مرۆڤ وەكو هەست

بۆچوون / بیروڕا :: 27/04/2019

سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلبەیان
نووسینی: ئەحمەد بەرقاوی
وەرگێڕانی: دكتۆر شێركۆ

مرۆڤ چییە؟
ئەم پرسیارە هەموو گۆڕەپانەكانی مەعریفەی گرتووەتە هەر لە فەلسەفەوە بۆ دەروونناسی و كۆمەڵناسی و فیسیۆلۆجی و دەمارناسی و بایۆلۆجیی، تائێستاش وەڵامێكی روون و ئاشكرا بۆ ئەو پرسیارە نەدۆزراوەتەوە.
هەست ئەزموونێكی خودی تاكە لە پەیوەندییەكەیدا بە جیهانی دەوروبەرەوە و پێكهاتووە لە تێگەیشتن و كاردانەوەی وشیارانە بەرامبەر كێشە و باس و خواست و رووداوەكان.
كەسێك كە بڕوای بە لێبوردن و ئاشتی و مافی ژیانی بۆ هەموو كەسێك هەبێت ناتوانێت هەست بە تووڕەبوونێكی زۆر و بێزاری و نائومێدی نەكات بەرامبەر بە كارێكی تیرۆریستی كە كۆمەڵە خەڵكێك دەكوژێت هیچ گوناهێكیان نییە جگە لەوەی بە شەقامێكی قەرەباڵغدا دەڕۆن یان لە پەرستگایەكدا خەریكی پەرستشن.
لەبەرامبەردا دەبینین بكوژەكە سەبارەت بەم كارەی كە كردوویەتی هەست بە خۆشحاڵی و سەركەوتن دەكات.
گومانی تێدا نییە هەستی یەكەم كە تووڕەبوون و رەتكردنەوە و ئازارچێژتنە بەرامبەر بە كوشتنی خەڵكی هەستێكی رەوشتی ئەرێنییە. لەكاتێكدا كە هەستی دووهەم هەستێكی ناڕەوشتی و نەرێنییە و بەم جۆرە.
ئێمە كاتێك پێناسەی نیشتمانپەروەری دەكەین بەوەی كە بریتییە لە خۆشەویستی نیشتمان و پابەندبوون پێوەی لەڕاستیدا مانای وایە نیشتمانپەروەری خۆشەویستییەكە رەفتارێكی هاوچەشنی عەشق بەرهەم دەهێنێت.
ئێمەی مرۆڤ خاوەنی كۆمەڵە هەستێكی هاوبەشین بەتایبەت لەو مەسەلانەدا كە پەیوەستن بە خۆشویستنی ژیان و پاراستنییەوە. بەڵام لەهەمان كاتدا هەستەكانی مرۆڤ پەیوەستن بە زانیاری و بیروباوەڕەكانی پێشتر و بەها باڵادەستەكان و پەروەردە و دابونەریت و كۆمەڵێك فاكتەری ترەوە.
كۆمەڵگا یەكێكە لە سەرچاوە هەرە گرنگەكانی هەست لەلای مرۆڤ. بۆیە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە هەستی خۆی بكاتە پێوەرێك هەستی خەڵكانی تری پێ‌ بپێوێت.
بۆ نموونە هەستكردن بە جوانی مەسەلەیەكە خودیشە و بابەتیشە. واتە تابلۆیەكی هونەرمەند سلڤادۆر دالی رەنگە لەلای تۆ ناشیرین بێت بەڵام لەلای من سیمبولی جوانی و هونەر بێت.
لەم قسانەی سەرەوە كێشەیەك دێتە ئاراوە كە قورسترین و ئاڵۆزترین كێشەیە ئەویش ناكۆكییە لەنێوان هەست و رەفتاردا، هەر ئەم ناكۆكییەشە كە ترسناكترین جۆری نامۆیی لە ناخی مرۆڤدا دروست دەكات.
لەم بارەیەوە گەلێك شیعر و وتەی بەنرخ وتراوە، بۆ نموونە موتەنەبی سەبارەت بە پەیوەندی خۆی بە كافووری ئیخشیدییەوە دەڵێت ناخۆشترین دەردی دنیا ئەوەیە ناچار ببیت هاوڕێیەتی دوژمنەكەت بكەیت. لەم وتەیەدا موتەنەبی هەستی تایبەتی خۆی وەك مرۆڤێكی ئازاد بەرز دەكاتەوە بۆ ئاستێكی گشتی و وێنەی هەستی مرۆڤی ئازادمان بۆ دەكێشێت.
مرۆڤی ئازاد مرۆڤێكە هەست بە نرخی خۆی دەكات و كەس ناتوانێت ناچاری بكات بۆ ئەنجامدانی كارێك كە نەیەوێت و حەزی پێ‌نەكات.
هەستكردن بە ئازادی بەدڵنیاییەوە ئەو هەستە بەرهەم دەهێنێت كە دوژمنی ئازادییەكەت رەد بكەیتەوە. كەچی ناچاریت ببیتە هاوڕێ‌ی دوژمنەكەت واتە هاوڕێ‌ی ئازادییەكەت. لەكاتێكدا كە هاوڕێیەتی هەستێكە ئەو رەفتارە دروست دەكات جیاوازە لە رەفتارەكانی دیكە و لێوانلێوە لە دۆستایەتی و بایەخپێدان و قوربانیدان و گوزارشتكردن لە خۆشەویستی.
ئەگەر تۆ ئازاد بیت و لەهەمان كاتدا ناچار بكرێیت هاوڕێیەتی دوژمنەكەت بكەیت مانای وایە ناچاریت رەفتاری دۆستایەتی نیشان بدەیت كە پێچەوانەی رەفتاری دوژمنایەتییە. كەواتە لێرەدا تۆ دوو كەسیت  نەك یەك مرۆڤ. مرۆڤێك ئازاد و راستگۆیە لە هەستەكانیدا و مرۆڤەكەی تر درۆزنە لە دەربڕینی هەستەكانی خۆی.
لەڕاستیدا سەركوتكەری ئەئەمەیە. هەموو مرۆڤێكی سەركوتكەر كەسێكی بێزراوە. پابەندبوون بە مرۆڤی  واو لایەنگری كردنی دۆخێكی ناتەندروست و بەرژەوەند پەرستانەیە.
كەسی سەركوتكەر و دیكتاتۆر كاتێك خەڵكەكە ناچار دەكات ستایشی بكەن و چەپڵەی بۆ لێبدەن ئەوا بە كردەوە داوا لە خەڵكەكە دەكات و پێیان دەڵێت درۆ بكەن و هەستی راستەقینەی خۆتان دەرمەبڕن. گوتارێك و رەفتارێكم نیشان بدەن كە هەست و ویژدانتان سەركوت بكات. ئایا هیچ نامۆییەك لەم نامۆییە  ناخۆشتر هەیە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure