نامه‌یه‌كى دۆستانە بۆ سه‌لمانى كوڕى عه‌بدولعه‌زیز ئال سعود

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ
سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین

سه‌لمانى برام (ریتا هیوارس)ت بیر ماوه‌؟ بڕواناكه‌م بیرت بچێته‌وه‌. ئه‌و له‌ په‌نجاكانى سه‌ده‌ى رابوردوودا دولبه‌رت بوو. هه‌روه‌ها دولبه‌رى منیش بوو. تۆ به‌ زێڕ و ئه‌ڵماس داتپۆشى و منیش بۆیه‌ ده‌رهێنانى سینه‌ماییم خوێند بۆ ئه‌وه‌ى بیكه‌م به‌ پاڵه‌وانى فیلمه‌كان، به‌ڵام ئه‌و هه‌ردووكمانى خه‌ڵه‌تاند و شووى به‌ عه‌لى خان كرد. چیرۆكه‌ ناخۆشه‌كه‌ت له‌گه‌ڵیدا هه‌مان چیرۆكى منه‌. 
دوور له‌ سیاسه‌ت ئه‌و چیرۆكه‌ نه‌هێشتنى مه‌حاڵه‌ و هه‌ڵنه‌هاتنى هه‌ست و سۆزى مرۆڤه‌، به‌ڵام تۆ مه‌حاڵت بۆ گه‌له‌كه‌ت كرد به‌ نه‌ریت و هه‌ڵهاتنت كرد به‌ ئایین، چونكه‌ سیاسه‌تت زاڵ كرد به‌سه‌ر خۆتدا.
سه‌لمانى برام سیاسه‌ت له‌شفرۆشه‌، ئه‌و خه‌ونه‌ نییه‌ كه‌ (ریتا هیوارس)ى پێك هێنابوو، تۆ سیاسه‌ت و مزگه‌وتت تێكه‌ڵ كردوو خۆت تێوه‌گلاند تا ئه‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ سعودیه‌ى خۆشه‌ویستى یه‌كه‌مى من و تۆدا بوون به‌ زێرابێكى بۆگه‌ن، تێكه‌ڵ به‌ بۆنى نه‌وت نه‌ك به‌ سروشتى نه‌وت. هه‌رچییه‌كیش له‌ ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكادا ده‌چنرێت بۆ كۆنترۆڵكردنى سعوودیه‌ به‌ كۆنترۆڵكردنى تۆ ده‌ستپێده‌كات. ئه‌مه‌یه‌ سیاسه‌ت، سیاسه‌ت و پیسایى یه‌ك شتن كاتێك كه‌ كۆشكه‌كه‌ت نغرۆ ده‌بێت تیایاندا. ئیتر تۆ ئه‌و سه‌لمانه‌ نه‌ماویت كه‌ پێكه‌وه‌ یه‌ك ئافره‌تمان خۆش ده‌ویست به‌ڵكو بوویت به‌ كۆمبارسێكى هۆلیود كه‌ هیچ نرخێكى نییه‌.
من ده‌مه‌وێت پادشا بیت به‌ راستى و دروستى بۆیه‌ سۆزه‌ راسته‌قینه‌كانت بۆ ده‌گێڕمه‌وه‌ و ده‌مه‌وێت به‌ راستى ببیت به‌ پادشاى مرۆڤایه‌تى كه‌ ساخته‌چییه‌كانى ده‌وروپشتت به‌و ناوه‌وه‌ بانگت ده‌كه‌ن و خۆت و وه‌چه‌كانت هه‌تا هه‌تایه‌ له‌ كۆشكه‌دا دانیشن هاوشێوه‌ى دانیشتنى شاژنى ئینگلیز له‌ كۆشكه‌كه‌یدا. شاژنى ئینگلیز تێگه‌یشت كه‌ باشترین گه‌ره‌نتى بریتییه‌ له‌ دابینكردنى ئازادییه‌كان، تۆش له‌ ئاینده‌دا هه‌ر ده‌بێت له‌و راستییه‌ تێبگه‌یت، چونكه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ سه‌رده‌مى تێگه‌یشتنه‌ دواى ئه‌وه‌ى ته‌كنۆكراته‌كانى كۆشكى سپى تێیگه‌یشتن ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌ڕێوه‌ت ده‌به‌ن، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ش ئه‌وان و سعودییه‌كان رازى ده‌كه‌یت.
له‌نێوان مێژووى سعودییه‌ و مێژووى ئه‌مریكادا دیالێكتیكێكى حه‌شاهه‌ڵنه‌گر هه‌یه‌، كه‌ له‌ڕاستیدا مشتومڕى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌ به‌ڵام دیالێكتیكى خه‌ونه‌كانیشه‌. كه‌واته‌ ئایا ریتا هیوارس یه‌كێك نییه‌ له‌وانه‌ و ئایا مه‌ككه‌ بێجگه‌ له‌ دینه‌كه‌ى هیچى تره‌. 
جا سه‌لمانى برام بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر پادشا بیت پێویسته‌ ڤاتیكانێك دامه‌زرێنیت به‌وشێوه‌یه‌ى كه‌ رۆما پێشنیازى كرد، له‌وه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ كه‌ من له‌ پڕۆژه‌كه‌مدا باسم كردووه‌ و ئیتر به‌ چاوتروكانێك رژێمه‌كه‌ت ده‌گۆڕێت بۆ سیستمێكى ده‌ستوورى دیموكراتى راسته‌قینه‌ نه‌ك له‌ رێى چاكسازییه‌ گاڵته‌قینه‌كانى كوڕه‌كه‌ته‌وه‌ گاڵته‌ به‌ ئه‌قڵى خه‌ڵكه‌كه‌ بكرێت. ئه‌عوزوبیلا له‌ كوڕه‌كه‌ت. ئه‌وه‌نده‌ى دۆناڵد ترامپ ده‌رباره‌ى كوڕه‌كه‌ت ده‌زانێت تۆ نایزانیت.
ره‌مه‌زانت لێ پیرۆز بێت سه‌لمانى برام به‌ڵام كاتێك له‌ نامه‌ى پیرۆزباییه‌كه‌تدا به‌ سعودییه‌كان و هه‌موو موسوڵمانانى جیهان ده‌ڵێیت سعودییه‌ به‌وپه‌ڕى وره‌ و هێزه‌وه‌ رووبه‌رووى توندڕه‌وى و تیرۆر بووه‌ته‌وه‌ و داواى گفتوگۆ و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ توندوتیژى ده‌كات و هه‌وڵ ده‌دات سه‌رچاوه‌كانى تیرۆر وشك بكات و له‌ ره‌گ و ریشه‌وه‌ هه‌ڵیان بكه‌نێت، بیرت ده‌چێته‌وه‌ كه‌ تۆ خۆت خوداى توندڕه‌وى و تیرۆریت. له‌كاتێكدا كه‌ گفتوگۆى راسته‌قینه‌ گفتوگۆكردنه‌ له‌گه‌ڵ مندا وه‌ك هاووڵاتییه‌كى جیهانیى و وه‌ك مرۆڤێكى سعودیى.
وشككردنه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌كانى تیرۆر و ریشه‌كێشكردنیان دوو كرده‌وه‌ن له‌ خۆته‌وه‌ ده‌ستپێده‌كه‌ن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure