ترامپ و درۆكانى

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى ئه‌لحه‌یات
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ

له‌ 600 رۆژى ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتیدا سه‌رۆك دۆناڵد ترامپ 5 هه‌زار جار یان درۆى كردووه‌ یان قسه‌كه‌ى نیوه‌ڕاست بووه‌.

سه‌رۆك له‌ ماوه‌ى 3 رۆژى مانگى رابوردوودا، له‌ رۆژانى 24 تا 27ى نیسان 171 درۆى كردووه‌.

بێگومان به‌شێكى زۆرى درۆكانى سه‌رۆك له‌ تویته‌ردا تۆماركراون. بۆ نموونه‌ 160 جار گوتوویه‌تى دیواره‌كه‌ى سنوورى مه‌كسیك له‌ قۆناغى دروستكردندایه‌ كه‌چى له‌ڕاستیدا كۆنگرێس هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ دژى بیرۆكه‌كه‌یه‌.

من له‌ میدیاى ئه‌مریكیدا ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌م خوێندووه‌ته‌وه‌:
- زیاده‌ڕه‌وى كردووه‌ له‌ قه‌باره‌ى كورتهێنانى بازرگانى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ژاپۆن و یه‌كێتى ئه‌وروپا و چیندا.
- ئه‌و ده‌یگوت هیچى نییه‌ بیشارێته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ رۆڵى خۆى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى ساڵى 2016ى ئه‌مریكادا، كه‌چى ئاماده‌نه‌بوو لێكۆڵه‌رى تایبه‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه‌ پرسیارى لێبكات.
- ئه‌و هه‌لى كاره‌ تازانه‌ى كه‌ دابینكراوه‌ زۆر كه‌متره‌ له‌وانه‌ى ترامپ رایانده‌گه‌یه‌نێت.
- فشه‌ ده‌كات له‌ كاریگه‌رى په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییه‌كان له‌گه‌ڵ كه‌نه‌دا و مه‌كسیكدا
- ده‌ڵێت داواى بودجه‌م كردووه‌ بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ى ده‌ریاچه‌ گه‌وره‌كان كه‌چى له‌ڕاستیدا خۆى هه‌وڵيداوه‌ ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییه‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.
- ده‌ڵێت كۆچكردن بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وڵاتانى ناوه‌ڕاستى ئه‌مریكاوه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا تاوان ده‌هێنێت كه‌چى هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ قسه‌كه‌ى نییه‌.
- ئه‌و وا راده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ مێژووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا كه‌س هێنده‌ى ئه‌م باجى كه‌م نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا وانییه‌.
- ئه‌و ده‌ڵێت سعودییه‌ له‌ ماوه‌ى ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مدا به‌ بڕى 450 ملیار دۆلار گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا ئیمزاكردووه‌. ئه‌م قسه‌یه‌ش درۆیه‌ چونكه‌ یارمه‌تییه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا بۆ سعودییه‌ له‌ ساڵێكدا 10 هه‌زار دۆلار تێپه‌ڕناكات.

له‌ هه‌مووى ناخۆشتر درۆكانیه‌تى ده‌رباره‌ى نواندنى سۆز و به‌زه‌یى به‌رامبه‌ر په‌نابه‌ران بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، چونكه‌ هه‌ر حكومه‌ته‌كه‌ى خۆیه‌تى منداڵ له‌ خێزان جیاده‌كاته‌وه‌.

ترامپ پاشه‌كشه‌كردن له‌ سیاسه‌تى جیاكردنه‌وه‌ى دایكان و باوكان له‌ منداڵه‌كانیان به‌ كاره‌سات ناوده‌بات. 

ئێستاش ده‌بینم و ده‌بیستم كه‌ ره‌نگه‌ ترامپ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێران یان له‌گه‌ڵ ڤه‌نزوێلادا ده‌ست پێبكات بۆ رزگاركردنى هه‌ڵمه‌تى خۆپاڵاوتنى كه‌ بۆ جارى دووهه‌م ببێته‌ به‌ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان. تا ئه‌و رۆژه‌ ساڵ و نیوێكى ماوه‌ و له‌ ماوه‌ى ئه‌م ساڵ و نیوه‌دا زۆر شت ره‌نگه‌ رووبده‌ن یان روونه‌ده‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure