ئایا جه‌نگى سێهه‌مى كه‌نداو رووده‌دات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 6 رۆژ پێش ئێستا

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لیه‌وم ئه‌لسابیع
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


هه‌تا ئێستا هیچ لایه‌نێك به‌رپرسیارێتى خۆى رانه‌گه‌یاندووه‌ له‌ رووداوه‌كانى چه‌ند رۆژى رابوردووى كه‌نداو. بێده‌نگییه‌كى ترسناك و ته‌مومژاوى و نیگه‌رانكه‌ر باڵى كێشاوه‌ به‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ى كه‌ له‌پشت ئه‌م رووداوانه‌وه‌ن.

چوار گوێزه‌ره‌وه‌ى بازرگانى نه‌وتى ئیماراتى له‌نزیك به‌نده‌رى فوجه‌یره‌ له‌سه‌ر ده‌ریاى عه‌ره‌ب هێرشیان كرایه‌سه‌ر، به‌ڵام هیچكام له‌ رێكخراوه‌ ناسراوه‌كان به‌یاننامه‌یان بڵاو نه‌كرده‌وه‌ و ده‌وڵه‌تى ئیماراتیش ته‌نیا ئه‌وه‌ى وت كه‌ كاره‌كه‌ تێكده‌رانه‌یه‌.

دواتر ده‌ستدرێژى كرایه‌ سه‌ر دوو كێڵگه‌ى نه‌وت له‌ناو سعودیه‌دا و له‌مه‌شدا هیچ كه‌س به‌رپرسیارێتى خۆى رانه‌گه‌یاند ئه‌گه‌رچى زۆر لایه‌ن هه‌یه‌ دوژمن و ناحه‌زى وڵاتانى كه‌نداون بۆ نموونه‌ رێكخراوى قاعیده‌ و حوسییه‌كان.

سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ خودى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكاش هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كى نه‌نواند به‌رامبه‌ر ئه‌م رووداوانه‌ كه‌ چاودێره‌كان دڵنیان په‌یوه‌ندیيان هه‌یه‌ به‌ زیادكردنى گوشاره‌كان له‌سه‌ر ئێران، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ واشینتۆن زۆر باش له‌ هه‌ستیارى ناوچه‌كه‌ ئاگاداره‌ و هێزى سه‌ربازیشى له‌وێ هه‌یه‌. هه‌موو لایه‌نه‌كان نابه‌رپرسیارێتى خۆیان له‌و رووداوانه‌ راگه‌یاند به‌ ئێرانیشه‌وه‌.

كه‌واته‌ ئایا لایه‌نێكى تر هه‌یه‌ بیه‌وێت ئاگرى قه‌یرانه‌كه‌ و مه‌سه‌له‌كانى ئاڵۆزكردنى دۆخه‌كه‌ و هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌شتییه‌كان خۆشتر بکات؟

هه‌ندێك لایه‌ن په‌نجه‌ى تۆمه‌ت بۆ لایه‌نێكى سیخوڕى راده‌كێشن به‌ دیاریكراویش مۆسادى ئیسرائیلى به‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ى خێرا زه‌برێكى سه‌ربازى له‌ ئێران بوه‌شێنرێت و ئه‌مه‌ راسته‌وخۆ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌لئه‌بیبدا ده‌بێت كه‌ پێى وایه‌ ئێران دوژمنى راسته‌وخۆ و یه‌كه‌مى ئیسرائیله‌ و هێزه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ى تاران هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى گه‌وره‌ى له‌سه‌ر دروست ده‌كات.

ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌دڵنیاییه‌وه‌ سوودمه‌نده‌ له‌و رووداوانه‌، چونكه‌ دادۆشینى وڵاته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانى كه‌نداو ئامانجێكى بنه‌ڕه‌تى حكومه‌تى واشینتۆنه‌ كه‌ خۆى به‌ راشكاوى ده‌ڵێت پاره‌م بده‌نێ ده‌تانپارێزم.

هه‌ڵگیرسانى جه‌نگ له‌ ناوچه‌ى كه‌نداودا زیانى ئابوورى زۆر گه‌وره‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و هه‌مووشى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى وڵاتانى كه‌نداو كه‌ له‌ هه‌ردوو جه‌نگى یه‌كه‌م و دووه‌مى كه‌نداودا سه‌دان ملیار دۆلار زیانیان پێگه‌یشت.

هێشتا فتیله‌ى ئاگره‌كه‌ دانه‌گیرسێنراوه‌، به‌ڵام به‌ئاشكرا ده‌بینین هانه‌هانه‌ى داگیرساندنى ده‌درێت. جه‌نگى ئه‌مجاره‌ش مه‌سه‌له‌یه‌كى ئاسان نابێت و ره‌نگه‌ چه‌ندین لایه‌نى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستى تێوه‌ربده‌ن، چونكه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان ئاڵۆز و تێك ئاڵاون.

پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا جه‌نگه‌كه‌ ده‌ستپێده‌كات؟ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌ن، به‌ڵام هێشتا ئه‌گه‌رى جه‌نگى سه‌ربازى ئه‌گه‌رێكى دووره‌ و زۆر رێى تێده‌چێت ئه‌مریكا بتوانێت به‌ زه‌برى ئابڵوقه‌ى ئابوورى و نێوده‌وڵه‌تى ئێران ناچار بكات مه‌رجه‌ ئه‌مریكییه‌كان قبوڵ بكات، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه‌ دۆڕاوى یه‌كه‌م و كۆتایى ته‌نیا هه‌ر وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و ئاسایشى عه‌ره‌بى ده‌بن.

زیانه‌كانى ئه‌مجاره‌ له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا زۆر گه‌وره‌ ده‌بن. جه‌نگى سێهه‌مى كه‌نداو ئه‌گه‌ر رووبدات ته‌نیا جه‌نگێك نابێ له‌نێوان دوو سێ لایه‌ندا به‌ڵكو. جه‌نگێكى جیهانى گشتگیر ده‌بێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیده‌ ستراتیجییه‌كانى زۆر وڵات له‌ ناوچه‌كه‌دا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure