گێلییه‌تى و جۆره‌كانى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌ى: رۆژنامه‌ى ئه‌لبه‌یان
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

كورتترین پێناسه‌ى گێلییه‌تى بریتییه‌ له‌ نه‌فامیى و له‌ده‌ستدانى تواناى بیركردنه‌وه‌ و حه‌وت جۆرى هه‌یه‌.

یه‌كه‌م: گێلییه‌تى زگماكى

بریتییه‌ له‌ ناته‌واوییه‌ك له‌ پێكهاته‌ى بایۆلۆجیى كه‌سه‌كه‌دا. واته‌ ده‌رده‌كه‌ لێره‌دا سروشتییه‌ و هیچ خه‌تایه‌كى كه‌سه‌كه‌ى تێدا نییه‌. ئه‌م په‌ككه‌وتنه‌ رێگرى ده‌كات له‌وه‌ى مرۆڤه‌كه‌ وه‌ك كه‌سێكى ئاسایى شاره‌زاییه‌ سروشتییه‌كان به‌كاربهێنێت.

ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌ رێز له‌ مافه‌كانى مرۆڤ ده‌گرن ئه‌مڕۆ به‌رنامه‌ى تایبه‌تیان هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌دان به‌ شاره‌زایى ئه‌م جۆره‌ خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌تانه‌، چونكه‌ رێزگرتن له‌ مرۆڤ له‌ هه‌ر بارودۆخێكى جه‌سته‌ییدا بێت یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین به‌ها ره‌وشتییه‌كان.

دووه‌م: گێلییه‌تى لۆجیكى
كه‌سێك كه‌ به‌م جۆره‌ گێل بێت ناتوانێت بیرۆكه‌كان پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و قسه‌ى بێ سه‌روبه‌ر ده‌كات كه‌ تێكدانى پرەنسیپه‌كانى لۆجیكه‌.

سێیه‌م: گێلییه‌تى زانستى
ئه‌مه‌ ده‌رئه‌نجامى بێئاگاییه‌ له‌ زانست و نكوڵیكردنه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كانى كاریگه‌رییه‌كانى له‌سه‌ر ژیان. مرۆڤى له‌وجۆره‌ به‌لایه‌وه‌ باشتره‌ بۆ لێكدانه‌وه‌ى رووداوه‌كانى ژیان و بابه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كان په‌نا بباته‌ به‌ر خورافات و قسه‌ى بێ سه‌روبه‌ر و لێكدانه‌وه‌ى غه‌یبى كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى به‌ هۆكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌وه‌ نییه‌. گێلى له‌مجۆره‌ دان به‌وه‌دا ده‌نێت كه‌ دیاریده‌ و رووداوه‌كه‌ هۆكاریان هه‌یه‌، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ خورافات و شتگه‌لى خه‌یاڵى. بۆ نموونه‌ هۆكارى نه‌خۆشیى ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى گوایه‌ كه‌سه‌كه‌ رۆحێكى چه‌په‌ڵ چووه‌ته‌ جه‌سته‌یه‌وه‌ و جا له‌برى ئه‌وه‌ى بچێت بۆلاى پزیشك ده‌ڕواته‌ لاى  سیحرباز و ساخته‌چیى.

چواره‌م: گێلییه‌تى سۆزداریى
ئه‌م جۆره‌ كه‌سه‌ خۆشه‌ویستى و هاوسۆزى بۆ كه‌س ده‌رنابڕێت و هێنده‌ دڵڕه‌قه‌ ته‌نانه‌ت ره‌نگه‌ ببێت به‌ پیاوكوژیش. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ فیداكاریى و یارمه‌تیدان و هاوسۆزى ده‌ربڕین بۆ كه‌سانى لێقه‌وماو و هه‌روه‌ها رێزگرتنى یه‌كترى و میهره‌بانى به‌رامبه‌ر منداڵ و خه‌سڵه‌ته‌كانى دیكه‌ گشتیان سۆزى ئه‌رێنین به‌رامبه‌ر خه‌ڵكانى دیكه‌. كاتێك ئه‌م سۆزانه‌ له‌ئارادا نه‌بن له‌ ناخى كه‌سه‌كه‌دا ئه‌وه‌ دڵنیابه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ئاماده‌یى تێدایه‌ ببێته‌ بكوژ.

پێنجه‌م: گێلییه‌تى به‌رژه‌وه‌ندى
ئه‌مانه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دان كه‌ بۆ به‌دیهێنانى ئامانجه‌كه‌ ئاساییه‌ په‌نا بۆ هه‌ر رێباز و ئامرازێك ببه‌یت. كاره‌ساته‌كه‌ ئه‌وكاته‌ زۆر ئاشكرا ده‌بێت كه‌ ئامانجه‌كه‌ ئامانجێكى بێنرخ بێت و ئامڕازه‌كه‌ له‌و بێنرختر بێت. ئا لێره‌دا كه‌سێك دروست ده‌بێت كه‌ ده‌ڵێت هه‌ر شتێك له‌ به‌رژوه‌ندى خۆمدا بێت رێپێدراوه‌. دیاره‌ هه‌لپه‌رستى وێنه‌یه‌كى ئاشكراى ئه‌م جۆره‌ گێلیه‌تیه‌یه‌ چونكه‌ هه‌لپه‌رستى درۆیه‌كى شاردراوه‌ى به‌رده‌وامه‌ بۆ مه‌به‌ستێكى بێنرخ.

شه‌شه‌م: گێلییه‌تى ره‌وشتى
ئه‌م جۆره‌ گێلیه‌تییه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ گێلییه‌تى سۆزداریى و گێلییه‌تى به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ و ده‌رئه‌نجامى خراپى هه‌یه‌. گێلییه‌تى ره‌وشتى بریتییه‌ له‌وه‌ى كه‌سه‌كه‌ هه‌موو به‌هایه‌ك سه‌باره‌ت به‌ رێزگرتن له‌ مافى به‌رامبه‌ر بخاته‌ ژێر پێوه‌. گومانى تێدا نییه‌ كه‌ به‌بێ رێزگرتن له‌ به‌هاكان و یاسا دانراوه‌كان و په‌سه‌ندكراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ژیان ده‌بێته‌ شتێكى مه‌حاڵ و ژیانى مرۆڤى تێدا ده‌بێته‌ بێسه‌روبه‌رییه‌كى ره‌ها.

حه‌وته‌م: گێلییه‌تى مێژوویى
ئه‌م جۆره‌ گێلیه‌تیه‌ تووشى دیكتاتۆره‌كان و كۆمه‌ڵه‌ ئایدۆلۆژییه‌كان ده‌بن به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵه‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌ توندڕه‌وه‌كان. كرۆكى گێلییه‌تى مێژوویى چه‌قبه‌ستنه‌ له‌ چركه‌ساتى ئێستادا یان هه‌وڵدان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى چركه‌ساتێك له‌ مێژوودا. واته‌ قبووڵنه‌كردنى ره‌وتى مێژوو هه‌روه‌ها بڕوانه‌هێنان به‌ لۆجیكى گۆڕان و وه‌رچه‌رخان و گه‌شه‌كردن. 

ئه‌م جۆره‌ گێلییه‌تیه‌ ترسناكترین جۆره‌كانییه‌تى، چونكه‌ په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ ره‌فتارى ئه‌و گروپ و كۆمه‌ڵانه‌ى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى نه‌رێنى كاریگه‌رییان له‌سه‌ر واقیع هه‌یه‌ و بێ هیچ ئه‌ملاوئه‌ولایه‌ك ده‌بێته‌ هۆى په‌نابردنه‌ به‌ر توندوتیژى بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئه‌و ئامانجه‌ى كه‌ هه‌رگیز به‌دى نایه‌ت.

به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌بوونى هه‌ركام له‌م جۆره‌ گێلییه‌تیانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى هه‌ستپێكراو له‌هه‌ر كۆمه‌ڵگەیه‌كدا كارده‌كاته‌ سه‌ر ژیانى كۆمه‌ڵایه‌تى ئه‌و كۆمه‌ڵگەیه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌ناو ژماره‌یه‌كى كه‌مى خه‌ڵكانێكدا قه‌تیس كرابێت كه‌ له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و دامه‌زراوه‌ییه‌وه‌ كاریگه‌ر نه‌بن ئه‌وا زیانه‌كه‌ زۆر سنووردار ده‌بێت.

جا ئه‌ى خوێنه‌رى خۆشه‌ویست بیهێنه‌ره‌ به‌رچاوى خۆت چاره‌نووسى ئه‌و وڵاته‌ و ئه‌و میلله‌ته‌ چییان لێ دێت ئه‌گه‌ر بكه‌ونه‌ ژێر كۆنترۆڵى تاقمێك مرۆڤه‌وه‌ كه‌ هه‌موو شێوازه‌ جۆراوجۆره‌كانى گێلییه‌تیان تێدا بێ و بكوژ و ببڕى وڵات خۆیان بن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure