆ بكه‌ن له‌ناو خۆیاندا، یان لانى كه‌م بزانن خاڵه‌ هاوبه‌ش و خاڵه‌ جیاكه‌ره‌وه‌كان چین. ئێستا كاتى گفتوگۆیه‌ و به‌رگه‌ى غافڵگیریى ناگرن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure