كێ سوودمه‌نده‌ له‌ لێدانى ته‌پڵى جه‌نگ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 29/05/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن
وه‌رگێڕان: دواڕۆژ


هه‌ڵوێستى فه‌رمیى زوربه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ كه‌ قه‌یرانه‌كه‌ى نێوان ئه‌مریكا و ئێران هێور بكه‌نه‌وه‌ و مه‌سه‌له‌كان به‌ره‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ نه‌برێن، به‌ڵام زوربه‌ى ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ ره‌هه‌ندى سیاسى و میدیاییانه‌ى هه‌یه‌ و هیچى تر.

ئه‌گه‌ر به‌خێرایى بیر بكه‌ینه‌وه‌ و نه‌چینه‌ قووڵایى مه‌سه‌له‌كانه‌وه‌ ده‌ڵێین لایه‌نه‌ سوودمه‌نده‌كانى جه‌نگى ئه‌مریكا دژى ئێران ناسراون و بریتین له‌ ئیسرائیل و وڵاتانى دیكه‌ى وه‌ك سعودیه‌ و ئیمارات و به‌حره‌ین. ئه‌م وڵاتانه‌ نه‌ك هه‌ر ته‌پڵى جه‌نگ لێده‌ده‌ن و به‌س به‌ڵكو هه‌وڵده‌ده‌ن و ئه‌مریكا هانده‌ده‌ن له‌ڕووى مادیى و سیاسیه‌وه‌ له‌ ئێران بدات. 

ته‌نانه‌ت ئاماده‌یشن هێزه‌كانیان به‌شداریى پێبكه‌ن له‌م جه‌نگ و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌دا، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا چه‌ندین لایه‌نى دیكه‌ هه‌ن كه‌ به‌وردیى چاودێریى ره‌وتى رووداوه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت دۆخه‌كان قۆناغى لێدانى ته‌پڵى جه‌نگ تێپه‌ڕێنن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى راسته‌وخۆى سه‌ربازیى له‌ نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئێران-دا رووبدات بێ گوێدانه‌ ئه‌نجام و پاشهاته‌كانى یاخود براوه‌ و دۆڕاوى ئه‌م ناكۆكییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ كێ ده‌بێت، به‌ڵكو گرنگترین مه‌سه‌له‌ لایان به‌ده‌ستهێنانى ده‌ستكه‌وت و قازانجكردنه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا، چونكه‌ هه‌موان ده‌زانن كه‌ ئه‌و جه‌نگه‌ ئه‌گه‌ر رووبدات هه‌ردوولا تێیدا دۆڕاو و زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن و ته‌واوى ناوچه‌كه‌ ده‌چێته‌ ناو بارودۆخێكى نوێوه‌. ئه‌و لایه‌نانه‌ بریتین له‌ روسیا و توركیا و چین له‌لایه‌كه‌وه‌ و یه‌كێتى ئه‌ورپا له‌لایه‌كى تره‌وه‌. هه‌ردوولایش به‌رژه‌وه‌ندیى دیاریكراوى خۆیان هه‌یه‌ له‌ هه‌ڵگیرسانى جه‌نگ و چاره‌سه‌رنه‌كردنى به‌ ئاشتى، بۆیه‌ ده‌بینین ئه‌وانه‌ى له‌ڕیزى سعودیه‌ و ئیمارات و ته‌نانه‌ت ئیسرائیل-یشدان پشتیوانى له‌ هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌ى له‌ڕیزى ئێران-دان پشتیوانى ده‌كه‌ن له‌ چاره‌سه‌رى ئاشتیانه‌ و ئاڵۆزترنه‌بوونى بارودۆخه‌كان چونكه‌ له‌ پاشهات و كاره‌ساته‌كانى جه‌نگ ده‌ترسن.

لایه‌نگرانى شه‌ڕ به‌جۆرێك كه‌ ته‌ڕ و وشكى پێكه‌وه‌ تێدا بسووتێت و هه‌ردوو لا تووشى زیانى گه‌وره‌ و ترسناك ببن، پێیانخۆشه‌ دۆڕانى هه‌ردوو لا ببینن، به‌تایبه‌تى دۆڕانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان كه‌ روسیا به‌ دوورى نازانێت چونكه‌ له‌ شه‌ڕه‌كانى رابوردوودا ئه‌زموونى له‌و جۆره‌ى هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ شه‌ڕى ڤێتنام. ئێرانیش دوژمنێكه‌ گاڵته‌ى پێناكرێت.

لایه‌نێكى تر ره‌نگه‌ بڵێت ئه‌گه‌ر شه‌ر بقه‌ومێت ئه‌وا نرخى نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئه‌مانیش ده‌كه‌ونه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و بگره‌ له‌وه‌یش تێده‌په‌ڕێت. به‌ڵام ئه‌م وڵاتانه‌ كێشه‌ى قووڵ و ترسناكیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا هه‌یه‌ و له‌ سه‌رده‌مى دۆناڵد تره‌مپ-ه‌وه‌ كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ و گوشار و سزاى به‌رده‌وامى ئابورى له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ به‌مه‌به‌ستى چۆكپێدان و ملكه‌چكردنیان بۆ ئاره‌زووه‌كانى كۆشكى سپى، بۆیه‌ له‌ناخه‌وه‌ پێیانخۆشه‌ ئه‌مریكا بدۆڕێت یان تووشى هه‌ره‌سێكى وا ببێت كه‌ كاربه‌ده‌ستانى ئه‌مریكا بخاته‌ دۆخێكى دژواره‌وه‌.

ئه‌مریكا ته‌واوى مه‌ترسییه‌كانى ئه‌م سه‌ركێشیه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌زانێت، هه‌روه‌ها ده‌یشزانێت كه‌ چه‌ند لایه‌نێك هه‌ن پێیانخۆشه‌ ئه‌مریكا جه‌نگه‌كه‌ بدۆڕێنێت یان هیچ نه‌بێت نه‌توانێت مه‌به‌ست و ئامانجه‌كانى بپێكێت، بۆیه‌ واشنتۆن سووره‌ له‌سه‌ر دانوستان و وتوێژى راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ تاران-دا، چونكه‌ جه‌نگه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ئێراندا زۆرى له‌سه‌ر ده‌كه‌وێت و ره‌نگه‌ ئه‌و پێگه‌ جیهانیه‌یشى له‌كیس بچێت كه‌ ئێستا هه‌یه‌تى، به‌تایبه‌ت كه‌ ناحه‌ز و ركابه‌رى وه‌ك چین و روسیاى هه‌یه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure