بۆچی ستراتیجه‌كه‌ی ترامپ به‌رامبه‌ر ئێران شكست ده‌خوات؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینی: ئارون دابیت میله‌ر و ریچارد سۆكۆلسكی
سه‌رچاوه‌: ریه‌ڵ كلیه‌ر وۆرڵد
وه‌رگێڕانی: دكتۆر شێركۆ

ئیداره‌ی ترامپ كۆمه‌ڵه‌ ئامانجێكی روون و ئاشكرای هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر ئێران: پێویسته‌ تاران مه‌رجه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان قبووڵ بكات بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆ ده‌رباره‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ی كه‌ ئیمزای كرد له‌گه‌ڵ واشینتۆن و هێزه‌كانی دیكه‌دا، هه‌روه‌ها كۆتایی بهێنێت به‌ سیاسه‌ته‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا و گه‌شه‌پێدانی مووشه‌كه‌ بالیستییه‌كان بوه‌ستێنێت.
ئه‌وه‌ی كه‌ ئیداره‌كه‌ی ترامپ نییه‌تی ستراتیجێكی واقیعبینانه‌یه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجانه‌. راگه‌یاندنه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان مایك پۆمپیۆ سه‌باره‌ت به‌ كۆتایی هاتنی ئه‌و واده‌یه‌ی به‌خشرابوو به‌ 8 وڵات بۆ هاورده‌كردنی نه‌وتی ئێران ناتوانێت حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌ به‌دیهێنانی ئه‌و ستراتیجه‌ نزیكتر بكاته‌وه‌.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ له‌ئارادایه‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ گوشاری زیاتر بخاته‌ سه‌ر هاووڵاتییانی ئێران به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵوێستی تاران بگۆڕێت یان لاوازی بكات چ جای ئه‌وه‌ی رژێمه‌كه‌ بگۆڕێت.
گوشاركردن - له‌شێوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربازی و ئابڵوقه‌ی ئابووری و گۆشه‌گیركردنی دیپلۆماسی - كاتێك كاریگه‌ر ده‌بن كه‌ بخرێنه‌ چوارچێوه‌ی ستراتیجێكی گشتگیر و واقیعییه‌وه‌ كه‌ هه‌م پاداشتی تێدا بێت هه‌م سزا. به‌ڵام ستراتیجێك كه‌ پێداگری بكات له‌سه‌ر 100%ی داواكارییه‌كانی ئیداره‌ی ترامپ و نكوڵی بكات له‌ هه‌موو داواكارییه‌كی ئێران به‌ دڵنیاییه‌وه‌ رووبه‌ڕووی شكست ده‌بێته‌وه‌ چونكه‌:
- هه‌نارده‌كانی ئێران ناكرێن به‌ سفر
ئیداره‌كه‌ی ترامپ بڕیاری به‌سفركردنی هه‌نارده‌ نه‌وتییه‌كانی ئێران له‌سه‌ر چه‌ند ئه‌گه‌رێك داڕشتووه‌؛ یه‌كه‌م: سعودییه‌ و ئیمارات به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت زیاد ده‌كه‌ن بۆ رێگریكردن له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌. دووهه‌م: كڕیاره‌ گه‌وره‌كانی نه‌وتی ئێران كه‌ بریتین له‌ هیندستان و چین و توركیا ناچار ده‌بن له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا هاورده‌كردنی نه‌وتی ئێران كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌ چونكه‌ ده‌ترسن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئابڵووقه‌ی زیاتریان بخاته‌ سه‌ر.
سێهه‌م: ئێران بژارده‌ی كه‌می له‌به‌رده‌مدایه‌ بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی نه‌وت به‌ مه‌به‌ستی زیادكردنی داهات له‌ نه‌وته‌ هه‌نارده‌كراوه‌كه‌ی.
به‌ڵام واقیع پێچه‌وانه‌ی ئه‌م خه‌مڵاندنانه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌. پێناچێت سعودییه‌ و ئیمارات بۆ ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ ئاستی به‌رهه‌مهێنانیان به‌رزتر بكه‌نه‌وه‌، به‌هۆی نیگه‌رانییان له‌ سه‌قامگیریی بازاڕی نه‌وتدا.
نه‌وته‌ قورسه‌كه‌ی ئێران كه‌ زۆر وڵات پێویستی پێیه‌تی به‌ نه‌وته‌ خاوه‌ سوكه‌كه‌ی سعودیه‌ جێگه‌ی پڕناكرێته‌وه‌. توركیا و چین و هیندستان و ره‌نگه‌ هه‌ندێك هاوپه‌یمانی ئه‌وروپیش هه‌وڵ بده‌ن خۆیان له‌ ئابڵوقه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بدزنه‌وه‌ له‌به‌ر هۆكاره‌ ئابووری و جیۆپۆلیتیكییه‌كان.
هه‌روه‌ها ئێران ده‌توانێت ره‌وانه‌كردنی نه‌وت به‌ كه‌نداوی فارسیدا كه‌م بكاته‌وه‌. تاران هه‌ڕه‌شه‌ی داخستنی گه‌رووی هورمز ده‌كات و ده‌توانێت كرده‌وه‌ی ئه‌لیكترۆنی ئه‌نجام بدات دژی ژێرخانی نه‌وتی ئه‌وبه‌ری كه‌نداو.
- ئابڵوقه‌كان سیاسه‌تی ناوچه‌یی ئێران ناگۆڕن
كۆتایهاتنی مۆڵه‌تی رێگه‌پێدان به‌ هاورده‌كردنی نه‌وتی ئێرانی و هه‌روه‌ها بڕیاری واشینتۆن سه‌باره‌ت به‌ سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وه‌ك رێكخراوێكی تیرۆریست هیچیان ناتوانن به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی هه‌ڵوێست و سیاسه‌تی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌دا بگۆڕن.
به‌لای حكومه‌تی ئێرانه‌وه‌ پشتگیریكردنی هاوپه‌یمانه‌ شیعه‌كان له‌ ئێران و سوریا و لوبنان و به‌تایبه‌ت له‌ یه‌مه‌ندا وه‌ك مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆی ده‌بینێت. سیاسه‌تێكه‌ دژی هه‌ژموونی سوونه‌ و سه‌نگه‌رێكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كاریگه‌ری ئه‌مریكا.
تاران حاڵی حازر پشتیوانیكردنی دارایی ئه‌م هاوپه‌یمانانه‌ی كه‌مكردووه‌ته‌وه‌ و ره‌نگه‌ ناچار بێت زیاتریش كه‌میان بكاته‌وه‌. به‌ڵام تاران ئاماده‌یه‌ قوربانی گه‌وره‌ بدات بۆ به‌رگریكردن لێیان.
هاوپه‌یمانه‌ ناوچه‌ییه‌كان و دۆسته‌كانی ئێرانیش پاڵنه‌ر و شێوازی خۆیان هه‌یه‌ بۆ هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ تاران و پشتیوانیكردنی سیاسه‌ته‌كانی.
- گۆڕینی رژێم خه‌یاڵه‌
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت (هه‌ڵمه‌تی ئه‌وپه‌ڕی گوشار) بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئێران به‌ ناچاریی بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ. ئه‌م قسه‌یه‌ جێگه‌ی باوه‌ڕ نییه‌ چونكه‌ پۆمپیۆ و جۆنبۆڵتنی راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا دوو پاڵه‌وانی دێرینی هه‌وڵی گۆڕینی سیستمی حوكمڕانی تارانن.
دوانزه‌ داواكارییه‌كه‌ی پۆمپیۆ له‌ ئێران كه‌ ساڵی رابوردوو ئاشكرای كردن به‌ كرده‌وه‌ فه‌رمانه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئێران له‌ مه‌سه‌له‌ی رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌ و سیاسه‌تی ناوچه‌یی و تاقیكردنه‌وه‌ موشه‌كییه‌كان و ته‌واوی ئه‌و كرده‌وانه‌ خۆی به‌ده‌سته‌وه‌ بدات كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان حه‌زی پێیان نییه‌.
ئێران په‌له‌ی نییه‌ بۆ گفتوگۆكردن وای به‌ چاكتر ده‌زانێت چاوه‌ڕێی كۆتاییهاتنی ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ترامپ بكات به‌و هیوایه‌ی كه‌ جارێكی دیكه‌ هه‌ڵنابژێردرێته‌وه‌ و ئه‌وسا ئیتر حكومه‌تی داهاتووی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌كه‌.
گۆڕینی رژێم له‌ڕێی گوشاری ده‌ره‌كییه‌وه‌ خه‌یاڵه‌. بۆ نموونه‌ سه‌یری هه‌وڵه‌كانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ بۆ له‌كۆڵكردنه‌وه‌ی رژێمی مادورۆ له‌ ڤه‌نزوێلا.
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌رامبه‌ر به‌ ڤه‌نزوێلا چه‌ندین كارتی گرنگی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، له‌ڕووی جوگرافییه‌وه‌ نزیكییه‌تی و ئۆپۆزسیۆنێكی شه‌رعیش هه‌یه‌ له‌سه‌ر زه‌وی و وتوانیویه‌تی ئابووری ڤه‌نزوێلا بخنكێنێت، كه‌چی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا واشینتۆن و هاوپه‌یمانه‌كانی سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه‌.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ رژێمی ئێران به‌لای ملیۆنه‌ها ئێرانییه‌وه‌ شه‌رعییه‌تی هه‌یه‌ و ماوه‌ی 40 ساڵه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدایه‌ و خاوه‌نی هێزێكی سه‌ركوتكه‌ری زه‌به‌لاحه‌ و رووبه‌ڕووی ئۆپۆزسیۆنێكی رێكخراو نه‌بووه‌ته‌وه‌ و په‌كین و مۆسكۆش پشتیوانی لێ ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ خه‌یاڵه‌ گه‌ر واشینتۆن وابزانێت ده‌توانێت رژێمی ئێران بگۆڕێت. ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری له‌ ناوه‌وه‌ش رووبدات له‌ژێر هه‌ژموونی خودی ئێرانییه‌كاندا ده‌بێت. له‌ڕاستیدا ترامپ پێش مه‌لاكان ده‌ڕوات.
ئیداره‌ی ترامپ ده‌توانێت ئازاری قورس به‌ ئێران بگه‌یه‌نێت به‌ڵام ناتوانێت نائارامیی گه‌وره‌ی ناوخۆیی وا دروست بكات كه‌ رژێمه‌كه‌ هه‌ره‌س بهێنێت یان گۆڕانكاریی بنه‌ڕه‌تی له‌ سیاسه‌تی ناوچه‌یی تاراندا دروست ببێت.
سترانیجی ئیداره‌ی ترامپ له‌ راستیدا ده‌بێته‌ هۆی زه‌حمه‌تتر كردنی گوزه‌رانی هاووڵاتیانی ئێران و دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی زیاتر له‌ ناوچه‌كه‌دا و ناكۆكی زیاتر له‌نێوان ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و هاوپه‌یمانه‌ ئه‌وروپییه‌كانیدا. هه‌روه‌ها مه‌ترسی زیاتر دێته‌ ئاراوه‌ سه‌باره‌ت به‌ ململانێكانی نێوان واشینتۆن و تاران كه‌ كۆمه‌ڵه‌ ئه‌نجامێكی ترسناك و مه‌زه‌نده‌نه‌كراوی ده‌بێت بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی واشینتۆن له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure