هیچ هۆكارێكی ناچاریی لەئارادا نییە ئەمریكا بچێتە شەڕەوە لەگەڵ ئێراندا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینی: ئارۆن داڤید میلەر و ریچارد سۆكۆلسكی
سەرچاوە: لۆسئەنجەلۆس تایمس
وەرگێڕانی: د.شێرکۆ عەبدوڵڵا

لە دوو هەفتەی رابوردوودا قسە و باسی زۆر كراوە سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەیەكی سەربازی لەنێوان ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێراندا. ئیدارەی ترامپ هێزی زیاتری رەوانە كردووە بۆ ناوچەكە و هەڕەشەكانیشی بەرزتر كردووەتەوە وەك كاردانەوەیەك بەرامبەر ئەو راپۆرتە هەواڵگیریانەی كە دەڵێن ئێران رەنگە خۆی ئامادە بكات بۆ هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان.

هەفتەی رابوردوو كۆشكی سپی چاوی خشاندەوە بە نەخشەكانی رەوانەكردنی نزیكەی 120 هەزار سەرباز بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵێكدا ئەگەر ئێران هێرش بكاتە سەر بەرژەوەندییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان. ئێستا گرەوە گەورەكە زیاتر لە بەرژەوەندی هەڵنەگیرسانی شەڕدایە، ئەو شەڕەی كە هیوادارین روونەدات.

خۆشبەختانە چەندین نیشانە هەن سەبارەت بەوەی كە سەرۆك ترامپ ناڕازییە لە هەڵوێستی وەزیری دەرەوە و راوێژكاریی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی كە زۆر لایەنگری رووبەڕووبوونەوەی سەربازیین لەگەڵ ئێراندا. دیارە لایەنگرانی جەنگیش لەگەڵ ئەوەدا نین كە جەنگێكی بێ‌ ئامانج و بێ‌ هوودە لەگەڵ ئێراندا بكەن. دوایین شتیش كە ترامپ دەیەوێت پێشێلكردنی بەڵێنەكانیەتی كە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا رایگەیاندن سەبارەت بە دوورخستنەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە شەڕێكی دیكەدا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

هۆكاری ناچاركەر بۆ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان پەنا ببات بۆ هێزی سەربازیی ئەوەیە كە ئێران هەڕەشەیەكی خێرا دروست بكات بۆسەر بەرژەوەندییە ژیانییەكانی ئەمریكا. بەڵام سەرەڕای چالاكییە زیانبەخشەكانی ئێران لە ناوچەكەدا بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمان و كڕیارەكانی، راستییە حاشاهەڵنەگرەكە ئەوەیە كە تاران هیچ هەڕەشەیەكی راستەقینەی دروست نەكردووە بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە سێ‌ ئاستی گرنگدا - تائێستا نەوت بە كەنداوی فارسیدا دەڕوات و هێشتا ئێران دەستی نەداوەتەوە بە هەوڵەكانی بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی و هەروەها هیچ هەوڵێكی تیرۆریستی لەئارادا نییە دژی ئەمریكییەكان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا.

ئێران دەوڵەتێكە پشتیوانی لە تیرۆر دەكات، بەڵام ماوەی چەندین ساڵە پەلاماری هاووڵاتییانی ئەمریكی نەداوە و لەڕاستیدا بەرژەوەندی هاوبەشی هەیە لەگەڵ واشینتۆندا لە شەڕكردن دژی دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و سوریادا. ئێران بەردەوام هەڕەشەی داخستنی تەنگەی هورمزی كردووە لەنێوان كەنداوی فارس و كەنداوی عومماندا كە 30% هەموو نەوتی هەناردەكراوی رێی دەریایی پێدا دەڕوات.

بەڵام ئێران هێشتا ئەو هەڕەشانەی جێبەجێ‌ نەكردون. بە درێژایی ساڵی رابوردوو یەكە دەریاییەكانی ئێران دەستیان هەڵگرتووە لە هەراسانكردنی هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا لە كەنداوی فارسدا و نەبوونەتە رێگر لە ئازادی هاتووچۆ بە رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەكاندا. سەرەڕای هەڕەشەكانیشی ئێران هێشتا پیتاندنی یۆرانیۆمی دەستپێنەكردووەتەوە.

بەكورتییەكەی هێشتا هیچ پاساوێكی ناچاركەر نییە بۆ جەنگ، و هەروەها تائێستا هیچ نیشانەیەك نییە بۆ ئەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان رێكاری سەربازی بگرێتە بەر وەك داگیركردنی كوەیت لەلایەن سەدام حسێن-ەوە یاخود هێرشەكەی 11ی ئۆكتۆبەری قاعیدە بۆسەر ویلایەتە یەكگرتووەكان. یاخود كاردانەوە سەربازییەكانی حكومەتی ترامپ لە ساڵی 2017 و 2018دا بەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی لەلایەن سووریاوە.

جەنگ لەگەڵ ئێراندا نەك هەر پێویست نییە بەڵكو سەركێشیكردن و ترسناكیشە. گومانی تێدا نییە كە لەڕووی هێزی سەربازییەوە باڵادەستی ئەمریكا گەورە و ئاشكرایە. بەڵام هێزە سەربازییەكانی ئێران و هاوپەیمان و لایەنگرەكانی دەتوانن زیانی گەورە بە ویلایەتە یەكگرتووەكان و هاوپەیمانەكانی بگەیەنن. وەك لە رابوردودا كردیان میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراقدا دەتوانن هێزەكانی ئەمریكا بكەنە ئامانج و ببنە مایەی زەرەر و زیانی قورس و تێكدانی پەیوەندییەكانی نێوان واشینتۆن و بەغدا و هەروەها لاوازكردنی بەرەی شەڕی دژ بە دەوڵەتی ئیسلامیی.

حیزبوڵڵاش دەتوانێت هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل و هێزە ئەمریكییەكان لە سوریادا. حوسییە هاوپەیمانەكانی ئێرانیش لە یەمەن دەتوانن موشەكی زیاتر بگرنە سعودییە و كەشتییە بازرگانییەكان كە بە دەریای سووردا دەڕۆن. مین و موشەكە بالیستیكییەكانی ئێران دەتوانن هاتوچۆی كەشتییەكان لە كەنداودا بخەنە مەترسییەوە و بەمەش نرخی نەوت بە خێرایی هەڵدەكشێ‌. هەروەها چەكە ئەلیكترۆنییەكانی تاران كە پێشتر دژی عەرەبستانی سعودی بەكارهێنران شانبەشانی موشەكەكان دەتوانن ژێرخانی وزەی كەنداوی فارس و هێزە دەریاییەكانی ئەمریكا وێران بكەن.

ویلایەتە یەكگرتووەكان دەتوانێت پشت بە سێ‌ دەوڵەت ببەستێت - ئیسرائیل و ئیمارات و سعودیە- كە بە ئاشكرا پشتیوانی دەكەن لە هێرشی سەربازی ئەمریكی دژی ئێران. باقی وڵاتانی تری جیهان هاوكاری ئیدارەی ترامپ ناكەن بەتایبەت ئەگەر هەست بكەن بەڕاستی نییە كە دەڵێت دەچمە جەنگەوە لەگەڵ ئێراندا.

كشانەوەی یەك لایەنەی واشینتۆن لە رێككەوتننامە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا كە تاران پێوەی پابەند بوو پێچەوانەی سیاسەت و هەڵوێستی لایەنەكانی تری رێككەوتننامەكەن، واتە چین و فڕەنسا و ئەڵمانیا و روسیا و بریتانیا و یەكێتی ئەوروپا، بەهەمان شێوەش ویلایەتە یەكگرتووەكان دڵی چەند وڵاتێكی دیكەشی شكان لەوانە هیندستان و توركیا و یۆنان و ئیتالیا و یابان و كۆریای باشوور و تایوان كە هەڕەشەی سزا و ئابڵووقەی لێ‌ كردن بەهۆی هاوردەكردنی نەوتی ئێرانەوە.
گومانی تێدا نییە ئەگەر گوشار و كردەوە سەربازییەكانی ئەمریكا ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ئەوا دابەشبوونی جیهانیی روودەدات و ناڕەزایی دژی واشینتۆن زیاتر دەبێت. نەتەوە یەكگرتووەكان و هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی تر رەزامەندی نیشان نادەن لەسەر بەكارهێنانی هێزی سەربازی.

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكان كە بە ساردی پێشوازی لێ‌ كرا لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە برۆكسل و هەروەها كۆنفرانسە كارەساتبارەكەی دژەئێران لە وارشۆ كە ویلایەتە یەكگرتووەكان هەموو پشتیوانییەكی لێ‌ كرد و سەرەتای ئەمساڵ بەسترا هەموویان نیشانەی ئەوەن كە ویلایەتە یەكگرتووەكان شكستی هێناوە لە دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتووی ئەمبەر و ئەوبەری ئۆقیانووسی ئەتڵەسی دژی ئێران و پێشبینی كاردانەوەی نەرێنی لێ‌ دەكرێت ئەگەر ویلایەتە یەكگرتووەكان هێرشی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدات.

گومانی تێدا نییە كە هێزی سەربازی پێویستە خزمەتی ئامانجە سیاسی و ئەمنییە روون و ئاشكراكان بكات. بەڵام ئێمە نازانین یاری كۆتایی حكومەتەكەی ترامپ چی دەبێت ئەگەر بگلێتە ململانێیەكی بەردەوامی سەربازیی لەگەڵ ئێراندا.

هێرشی سەربازی تایبەت بۆسەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەتوانێت تەنیا بەشێوەیەكی كاتی بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران بگەڕێنێتەوە بۆ دواوە و پێویستە پێش ئەو هێرشانە بەشێوەیەكی بەرفراوان پەلاماری چەكە ئاسمانیی و موشەكیی و دەریاییەكانی ئێران بدرێت كە ئەمە ژمارەیەك زۆری خەڵكی مەدەنیی تێدا دەكوژرێت و ناوچەیەكی بەرفراوان وێران دەكات.
خەیاڵە ئەگەر وابزانین هێرشكردنە سەر خاكی ئێران دەبێتە هۆی راپەڕینی خەڵكەكە دژی رژێمی ئێران و دەیڕوخێنن. تەنانەت ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەوا حكومەتی تازەی ئێران رەنگە زۆر عەسكەریتر و دژەئەمریكایتر بێت لەم حكومەتەی ئێستا. 

ئەگەر ئامانجی ویلایەتە یەكگرتووەكان گۆڕینی رژێمە ئەوا پێویستی بە هێرشێكی زەمینی و داگیركردنی ئێرانە لەڕووی سەربازییەوە. بینیمان ئەم سیاسەتە لە عێراق و ئەفغانستاندا چی بەسەرهات ئەمە جگە لەوەی كە ئێران ژمارەیەكی زۆرتری دانیشتووانی هەیە و وڵاتەكەی گەورەترە و رێوشوێنی زیاتری بەدەستەوەیە بۆ ئازاردانی ویلایەتە یەكگرتووەكان بە بەراورد بە عێراق و ئەفغانستان.

ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئێران یەكانگیر بوون لە ركابەرایەتیەكی درێژخایەندان لەسەر هەژمون و كۆنترۆڵكردنی ناوچەیەكی ترسناك و لوغمئاسا. هەڕەشەی سەربازیی و جەنگ چارەسەر نین بەڵكو دۆخە خراپەكە خراپتر دەكەن.
تێكەڵەیەك لە گفتوگۆی بەرپەرچدانەوە و دانوستاندن لەكاتی سزاكاندا و گفتوگۆی تازەكراوە كاریگەرترین رێگەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو كێبڕكێیە. هەروەها هێزی سەربازیش ئەگەر ئێران دژی بەرژەوەندییە گرنگەكانی ئەمریكا رەفتاری نواند.

وینستن چەرچڵ زۆر راست دەكات كە دەڵێت گفتوگۆی بێسوود لە جەنگ باشترە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure