نه‌ جه‌نگ و نه‌ گفتوگۆ؟

بۆچوون / بیروڕا :: 13/05/2019

نووسینى: جواد ئه‌بو ره‌غیف
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
نه‌ جه‌نگ و نه‌ گفتوگۆ؟ 
ئه‌ى چى

رابه‌رى شۆڕشى ئیسلامى ئێران به‌و دوو نه‌خێره‌ هه‌ڵوێستى خۆى كورتكرده‌وه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى جه‌نگه‌ ده‌رونییه‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكادا به‌رامبه‌ر ئێران.
ئه‌م دروشمه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ تۆپه‌كه‌ بخه‌یته‌وه‌ ساحه‌ى ركابه‌ره‌كه‌ت. هیچ لۆجیكێك له‌وه‌دا نییه‌ كه‌ نه‌ جه‌نگ رووبدات نه‌ گفتوگۆ بكرێت له‌نێوان دوو ركابه‌ردا كه‌ له‌سه‌ره‌تاى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌مه‌وه‌ هه‌تا ئێستا جیهانیان به‌خۆیانه‌وه‌ سه‌رقاڵ كردووه‌.
به‌ڵام ئایا رابه‌رى ئێران هه‌موو جۆره‌ جه‌نگێك یاخود هه‌موو جۆره‌ گفتوگۆیه‌ك به‌دوور ده‌زانێت؟
ئه‌مریكا زۆر باش ئاگاداره‌ له‌وه‌ى كه‌ هه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا زیاتر له‌وه‌ى كه‌ جه‌نگ بێت ته‌قینه‌وه‌یه‌كى گه‌وره‌ ده‌بێت هه‌موو خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌سووتێنێت و كه‌س نابوێرێت.
دیاره‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌وجۆره‌ش له‌ناوچوونه‌ نه‌ك جه‌نگ.
گفتوگۆش له‌گه‌ڵ حكومه‌تێكدا ناكرێت كه‌ رێز نه‌گرێت له‌ رێككه‌وتن و په‌یماننامه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و به‌پێى تاقه‌ت و ئاره‌زووى خۆى بیخاته‌ لاوه‌ بێ ئه‌وه‌ى هیچ رێزێك بگرێت له‌ هاوڕێ و هاوپه‌یمانه‌كانى.
كه‌واته‌ تۆپه‌كه‌ گه‌ڕێنراوه‌ته‌وه‌ بۆ یاریگاكه‌ى ترامپ كه‌ ویستى به‌ گوشارخستنه‌ سه‌ر سه‌ركردایه‌تى ئێران و به‌رپرسیاركردنى له‌ ئۆباڵى شه‌ڕه‌ گریمانه‌ییه‌كه‌دا ناچاریان بكات به‌ ته‌له‌فون په‌یوه‌ندى پێوه‌ بكه‌ن. به‌م شێوه‌یه‌ رابه‌رى شۆڕشى ئێران گفتوگۆكانى دواخستووه‌ بۆ ئه‌وكاته‌ى كه‌ ترامپ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌دۆڕێنێت.
ترامپ و حیزبه‌كه‌ى خولى داهاتووى هه‌ڵبژاردن ده‌دۆڕێنن و دیموكراته‌كان سه‌رده‌كه‌ون. ئه‌مه‌ راستییه‌كه‌ ترامپ زوو هه‌ستى پێكردووه‌ بۆیه‌ هه‌وڵى دا جۆن كێرى دیموكرات به‌ ناپاك له‌قه‌ڵه‌م بدات به‌هۆى دانووستان كردنییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێراندا گوایه‌ كێرى یاساى پێشێل كردووه‌ چونكه‌ دانووستانى له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكدا كردووه‌ كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ناكۆكى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیدا. سه‌یره‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌م یاسایه‌ ساڵى 1799 راگه‌یه‌نراوه‌ و تائێستا هیچ كاربه‌ده‌ستێكى ئه‌مریكى به‌و یاسایه‌ دادگایى نه‌كراوه‌.
دیاره‌ ئه‌مریكا له‌م كێشه‌یه‌دا به‌ ده‌ستى به‌تاڵ ناچێته‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ڵكو چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكى ده‌بێت له‌وانه‌: 
1- مسۆگه‌ركردنى سه‌ركه‌وتنى چاكسازیى خوازه‌كان له‌ ئێران و مانه‌وه‌ى رۆحانى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا تا ئه‌وكاته‌ى دیموكراته‌كان هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌مریكا ده‌به‌نه‌وه‌ و كه‌شوهه‌واى دانووستان له‌نێوان هه‌ردوولادا مه‌یسه‌ر ده‌بێت.
2- به‌رده‌وام بوونى دادۆشینى وڵاتانى كه‌نداو له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ كه‌ به‌ ئێران ده‌یانترسێنێت.
3- بێلایه‌نكردنى ئێران و بچووكردنه‌وه‌ى رۆڵى له‌ مه‌سه‌له‌ى فه‌له‌ستیندا. هه‌روه‌ها سه‌رقاڵكردنى عه‌ره‌ب به‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌ژموونى شیعه‌ و مه‌ترسییه‌كانى له‌سه‌ر عه‌ره‌ب و موسوڵمانان. به‌و واتایه‌ى ئێران  هه‌قى چییه‌ به‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى عه‌ره‌بییه‌وه‌ كه‌ عه‌ره‌ب خۆى وازى لێ هێناوه‌.
4- بڕینى ئه‌و سه‌رمایه‌ ئه‌مریكییه‌ به‌ ره‌گه‌ز ئێرانییانه‌ى كه‌ ده‌گاته‌ ئێران و ساڵانه‌ نزیكه‌ى 2 ملیار دۆلاره‌ به‌ بیانووى قه‌یرانه‌كه‌وه‌. ئه‌م پاره‌یه‌ نزیكه‌ى 50 هه‌زار هاووڵاتى ئه‌مریكى به‌ ره‌گه‌ز ئێرانى ده‌ینێرنه‌وه‌ بۆ تاران.
ئه‌وه‌ى كه‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌ سایه‌ى ئه‌م قه‌یرانه‌ ئه‌مریكییه‌ ئێرانییه‌وه‌ پێویستى پێیه‌تى بۆ به‌فیڕۆ نه‌دانى سامانه‌ ماددى و مرۆییه‌كانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ خۆشكردنى كه‌شوهه‌واى سیاسیى و كه‌مكردنه‌وه‌ى گرژى و ئاڵۆزییه‌كانه‌. هه‌روه‌ها هه‌وڵدانه‌ بۆ به‌دیهێنانى نزیك كردنه‌وه‌یه‌كى راسته‌قینه‌ له‌نێوان سعودیه‌ و ئێراندا كه‌ عێراق و چه‌ند ده‌وڵه‌تێكى عه‌ره‌بى دیكه‌ زامنى راسته‌قینه‌ى بن له‌ چوارچێوه‌ى رێككه‌وتنێكى نێوده‌وڵه‌تیدا به‌ جۆرێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى هه‌ردوو وڵات بپارێزێت.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure