كۆمۆنیستى باش

بۆچوون / بیروڕا :: 27/05/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
بیرمه‌ندى گه‌وره‌ى عێراقى (هادى ئه‌لعه‌له‌وى) له‌ پێشه‌كى كتێبه‌كه‌یدا (چه‌ند ته‌وه‌رێكى سۆفیگه‌رییه‌تى) ده‌ڵێت مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ى كۆمۆنیستێكى باش بێت پێویسته‌ دڵێكى كۆمۆنیستیشى هه‌بێت نه‌ك ته‌نیا فكرێكى كۆمۆنیستانه‌.

من ئێستا زۆر هاوڕام له‌گه‌ڵ ئه‌م قسه‌یه‌دا له‌كاتێكدا كه‌ بیروبۆچوونى بنه‌ڕه‌تى خۆم ده‌رده‌بڕم ده‌رباره‌ى كۆمۆنیزم له‌ كۆتایى ده‌یه‌ى دووهه‌مى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كدا و هه‌ر ئه‌مه‌شم بینیوه‌و هه‌ستپێكردووه‌ له‌ناو ئه‌و گروپه‌ كۆمۆنیسته‌دا كه‌ پێیانوایه‌ چینى كرێكارى ره‌نجده‌ر له‌ كێڵگه‌و كارگه‌كاندا و له‌ په‌راوێزیشیدا خه‌ڵكێكى زۆرى نه‌دار و په‌راوێزخراو و لانه‌واز كه‌ دابینكردنى نانى رۆژانه‌ ماندووى كردون پێویستیان پێیه‌تى. ئه‌مانه‌ و خه‌ڵكانى دیكه‌ش پێویستیان به‌ سۆز و میهره‌بانى و به‌زه‌یى مرۆیى هه‌یه‌ شانبه‌شانى مافى به‌رگری له‌خۆكردن به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتى سامان و تابووتى هێز، پاش ئه‌وه‌ى زیاد له‌ پێویست چه‌وساندنه‌وه‌و زه‌لیلكردنیان بینى.

ئه‌مانه‌ پێویستیان به‌ كۆمه‌ڵه‌ كۆمۆنیستێك هه‌یه‌ له‌ قووماشى خۆیان كه‌ ئازا و خاوه‌ن وره‌ بن و به‌بێ هیچ منه‌تێك له‌ ناڕه‌حه‌تى و مه‌ینه‌تییه‌كاندا له‌گه‌ڵیاندا بن. ده‌بێت هیوا و بڕوا بخوڵقێنرێت كه‌ ئه‌م كۆمه‌ڵه‌ خه‌ڵكه‌ جارێكى تر خۆى ده‌دۆزێته‌وه‌، ئه‌ویش نه‌ك ته‌نیا له‌ڕێى كوێره‌وه‌رییه‌كانیه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ رێگه‌ى ئاره‌زووى ده‌رهێنانى و رزگاركردنى له‌ هه‌ژارى و كوێره‌وه‌ریى و بكرێته‌ خاوه‌ندارى ئه‌وه‌ى كه‌ شایسته‌یه‌تى، ئه‌مه‌ش ته‌نیا به‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ سه‌رله‌نوێ سامانى كۆمه‌ڵایه‌تى دابه‌ش بكرێته‌وه‌.

ئایا كێشه‌ى دابه‌شكردنه‌وه‌ى سامانى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ مرۆڤ به‌ درێژایى مێژوو ناڵاندوویه‌تى به‌ده‌ستییه‌وه‌، ته‌نیا له‌پشت ورده‌كارییه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى سامانه‌وه‌یه‌ كه‌ كارڵ ماركس له‌ كتێبى سه‌رمایه‌دا روونیكردووه‌ته‌وه‌؟ ئایا كێشه‌ى چینى كرێكارى جیهانیى له‌وه‌دایه‌ كه‌ هێزى كارى رۆژانه‌ى ده‌دزرێت به‌وشێوه‌ى كه‌ ئه‌نجه‌لس باسى ده‌كات و ده‌ڵێت: ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى ئه‌و كاره‌ى كه‌ كرێكه‌ى نه‌دراوه‌ به‌ردى بناغه‌ى سیستمى به‌رهه‌مهێنانى سه‌رمایه‌دارییه‌ و كۆڵه‌كه‌ى چه‌وساندنه‌وه‌ى كرێكاره‌ و كه‌سى سه‌رمایه‌دار ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كرێى كارى رۆژانه‌ى كرێكاریش به‌ته‌واوه‌تى بدات به‌وپێیه‌ى كه‌ كاڵایه‌كى بازاڕه‌، هێشتا هه‌ر قازانجێتى و نرخێكى زیاترى لێ ده‌ستده‌كه‌وێت و له‌ دواشیكاریدا زێده‌بایى ده‌بێته‌ بناغه‌ى كه‌ڵه‌كه‌بوونى به‌رده‌وامى قازانج و سه‌رمایه‌یه‌كى گه‌وره‌ بۆ چینى خاوه‌ندار ده‌ڕه‌خسێنێت.

ئه‌مانه‌ هه‌موویان راستن به‌ڵام ماركس و ئه‌نجه‌لس باسى سه‌رمایه‌دارى سه‌ده‌ى نۆزده‌هه‌م ده‌كه‌ن. ئێمه‌ ئه‌گه‌ر حه‌وت پێشه‌كییه‌كه‌ى مانیفێستى كۆمۆنیزم بخوێنینه‌وه‌ بۆمان ده‌رئه‌كه‌وێت كه‌ به‌رنامه‌كانى كارى حیزبه‌ كۆمۆنیسته‌كان له‌گه‌ڵ زه‌مان و بارو سه‌رده‌مدا گۆڕانیان به‌سه‌ردا هاتووه‌ و له‌م رووه‌وه‌ وته‌یه‌كى به‌ناوبانگ هه‌یه‌ ده‌ڵێت مادام كشتوكاڵ و پیشه‌سازیى له‌ژێر رابه‌رایه‌تى ئامێردا به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چن، كه‌واته‌ پێویسته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌دا بڕۆین و له‌به‌رنامه‌ى كار و سروشتى حیزبه‌كاندا ره‌نگبداته‌وه‌، كه‌چى له‌ واقیعدا ده‌بینین به‌رنامه‌ى حیزبه‌ كۆمۆنیسته‌كان هه‌ر له‌ قاڵبه‌ كۆنه‌كه‌ى جاراندان و رێك پێچه‌وانه‌ى ساده‌ترین چه‌مكه‌كانى فه‌لسه‌فه‌ى ماركسن.

له‌م رووه‌وه‌ هه‌زاران كتێب و ده‌یان هه‌زار لێكۆڵینه‌وه‌ و توێژینه‌وه‌ نووسراون له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤار و ماڵپه‌ڕه‌كاندا. به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ى چى بوو؟ بیروبۆچوونه‌كان ئاڵۆز و تێكپرژاو، به‌ره‌ى چه‌پ پێگه‌كانى خۆى له‌ گۆڕه‌پانه‌كانى خه‌باتى جیهانیدا له‌ده‌ست ده‌دات و حیزبه‌كان له‌توپه‌ت بوون و به‌حاڵ نوزه‌ى ژیانیان تێدا ماوه‌. ئه‌مه‌ بۆچى؟ هه‌ڵه‌كه‌ له‌كوێدایه‌؟ كێ به‌رپرسیاره‌؟ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ى خاوه‌نى هزرى كۆمۆنیستى به‌رپرسیارى هه‌موو ئه‌وانه‌ین. به‌رپرسیارى كاره‌ساته‌كانین كه‌ به‌سه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌ جوانه‌دا هاتوون، چونكه‌ ئێمه‌ به‌ڵێنمان به‌ خه‌ڵكى دابوو به‌هه‌شتیان بۆ دروست بكه‌ین، كه‌چى دۆزه‌خێكمان پێشكه‌ش كردن له‌ نه‌دارى و زه‌لیلى له‌و وڵاته‌ سۆشیالیستانه‌دا كه‌ سه‌ركرده‌كانیان شكستیان هێنا له‌وه‌ى جومگه‌ ئابوورییه‌كانى وڵاته‌كانیان بخه‌نه‌ كار و جه‌ماوه‌ریان له‌ جۆره‌ كۆیلایه‌تییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى قێزه‌وندا زیندانى كرد و له‌ ئه‌نجامدا ئه‌زموونه‌ سۆشیالیستییه‌كه‌ هه‌ره‌سێكى گه‌وره‌ى هێنا.

ده‌توانین به‌ متمانه‌یه‌كى گه‌وره‌وه‌ بڵێین كۆمۆنیستى باش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌بێ هیچ لایه‌نبازیى و بڕیارێكى پێشوه‌خته‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانیدا خه‌بات ده‌كات و به‌رده‌وام ئاماده‌یه‌ بیركردنه‌وه‌ى تازه‌ فێر ببێت. چونكه‌ ئایدۆلۆجیا خراپترین موڵكى كۆمۆنیسته‌كانه‌ و هه‌ر ئایدۆلۆجیایه‌ رێگاى له‌ ئازادى راده‌ربڕین گرتووه‌. كۆمۆنیستى باش ده‌بێت كارێك بكات كه‌ ئایدۆلۆجیا دوربخرێته‌وه‌ له‌ كارى رۆژانه‌ى مرۆڤى كۆمۆنیست، بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ په‌رده‌یه‌ك رێ له‌ بینینى راستییه‌كان بگرێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure