واشنتۆن - تاران به‌ره‌و كوێ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 18/05/2019

گرنگترین خاڵى به‌رنامه‌ى دۆناڵد ترامپ كه‌ توانى پێى بگاته‌ كۆشكى سپى ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌میشه‌ ره‌خنه‌ى ده‌گرت له‌ له‌شكركێشییه‌كانى ئه‌مریكا بۆسه‌ر عێراق و ئه‌فغانستان. ئه‌و دوو جه‌نگه‌ 7 هه‌زار تلریۆن دۆلار زیانیان به‌ واشنتۆن گه‌یاندوه‌ و هه‌زاران سه‌ربازى ئه‌مریكیشیان تێدا كوژراوه‌.

ترامپ دروشمه‌كه‌ى ئه‌وه‌بوو كه‌ كۆتایى بێنێ به‌ ده‌ستوه‌ردانى سه‌ربازى ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى جیهان و گه‌ڕانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌ ئه‌مركییه‌كان بۆ وڵاتى خۆیان. ئێسته‌ش زۆر په‌له‌یه‌تى سه‌ربازه‌كانى له‌ سوریا و ئه‌فغانستان بكشێنێته‌وه‌.

كه‌واته‌ ئه‌م كۆكردنه‌وه‌ى هێزه‌ زۆره‌ له‌ ناوچه‌ى كه‌نداو چ واته‌یه‌كى هه‌یه‌ و ئایا به‌ڕاستى واشنتۆن و تاران له‌ لێوارى جه‌نگێكى گه‌وره‌دان؟

هاوئاوازه‌كانى ئه‌مریكا له‌ دژایه‌تیكردنى ئێراندا بریتین له‌ ئیسرائیل و سعودیه‌ و تاڕاده‌یه‌ك ئیمارات و میسر.

ئیمارات ده‌زانێت كه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگ رووبدات تووشى چ نائارامییه‌كى سیاسى و زیانێكى ئابوورى گه‌وره‌ ده‌بێت بۆیه‌ ورده‌ ورده‌ خۆى به‌دور ده‌گرێت له‌ سیاسه‌ته‌كانى سعودیه‌. وڵاتى میسریش هێنده‌ كێشه‌ى ناوخۆیى زۆره‌ كه‌ ناتوانێت خۆى تووشى ده‌ردیسه‌رى زیاتر بكات و بچێته‌ جه‌نگێكه‌وه‌ دژى ئێران. له‌ ناوخۆى ئیسرائیل و سعودیه‌شدا هێز و باڵ و لایه‌نى جیاجیا هه‌ن كه‌ دژى جه‌نگن چونكه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگ رووبدات نائارامیى سیاسى یه‌خه‌یان ده‌گرێت.

كه‌واته‌ سیناریۆكه‌ زیاتر له‌وه‌ ده‌چێت ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و گوشارانه‌ ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ بن كۆمارى ئیسلامى ئێران ملكه‌چى هه‌ندێك له‌ مه‌رجه‌كانى ئه‌مریكا بكه‌ن.

له‌ناو ئێرانیشدا چه‌ندین ریزبه‌ندى سیاسیى و ئایدۆلۆجى له‌ئارادان كه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانیان بریتین له‌ توندڕه‌وه‌كان و سوپاى پاسداران و ریفۆرمیسته‌كان. ركابه‌رایه‌تى و ململانێى نێوان ئه‌م سێلایه‌نه‌ جیاوازه‌ له‌ هه‌موو شتێكى ئێراندا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌ و خراپترین سیناریۆ بۆ واشنتۆن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سوپاى پاسداران ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست. ئه‌مه‌ش كاتێ رووده‌دات كه‌ جه‌نگێكى سه‌رتاپاگیر دژى ئێران رووبدات. له‌و جه‌نگه‌دا توندڕه‌وه‌كانیش هه‌ڵوێستیان به‌هێزتر ده‌بێت كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندى راسته‌قینه‌ى ئه‌مریكادا نییه‌.

روودانى جه‌نگ و وێرانكردنى شار و داموده‌زگا ئابوورى و پیشه‌سازى و ته‌نانه‌ت سه‌ربازییه‌كانى ئێران ده‌سته‌بژێره‌ سه‌ربازییه‌كه‌ى ئێران یه‌كگرتووتر و توندتر ده‌كات و زه‌ره‌رمه‌ندى راسته‌قینه‌ى ئه‌و جه‌نگه‌ كاولكاره‌ چینى ناوه‌ڕاستى ئێران ده‌بێت كه‌ كۆڵه‌كه‌ى سه‌ره‌كى دیموكراسییه‌ له‌ هه‌موو وڵاتێكدا.

ئه‌و هێز و گروپه‌ سیاسییانه‌ى كه‌ پێیان وایه‌ په‌لاماردان ئێران له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ زه‌مینه‌ى گۆڕانكارى دیموكراسى له‌و وڵاته‌دا خۆشتر ده‌كات پێویسته‌ لیبیا و تونس و سوریا و یه‌مه‌ن و سوودان و تا ئه‌ندازه‌یه‌كى زۆریش عێراق له‌به‌رچاو بگرن و بزانن كه‌ گۆڕانكارى دیموكراسى له‌ هه‌ر وڵاتێكدا پرۆسه‌یه‌كى ناوخۆییه‌ و هه‌گیز ئه‌مریكا و ئیمپریالیزمى جیهانى به‌ڕاستیان نییه‌ كه‌ دروشمى دیموكراسى بۆ وڵاتانى جیهانى سێ به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌.

ده‌توانین بڵێین سیاسه‌تى باراك ئۆباما به‌رامبه‌ر ئێران تاڕاده‌یه‌ك یارمه‌تیده‌ر بوو له‌ فراوانكردنى ئاسایۆى ئازادییه‌كان له‌ ئێراندا.

به‌ڵام ترامپ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پرۆسه‌ى گۆڕانكارى دیموكراسى له‌ ئێراندا دواده‌خات و قوربانیانى یه‌كه‌مى سیاسه‌تى ترامپ چین و توێژه‌ دیموكراتیخوازه‌كان و داواكارانى یه‌كسانییه‌كه‌ له‌ژێر گوشاره‌ سیاسى و ئابوورییه‌كاندا خه‌ریكه‌ پشتیان ده‌شكێت.

كه‌واته‌ هه‌ڵوێستى راست و پێشكه‌وتنخوازانه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاگرى شه‌ڕ له‌ ناوچه‌كه‌ دوربخرێته‌وه‌ و ده‌رفه‌تى گفتوگۆ و هه‌وڵى دیبلۆماسى بدۆزرێته‌وه‌ چونكه‌ شه‌ڕى واشینتۆن - تاران بۆى هه‌یه‌ ته‌واوى ناوچه‌كه‌ بسوتێنێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure