ئەو نیعمەتەشی هەبووە

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 3 هەفتە

لەناو كوردە حەیاتەكەدا نیشانەكانی هۆشیاریی سیاسی و نیشتمانپەروەریی زۆرن. یەكێكیان ئەوەیە كاتێك كە باسی سایكس-پیكۆ كرا مووی دەمارت هەڵسێ‌ و بە عەرز و عروزی ئیستیعماردا بێیتە خوارێ‌ چونكە هاتوون كوردستانی گەورەیان پاقلاوائاسا قاش كردووە و خەونی ناسیۆنالیزمە خەمڵیوەكەی كوردیان لەباربردووە.


یەكێك نەزانێ‌ ئەڵێ‌ ئێمە پێشتر سەدان بسمارك و گاریباڵدی-مان هەبووە و خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان بووین! هەر لەسایەی ئێمەوە رۆشنگەرییەكەی ئەورپا گەیشتووەتە دوامەنزڵ، كەچی ئەو ئینگلیزە سەرخڕە بێناموسە هات و بەو سایكس-پیكۆ لەعنەتییە كوردی خستەوە سەر پلێت!


موناسەبەتی ئەم قسانە چییە؟ وابزانم وتارێك بوو برادەرێكی عەرەب نووسێوێتی ئەڵێ‌ سایكس-پیكۆ سەرهەڵدانی داعشی سەدساڵ دواخست... یەعنی ئەم بەزمی خەلافەت و كەلتوورە سیاسییەی كە داعش و هاوئاوازەكانی دەهۆڵی بۆ دەكوتن هەموویان بابەت و چەمك و جیهانبینیی پێش مۆدێرنیتەن كە پاریس و لەندەن لە سایكس-پیكۆدا تەفروتونایان كردن.


باشترین بەڵگەش حاڵ و وەزعی ئەمڕۆی ناوچەكەیە كە ناچارمان ئەكات بڵێین (رەحمەت لە كفن دز).

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure