مێژووى ئاگر

بۆچوون / بیروڕا :: 09/05/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

له‌ ملیارساڵى یه‌كه‌مى ته‌مه‌نى هه‌ساره‌كه‌ماندا نه‌یزه‌كه‌كان به‌رده‌وام ده‌بارین به‌سه‌ر زه‌ویدا و گڕه‌كانه‌كان له‌ هه‌موو شوێنێك ده‌ته‌قینه‌وه‌. به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا هیچ ئاگرێك نه‌كه‌وته‌وه‌ چونكه‌ ئه‌وكاته‌ ئۆكسجین نه‌بوو كه‌ گرنگترین تووخمى پێویسته‌ بۆ دروستبوونى ئاگر.

پاش ئه‌وه‌ ورده‌ ورده‌ بڕى پێویست له‌و گازه‌ دروست بوو كه‌ ده‌رفه‌تى ژیانى ڕه‌خساند، له‌گه‌ڵیشیدا هه‌موو جارێك ئاگر ده‌كه‌وته‌وه‌ كه‌ هه‌وره‌ بروسكه‌یه‌ك روویبدایه‌ یان بایه‌كى به‌هێز هه‌ڵى بكردایه‌.

له‌و رۆژه‌وه‌، له‌وسه‌رده‌مه‌ دووره‌وه‌ ژیان و ئاگر بوون به‌ هاوتاى یه‌كترى و ئاگر هه‌میشه‌ هاوڕێى ژیان بووه‌ له‌ كاروانى گه‌شه‌كردنیدا، بگره‌ ئاگر دروستكه‌رى ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ بووه‌.

پێش نزیكه‌ى نیو ملیۆن ساڵ مرۆڤى كۆن ئاگرى دۆزییه‌وه‌، یه‌كه‌م بوونه‌وه‌ر بوو كه‌ بزانێت چۆن ئاگر هه‌ڵبكات و بیخاته‌ ژێر كۆنترۆڵى خۆیه‌وه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ هه‌زاران ساڵى خایاند و له‌ شه‌و و رۆژێكدا بۆ مرۆڤ نه‌ڕه‌خسا. له‌وكاته‌وه‌ ئاگر رۆڵێكى سه‌ره‌كى هه‌بووه‌ له‌ مێژووى مرۆڤایه‌تیدا. به‌هۆى ئاگره‌وه‌ مرۆڤ توانى خواردنه‌كه‌ى لێبنێت، بیكوڵێنێت، بیبرژێنێت، ئه‌مه‌ش نه‌ك هه‌ر رێژه‌ى مردنى به‌هۆى ژه‌هراویبوونى خۆراكه‌وه‌ كه‌مكرده‌وه‌ به‌ڵكو سه‌رچاوه‌كانى خۆراكى مرۆڤى زیاتر كرد. له‌وه‌ش گرنگتر ئاگر پرۆتینه‌كانى پێگه‌یاند و له‌ئه‌نجامدا ئاستى سوودوه‌رگرتن له‌ خۆراك به‌رزبووه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ رۆڵی هه‌بوو له‌ زیادكردنى تواناكانى مێشك و پاشان گۆڕینى شێوازى شه‌ویلگه‌ و روخسار و بچوكردنه‌وه‌ى قه‌باره‌ى ریخۆڵه‌كان و گۆڕینى پێكهاته‌ى جه‌سته‌ به‌گشتى.

پێش داهێنانى گۆشتلێنان گۆشت سه‌خت بوو، جووینى زه‌حمه‌ت بوو، چه‌ندین كاتژمێرى ده‌خایاند بۆ هه‌رسكردنى. ئاگر نه‌رمى كرد و هه‌رسكردنیشى ئاسان كرد. ئه‌مه‌ وایكرد مرۆڤ كاتى بێئیشى زۆرى به‌ده‌سته‌وه‌ بێت. ئاگر وه‌ك چۆن شێوه‌ى مرۆڤى گۆڕى، ره‌فتاریشى گۆڕى. ئیتر ژیانى مرۆڤ و چالاكییه‌كانى هه‌ر له‌ رۆژدا نه‌بوون به‌ڵكو درێژه‌یان كێشا بۆ شه‌ویش.

ئاگردانیش ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى ره‌خساند كه‌ بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌ له‌ده‌ورى یه‌ك كۆببنه‌وه‌. ئه‌مه‌ بووه‌ ناوكى كۆمه‌ڵگا سه‌ره‌تاییه‌كان ته‌نانه‌ت پاش دروستبوونى شارستانییه‌كانیش ماڵه‌كان پشكۆى ئاگریان له‌یه‌كترى قه‌رز ده‌كرد كه‌ هه‌ندێك جار ده‌بوونه‌ پشكۆى خۆشه‌ویستى.

ئاگر ده‌رفه‌تى رزگاربوونى بۆ مرۆڤ ره‌خساند له‌ جیهانێكدا كه‌ سیغناخ بوو له‌ مه‌ترسى و دڕنده‌كان. ئاگر ته‌نیا كه‌ره‌سته‌ى پاراستنى بۆ مرۆڤ دابین نه‌كرد به‌ڵكو له‌ نێچیره‌وه‌ كردى به‌ راوچى. جگه‌ له‌مانه‌ش ئاگر مرۆڤى پاراست له‌ سه‌رده‌مه‌ سه‌هۆڵینه‌كاندا، جۆرى خۆراكه‌كه‌ى چاكتر كرد پاشان رۆڵێكى دیكه‌ى به‌رجه‌سته‌ كرد كه‌ له‌ ده‌ورى ئاگره‌كه‌ كۆده‌بوونه‌وه‌ و نه‌خشه‌یان بۆ ئاینده‌ داده‌نا، له‌مه‌وه‌ قسه‌ دروست بوو، زمانه‌كان گه‌شه‌یان كرد و كۆمه‌ڵگاكان پێش كه‌وتن.

مرۆڤ كاتێك توانا ترسناكه‌كانى ئاگرى بۆده‌ركه‌وت بیرى له‌وه‌كرده‌وه‌ چۆن بتوانێت سوودى زیاترى لێ ببینێت. یه‌كه‌مین تاقیكردنه‌وه‌شى له‌م بواره‌دا توانه‌وه‌ى كانزاكان بوو بۆ دروستكردنى رمه‌كان و به‌كارهێنانیان له‌ ململانێ دژى هێزه‌كانى سروشت و دژى هاوڕه‌گه‌زه‌كانى خۆى.

نزیكه‌ى دوو ملیۆن ساڵ تێپه‌ڕى تا مرۆڤ چاخى به‌ردین جێبهێڵێت و بگاته‌ ئاستێك ئاسن بتوێنێته‌وه‌ و پاچ و ته‌وه‌ر و داس دروست بكات و ئینجا شمشێر و خه‌نجه‌ر و سه‌رى تیر و رم به‌رهه‌م بهێنێت. تێكڕاى داهێنانه‌كان كه‌ مرۆڤیان له‌ شۆڕشى كشتوكاڵییه‌وه‌ گواسته‌وه‌ بۆ شۆڕشى پیشه‌سازیى و له‌ ئامێرى هه‌ڵمه‌وه‌ هه‌تا سه‌رده‌مى كاره‌با هه‌موویان به‌ كووره‌ى ئاگردا تێپه‌ڕیون.

گه‌شه‌كردنى شارستانییه‌كان په‌یوه‌ست بوون به‌ جه‌نگه‌وه‌، جه‌نگه‌كانیش په‌یوه‌ست بوون به‌ ئاگره‌وه‌. ئیتر ئاگر ته‌نیا هه‌ر بۆ دروستكردن و تیژكردنى شیر و رم به‌كارنه‌ده‌هێنرا به‌ڵكو بوو به‌ ته‌قه‌مه‌نى و بۆمب و جۆره‌كانى دیكه‌ى ئاگر. 

به‌دڵنیاییه‌وه‌ هیچكام له‌و گۆڕانكارییه‌ گرنگ و مه‌زنانه‌ى مێژوو به‌بێ ئاگر نه‌ده‌هاتنه‌ دى.

ئاگر چه‌كێكى دووده‌م بووه‌ و شانبه‌شانى ئه‌وه‌ى كه‌ سه‌رچاوه‌ى وزه‌ و سووته‌مه‌نى بووه‌ چه‌كێكیش بووه‌ بۆ سووتاندنى كتێبخانه‌كان. ملیۆنه‌ها كتێب له‌ كتێبخانه‌كانى به‌غداد و ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ سوتێنران و به‌م جۆره‌ ئاگر لانى كه‌م هه‌زار ساڵ ره‌وڕه‌وه‌ى مێژووى دواخست. 

بۆ یه‌ك چركه‌ش ناتوانین ژیانى هاوچه‌رخمان بێنینه‌ به‌رچاو به‌بێ هه‌بوونى ئاگر. ئاماده‌كردنى فنجانى قاوه‌ هه‌تا فڕینى مووشه‌ك و فڕۆكه‌كان پێویستیان به‌ وزه‌یه‌ و وزه‌ش پریشكى ئاگرێك دروستى ده‌كات.

ئه‌وه‌ى له‌سه‌رده‌مى هاوچه‌رخدا مرۆڤ به‌ده‌ستى هێناوه‌ ته‌نیا كۆنترۆڵكردنى ئاگر و گۆڕینى شێوازه‌كانیه‌تى.

هه‌تا ساڵى 1666 شارى له‌نده‌ن شارێكى هه‌ڕه‌مه‌كى بوو بێ سه‌روبه‌ر و پیس و پڕ له‌ مشك و خاشاك و پاشه‌ڕۆ. ده‌یان هه‌زار خانووى ته‌خته‌ به‌شێوه‌یه‌كى بێسه‌روبه‌ر به‌سه‌ریه‌كتریدا ترشابوون. نه‌ شه‌قامى پانوپۆڕ و نه‌ گۆڕه‌پان و نه‌ نه‌خشه‌ و نه‌ هیچ ژێرخانێكى شارستانى. له‌وساڵه‌دا ئاگر له‌ یه‌كێك له‌ خانووه‌كاندا كه‌وته‌وه‌، جا له‌به‌رئه‌وه‌ى خانووه‌كان پێكه‌وه‌ نووسابوون ئاگره‌كه‌ به‌خێرایى په‌ره‌ىسه‌ندن و 80%ى شاره‌كه‌ى كرد به‌ خۆڵه‌مێش. ئه‌و كاره‌ساته‌ مرۆییه‌ ده‌رفه‌تێكى پێویست بوو بۆ ئه‌وه‌ى شاره‌كه‌ سه‌رله‌نوێ و له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك بناغه‌ى تازه‌ هه‌ڵسێته‌وه‌. 

چه‌ندین شارى دیكه‌ش وه‌كو له‌نده‌ن قه‌رزارى ئاگرن. له‌ سایه‌ى ئاگره‌وه‌ سه‌رله‌نوێ دروست كراونه‌ته‌وه‌.. په‌كین و رۆما و تۆكیۆ و قاهیره‌ و پاریس و میونخ.

ئاگر وه‌ك چۆن چه‌ندین جار ره‌وتى مێژووى گۆڕیوه‌ و شێوازى شارستانى ده‌ستكارى كردووه‌ ئاوهاش شێوه‌ى شاره‌كانمانى گۆڕیوه‌ تا ده‌گاته‌ شاره‌ زیره‌كه‌كان.

به‌ڵام وه‌ك چۆن ئاگر پێویست بووه‌ و بگره‌ مه‌رجى ده‌ستپێكردن و به‌رده‌وامبوونى ژیان بووه‌ ره‌نگه‌ بشبێته‌ هۆكارێك بۆ كۆتاییهاتنى ژیان و وێرانبوونى زه‌وى. چونكه‌ ره‌نگه‌ شێتێك ده‌ست بنێت به‌ دوگمه‌یه‌كى ئه‌تۆمیدا و زه‌وى بكاته‌ كڵپه‌یه‌ك دۆزه‌خ به‌تایبه‌ت له‌م سه‌رده‌مه‌دا كه‌ شێت و سه‌ركێشى وه‌كو نه‌تانیاهۆ و ترامپ هه‌ڵده‌بژێردرێن.

ئه‌م دۆخه‌ى ئێستا ماناى وایه‌ ئاینده‌ى هه‌موو مرۆڤایه‌تى له‌ مه‌ترسیدایه‌.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure