ئەردۆغان دەسەڵاتەكان تەنیا بۆ خۆی قۆرخ دەكات

بۆچوون / بیروڕا :: 09/05/2016

سەرچاوە: ئەلحەیات
وەرگێڕان: لوقمان محەمەد رەشید

هۆكاری یەكەم و كۆتایی، گرنگترین هۆكاری دەستلەكاركێشانەوەی ئەحمەد داودئۆغڵو لە سەرۆكایەتیی وەزیرانی توركیا، بریتییە لە ویستی دیكتاتۆرییانەی سەرۆك رەجەب تەیب ئەردۆغان كە هەوڵدەدات بۆ قۆرغكردنی دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لە كاتێكدا بۆ نزیكەی سەد ساڵێك دەچێت ئەم دەسەڵاتانە لە دەستی سەرەك وەزیراندان.

پێشتر پەیوەندیەكانی نێوان ئەردۆغان و داودئۆغڵو باش بوون هەتا ئەوكاتەی لە ئەیلولی 2014 دا یەكەمیان دووەمیانی دیاریكرد بۆ ئەوەی ببێتە سەرەك وەزیران و ئیتر ناكۆكییەكان وەدەركەوتن. ئەردۆغان ویستی پارتی بزووتنەوەی نیشتمانی فریو بدات و بەشداریی حكومەتی پێبكات، بەڵام ئەندامانێكی زۆر لەمە ناڕازی بوون و پاساوەكەیشیان هەر حەزی دیكتاتۆریانەی ئەردۆغان بوو. 

هیچ نهێنییەك لەوەدا نەماوەتەوە ئەردۆغان دەستوورێكی نوێی بۆ توركیا دەوێت كە دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن لە دەستی خۆیدا كۆبكاتەوە و تەنانەت بەبێ‌ دەستوورێكی تازەیش هەر ئەوەی دەوێت و هەوڵی بۆ دەدات، ئەوەتا لە 29 ی مانگی رابردوودا مافی دامەزراندنی سەركردەكانی پارتی داد و گەشەپێدانیشی لە هەرێمەكاندا لە سەرەك وەزیرانەكەی سەندەوە.
 
هەموو ئەمانە لەكاتێكدان كە توركیا لەناوخۆیدا رووبەڕووی كوردەكان بووەتەوە، هەروەها كردەوەی تیرۆریستی لە ئەنقەرە و ئەستانبوڵ و بۆرسە ئەنجامدەدرێن و لەو لایشەوە كێشەی كوردەكانی سوریا. جگە لەمانەیش توركیا لە 20ی ئازاردا رێككەوتننامەیەكی گشتگیری لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا واژۆكردووە سەبارەت بە پەنابەران كە دەبێت بیانپارێزێت و مامەڵەیەكی مرۆڤانەیان لە توركیادا لەگەڵ بكرێت. ئەوەبوو پارلەمانی توركیایش لە هەفتەی رابردوودا 72 بڕگەی رێككەوتننامەكەی پەسەند كرد، بەمەیش رێگە بە توركەكان دەدرێت بەبێ‌ ڤیزا بچنە وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاوە، ئەمەیش مانای وایە كە سەدان هەزار هاووڵاتی توركیا بەرەو وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەچن و ناگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان.

رەنگە خراپترین شتێك لە دەستلەكاركێشانەوەكەی داودئۆغڵودا ئەوە بێت كە لەم دواییەدا رایگەیاند ئامادەیە بچێتە دانوستاندن لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا بۆ كۆتاییهێنان بە یاخیبوون و كردەوە تیرۆریستی و توندوتیژیەكان. ئەردۆغان لە بەرامبەر كورددا زۆر توندڕەوترە و دەیەوێت كوردەكان خۆیان بدەن بەدەستەوە، ئەم داواكارییەیش مەحاڵە بەتایبەت كە ناوچە كوردییەكان سنووری هاوبەشیان بە سوریا و عێراقەوە هەیە.
زیاد لە جارێك ئەردۆغانم بە (سوڵتان) وەسفكردووە، بەڵام ئەمڕۆ بە دیكتاتۆریش ناوی دەبەم، چونكە ئەو جەنگەی كە لە دژی رۆژنامەوانیی لە وڵاتەكەیدا بەرپای كردووە گەیشتووەتە ئەڵمانیا و لەوێش داوای لە حكومەت كردووە رۆژنامەنووسێك دادگایی بكات كە گاڵتەی پێكردووە. پێشتر ئەوەم خوێندووەتەوە كە هیچ كاتێك توركیا بەهەشتی رۆژنامەنووسان نەبووە، بەڵام لەم رۆژگارەی ئەردۆغاندا وەك دۆزەخی لێهاتووە، رۆژنامەنووسان دەستگیر و دادگایی دەكرێن و بە زیندانیكردن سزا دەدرێن و رۆژ بە رۆژ ئازادییەكانیان لە كەمی دەدات. 

ئازادیی ئەكادیمیش هەر سەركوت دەكرێت، كۆشكی داد كە لە 19 نهۆم پێكهاتووە لە ئەستانبوڵ و رەنگە گەورەترین كۆشكی داد بێت لە ئەوروپادا، بەڵام ئەمە راستیەكانی پێناشاردرێتەوە، ئەوەتا چەند رۆژێك لەمەوبەر چوار مامۆستای زانكۆ برانە بەردەم دادگا، تۆمەتەكەیشیان تیرۆر بووە، ئەمە چۆن؟ وەڵـڵا واژۆی داواكارییەكیان كردووە كە داوای دەستپێكردنەوەی دانوستان دەكات لە گەڵ پارتی كرێكارانی كوردستاندا.

 لەو بڕوایەدام دادگا لە بایەخی هەر چوار مامۆستاكە تێدەپەڕێت و مەبەستی تیرۆری مامۆستایانی دیكە و رێگرتنە لە هەر نەیارییەكی ئەكادیمی دژی سیاسەتی ئەردۆغان.
 ئەوەی وتم رێگەی ئەوەم لێناگرێت كە دان بە لێهاتوویی ئەردۆغاندا بنێم، ئەو لە شەقامەكانی ئەستانبوڵەوە دەستی پێكرد و رێگەی بڕی هەتا بووە سەرۆكی شارەوانیی شارەكە و پاشان كە پارتەكەی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوت ئەم بووە سەرەك وەزیران و ئێستایش سەركۆمارە. لەبەرامبەردا داودئۆغڵو ئەكادیمیەكی میانڕەوی كتێب ویستە، سەرەتا وەك راوێژكارێك چووە ریزی پارتی داد و گەشەپێدانەوە و دوایی بووە وەزیری دەرەوە و دواتریش سەرەك وەزیران.
لاچوونی ئەم لە دەسەڵاتدا زیانە بۆ پارتەكە و توركیا و پەیوەندیەكانیشی لەگەڵ ئەوروپادا، چونكە داود ئۆغڵو رووی باشی سیاسەتی توركیایە و لەوانەیشە لە كۆتاییدا ئەردۆغان باجەكەی بدات. 


created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure