له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێراندا به‌رژه‌وه‌ندى عێراق له‌كوێدایه‌؟

بۆچوون / بیروڕا :: 7 رۆژ پێش ئێستا

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

وه‌ك هه‌موان ده‌زانن هه‌ردوو لا ناكۆكه‌كه‌ى ئه‌مریكا و ئێران ده‌سه‌ڵاتى سیاسى و ئابوورى فراوانیان هه‌یه‌ له‌ عێراقدا و له‌ هه‌موو ره‌هه‌ندێكه‌وه‌ خاوه‌نى هه‌ژمونن، به‌ڵام هیچكامیشیان وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت به‌و هێنده‌ ده‌سه‌ڵاته‌ رازى نیین و هه‌وڵ ده‌دەن عێراق به‌ ته‌واوى شوێنپێى ئه‌و هه‌ڵبگرێت. به‌تایبه‌ت له‌م ماوه‌یه‌ى دواییدا كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان واشنتۆن و تاران به‌ره‌و خراپى زیاتر ده‌چێ و هه‌ركامێكیان ده‌یه‌وێ به‌غدا بكات به‌ دوژمنى لایه‌نه‌كه‌ى تر.

دیاره‌ ناكۆكى نێوان ئێران و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ناكۆكییه‌ له‌نێوان دوو پڕۆژه‌ى سیاسیدا كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان هه‌ڵقوڵاوى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خۆیه‌تى و ته‌واو جیاوازه‌ له‌ پڕۆژه‌ى لایه‌نه‌كه‌ى تر.

له‌ ماوه‌ى رابوردوودا ئه‌م ململانێیه‌ له‌سه‌ر ئاستى دیپلۆماسى و راگه‌یاندنه‌وه‌ گوێزرایه‌وه‌ بۆ هه‌ڕه‌شه‌ى سه‌ربازى پاش ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ نه‌یانتوانى به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستى رابوردوویان و ناكۆكییه‌كانیان ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستى شه‌ڕه‌قسه‌ و گوشارى نه‌رم بهێڵنه‌وه‌.

ئه‌م به‌رزكردنه‌وه‌ ترسناكه‌ى ئێستاى ناكۆكییه‌كانیان هه‌ڕه‌شه‌ى سووتاندنى هه‌موو ناوچه‌كه‌ ده‌كات و ده‌توانێت بیخاته‌ ناو ئاگرى جه‌نگێكه‌وه‌ كه‌ گه‌لانى ناوچه‌كه‌ هیچ په‌یوه‌ندى و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كیان تێدا نییه‌.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ عێراق ده‌بێته‌ گۆڕه‌پانى سه‌ره‌كى پاكتاوكردنى حیساباتى نێوان تاران و واشینتۆن. ئه‌مه‌ش وا پێویست ده‌كات حكومه‌تى عێراق ئه‌و به‌رنامه‌ راست و دروسته‌ په‌یڕه‌و بكات كه‌ له‌ ماوه‌ى رابوردوودا گرتوویه‌تیه‌به‌ر و خۆى دوورخستووه‌ته‌وه‌ له‌ سیاسه‌تى ته‌وه‌ر و جه‌مسه‌ره‌كان.

پێویسته‌ به‌غدا قبوڵى نه‌بێت دواى هیچ ته‌وه‌رێك بكه‌وێت و ته‌نیا و ته‌نیا له‌ روانگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى خه‌ڵكى عێراقه‌وه‌ هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت به‌وه‌ى كه‌ باشترین په‌یوه‌ندى چاك و هاوسه‌نگ له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا و ئێران و تێكڕاى وڵاته‌ ناوچه‌یى و ته‌نانه‌ت وڵاته‌ دووره‌كانیش دابمه‌زرێنێت.

ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین له‌ به‌رژه‌وه‌ندى و ئامانجى هه‌ردوو لایه‌نه‌كه‌ ده‌بینین له‌سه‌رێكه‌وه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هێز كۆده‌كاته‌وه‌ و به‌ جه‌ختێكى ئیمپریالیستانه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دات سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌م بكات به‌ سه‌ده‌یه‌كى ته‌واو ئه‌مریكى. ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ كه‌ زۆرێك له‌ سیاسییه‌كان و بیرمه‌نده‌ ئه‌مریكییه‌كان خۆیان له‌سه‌ره‌تاى ئه‌م سه‌ده‌یه‌وه‌ گوزارشتى لێده‌كه‌ن.

له‌وه‌ته‌ى دۆناڵد ترامپیش هاتووه‌ته‌ سه‌ر كورسى ده‌سه‌ڵات له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا واشینتۆن له‌ جاران توندوتیژتر و شه‌ڕانیتر بووه‌ و ئه‌م ئیداره‌ نوێیه‌ پێیوایه‌ ناوچه‌ى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ناوچه‌ى به‌رژه‌وه‌ندییه‌ چاره‌نووسییه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك نابێت له‌ده‌ستى بدات. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا نه‌خشه‌یه‌كى ره‌شى به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ كه‌ ناوى لێ ناوه‌ گرێبه‌ستى سه‌ده‌ و ده‌یه‌وێت گه‌لى فه‌له‌ستین ئه‌و مافه‌ى لێ بسه‌ندرێت كه‌ ده‌وڵه‌تێكى نیشتمانى سه‌ربه‌خۆ دابمه‌زرێنێت كه‌ پایته‌خته‌كه‌ى قودس بێت. 

هه‌روه‌ها كۆمه‌ڵێك سزاى زاڵمانه‌ى خستووه‌ته‌ سه‌ر خه‌ڵكى ئێران و ناوچه‌كانى ترى جیهانیشى فه‌رامۆش نه‌كردوه‌ بۆ نموونه‌ ڤه‌نزوێلا و ده‌ستوه‌ردانه‌ بێشه‌رمه‌كه‌ى له‌ كاروبارى ناوخۆى ئه‌و وڵاته‌دا، هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌ى ئۆقیانووسى ئارام و خۆرهه‌ڵاتى ئاسیادا هه‌مان سیاسه‌تى به‌رنامه‌ى تاوانكارى په‌یڕه‌و ده‌كات.

له‌سه‌رێكى تریشه‌وه‌ ئێران كۆمه‌ڵێك ئامانج و مه‌به‌ستى راگه‌یه‌ندراوى هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حیسابى وڵاتانى دیكه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا په‌ل بهاوێژێ له‌ڕێى ئه‌و په‌ل و قۆڵ و باسكانه‌ى تاران كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتى ناوچه‌كه‌ له‌نێوان خۆى و واشینتۆن دابه‌ش بكرێ و ته‌نیا هه‌ر بۆ ئه‌مریكا نه‌بێ، واشینتۆن نه‌توانێت به‌بێ تاران بڕیار له‌ چاره‌نووسى گه‌لانى ناوچه‌كه‌ بدات.

له‌ڕاستیدا راگرتنى هاوسه‌نگى له‌نێوان ئه‌م دوو لایه‌نه‌دا بێ ئه‌وه‌ى به‌لاى هیچ لایه‌نێكدا بیشكێنیته‌وه‌ كارێكى ئاسان نییه‌ به‌ڵام زۆر زۆر پێویسته‌ بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراق و خه‌ڵكه‌كه‌ى و پاراستنى له‌ كاره‌سات و نه‌هامه‌تییه‌كانى شه‌ڕ كه‌ ئه‌گه‌ر رووبدات ته‌ڕ و وشك پێكه‌وه‌ ده‌سووتێنێن.

لێره‌دا پێویسته‌ هۆشدارى بده‌ین به‌ هه‌موو هێز و حیزبه‌ سیاسییه‌كانى عێراق و بیریان بخه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویسته‌ وازبهێنن له‌ هاتوهاوارى بێ هوده‌ و ده‌بێت به‌ره‌ى ناوخۆ تۆكمه‌تر بكرێت و هه‌موومان یه‌كڕیز بین له‌سه‌ر ئاستى میللى و ره‌سمى بۆ ئه‌وه‌ى عێراق بتوانێ خۆى رابگرێت به‌رامبه‌ر هه‌موو فشارێك و هه‌ڵوێسته‌ نیشتمانییه‌ سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ بپارێزێت، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌بێ زۆر شتمان له‌كیس ده‌چێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure