1ى ئایار و جیهانبینییه‌كى نوێ

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

ئه‌مساڵ جیهان له‌ بارودۆخێكدا یادى رۆژى جیهانى كرێكاران ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مرۆڤایه‌تى له‌ سایه‌ى سیستمى نوێى جیهانییه‌وه‌ له‌ژێر كۆمه‌ڵێك هه‌ڕه‌شه‌ى ترسناكدایه‌.

فراوانبوونى جیاوازییه‌كانى نێوان هه‌ژاران و چینه‌ خۆشگوزه‌رانه‌كان زۆر زۆر له‌ جاران زیاتره‌ و باشوورى هه‌ژار و دواكه‌وتوو به‌ هه‌نگاوى زۆر له‌ جاران خێراتر له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابوورى و زانستییه‌وه‌ له‌ باكوورى پێشكه‌وتوو دوورده‌كه‌وێته‌وه‌.

قه‌یرانى ئابوورى و هه‌ژارى و نه‌خوێنده‌وارى و تیرۆر و كوشتن له‌سه‌ر ناسنامه‌ و شه‌ڕ و كوشتارى كۆنه‌په‌رستانه‌ و داته‌پینى بارى ژینگه‌ و هه‌ڵكشانى هه‌ڵمه‌تى تاڵانكردنى سامانى گه‌لانى چه‌وساوه‌ و هه‌ژمونى راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆى ئیمپریالیزم هێڵه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ئه‌م رۆژگاره‌ ره‌شه‌ن كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا قێزه‌ونترین رۆڵى تێدا ده‌بینێت. 

داگیركارى و پێشێلكردنى ئاشكراى سنوورى وڵاتان و ئاواره‌بوونى ملیۆنه‌ها كه‌س و هه‌ڵگیرساندنى ئاگرى شه‌ڕى مه‌زهه‌بى و خێڵه‌كى له‌ ناوچه‌كه‌دا ئاسۆى ئاینده‌یه‌كى گه‌ش و هیوابه‌خشیان لێڵ كردووه‌. رایه‌ڵه‌ى كۆمه‌ڵگا به‌ته‌واوى شێواوه‌ و چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌و شێوه‌ كلاسیكییه‌ى جاران نین كه‌ مێژوو دروستى كردبوون و ئێستا كۆمه‌ڵه‌ هێزێكى به‌كرێگیراوى لیبراڵ جڵه‌وى سیاسه‌تى وڵاتانى جیهانى سێهه‌میان گرتووه‌ته‌ ده‌ست كه‌ به‌ ته‌واوى پێچه‌وانه‌ى ئاواته‌ پیرۆزه‌كانى مرۆڤن له‌ دادى كۆمه‌ڵایه‌تى و یه‌كسانى و ئازادیدا.

هه‌لپه‌رستیی كارێكى كردووه‌ كه‌ هێزه‌ به‌ رواڵه‌ت دژبه‌یه‌كه‌كان له‌پێناوى ده‌سه‌ڵاتدا ده‌بنه‌ هاوپه‌یمانى یه‌كترى و به‌ هه‌موو رێگایه‌ك هه‌وڵده‌ده‌ن سه‌رهه‌ڵدانى هێزى راسته‌قینه‌ى گۆڕین سه‌ركوت بكه‌ن، به‌ڵام رۆژ به‌ڕۆژ شكستى تازه‌ تۆمارده‌كه‌ن له‌ بواره‌كانى ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تیدا.

ره‌نجده‌ران و چه‌وساوه‌ و زۆرلێكراوه‌كان بۆ ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕین له‌ گوزه‌رانى سه‌ختى ژیانیان رێگاى خۆپیشاندان و مانگرتن و خه‌باتى چه‌كدارى و جه‌نگى میللیان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى جیهاندا گرتووه‌ته‌به‌ر. له‌ به‌رامبه‌ردا هێزه‌ هه‌لپه‌رست و ریفۆرمیسته‌ ساخته‌چییه‌كان هه‌تا دێت زیاتر نغرۆ ده‌بن له‌ زه‌لكاوى ناپاكى و راده‌ستبووندا و ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بووه‌ ئه‌م سیستمه‌ خوێنمژه‌ى سه‌رمایه‌دارى ئارایشت بكه‌ن.

عێراق و كوردستانیش به‌ده‌رنین له‌م وێنه‌ تراجیدییه‌ و هه‌موو ئه‌و كێشه‌ و كاره‌ساتانه‌ى ئاماژه‌مان پێدان له‌ وێنه‌یه‌كى بچووككراوه‌دا له‌ كوردستاندا هه‌ستیان پێده‌كرێت. بێكارى و به‌لاڕێدابردنى خه‌باتى سه‌ندیكایى و چینایه‌تیى و ره‌واج به‌خشین به‌ كه‌لتوورێكى سواو و قۆرخكردنى بازاڕ و دڵڕاگرتنى هێزه‌ تیرۆریستییه‌ ته‌كفیرییه‌كان و خۆبه‌ستنه‌وه‌ى بێ قه‌ید و شه‌رت به‌ سه‌رمایه‌دارى جیهانیى و ناوچه‌ییه‌وه‌ هه‌رگیز نوقڵانه‌ى ئاینده‌یه‌كى پرشنگدار نین بۆ گه‌لى كوردستان و گه‌لانى عێراق كه‌ له‌ پێناوى ئازادى و دیموكراسى راسته‌قینه‌ و دادى كۆمه‌ڵایه‌تى ساڵه‌هاى ساڵه‌ قوربانى ده‌ده‌ن.

خۆشبه‌ختانه‌ نیشانه‌كانى شكستهێنانى ئه‌م سیستمه‌ بێ به‌زه‌ییه‌ خه‌ریكن ده‌رده‌كه‌ون و له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تى و چه‌واشه‌كارییانه‌شدا هه‌تا دێت چه‌وساوه‌كان هوشیارتر ده‌بن و متمانه‌یان به‌ به‌ڵێن و درۆى هێزه‌ شكستخواردووه‌كان له‌قتر ده‌بێت. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure