داوه‌ تێكئاڵاوه‌كانى تیرۆر

بۆچوون / بیروڕا :: 24/04/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لیوم ئه‌لسابیع
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ


له‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كانى كڵێساكان و هۆتێله‌كانى سریلانكادا جێده‌ستى داعش دیاربوو، ئه‌و ته‌قینه‌وانه‌ى كه‌ 300 كوژراو و نزیكه‌ى 500 بریندارى لێكه‌وته‌وه‌. سروشتى ته‌قینه‌وه‌كان تاقه‌ به‌ڵگه‌ نه‌بوون كه‌ داعش به‌رپرسیاره‌ به‌ڵكو به‌ڵگه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌بوو كه‌ چاوه‌ڕوانده‌كرا ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریسته‌ به‌رده‌وامى بدات به‌ چالاكییه‌كانى خۆى بۆ ئه‌وه‌ى بیسه‌لمێنێت كه‌ هێشتا ماوه‌ و كاریگه‌ره‌ به‌تایبه‌ت دواى ئه‌و شكسته‌ گه‌ورانه‌ى كه‌ له‌ سوریا و عێراق به‌سه‌ریدا هاتن. 

نه‌خشه‌كان ئاماژه‌یان بۆ ئاسیا ده‌كرێت وه‌ك بوارێكى جموجۆڵ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى چه‌ند خاڵێكى لاواز له‌كاتێكدا كه‌ وڵاتانى ترى خاوه‌ن ئه‌زموون له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆردا چووبوونه‌ ئه‌وپه‌ڕى ئاماده‌باشییه‌وه‌.

داعش ده‌یه‌وێت جه‌خت بكاته‌وه‌ كه‌ هێشتا ماوه‌ و تێكنه‌شكاوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ى كه‌ راپۆرته‌ ئه‌مریكییه‌كان باسى لێوه‌ ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت ده‌زگا ئه‌منییه‌كانى عێراقیش چه‌ندینجار رایانگه‌یاند كه‌ داعش چه‌ندین تاقم و شانه‌ى له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى عێراق و شامدا بڵاوبوونه‌ته‌وه‌ و چاوه‌ڕێى جموجۆڵن.

مۆركێكى ترى داعش دڕنده‌یى و نامرۆڤانه‌بوونى بێ راده‌ى ئه‌و كاره‌ تیرۆریستیانه‌ بوو دژى خه‌ڵكى بێ تاوانى سریلانكا، چونكه‌ داعش ده‌مێكه‌ هه‌موو سنووره‌ ره‌وشتى و ئاینى و مرۆڤایه‌تییه‌كانى پێشێلكردوه‌. جێى سه‌رنجه‌ داعش دوو رۆژ دواى رووداوه‌كه‌ به‌رپرسیارێتى خۆى لێ راگه‌یاند و ئه‌م دواكه‌وتنه‌ تا راده‌یه‌ك جێگه‌ى پرسیاره‌، چونكه‌ سه‌ره‌تا گومان ده‌كرا كۆمه‌ڵه‌یه‌كى ناوخۆیى سریلانكا به‌رپرسیاربن له‌و تاوانه‌ كه‌ بیروباوه‌ڕى قاعیده‌یان هه‌ڵگرتووه‌ و پاشان بوونه‌ته‌ داعش. ته‌نانه‌ت 40 گومانلێكراویشیان ده‌ستگیر كران.

ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ ساڵى رابوردوو ناوبانگى په‌یدا كرد كاتێك كه‌ په‌یكه‌ره‌كانى بوودایان له‌ سریلانكادا تێكشكاند. له‌ وڵاتێكدا كه‌ رێژه‌ى موسڵمانان تیایدا هه‌ر هه‌مان رێژه‌ى مه‌سیحییه‌ و هه‌ریه‌كه‌یان 10%ى دانیشتوان پێكده‌هێنن و زوربه‌ى خه‌ڵكه‌كه‌ى بوودایین. 

ئه‌نجامدانى ئه‌م كاره‌ تیرۆریستییه‌ له‌ سریلانكادا ماناى وایه‌ ده‌یان و بگره‌ سه‌دان ئه‌ندامى داعش له‌ سوریا و عێراقه‌وه‌ روویان كردووه‌ته‌ سریلانكا.

رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ ناوخۆییه‌كه‌ى سریلانكاش له‌ڕاستیدا لقێكى داعشه‌ له‌و وڵاته‌دا و پێشتر ژماره‌یه‌كیان خۆیان گه‌یاندبووه‌ سوریا و عێراق و په‌یوه‌ندییان كردووه‌ به‌ داعشه‌وه‌ كه‌ گومان ده‌كرێت هه‌ر ئه‌مانه‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژییه‌كانى سریلانكایان ئه‌نجامدابێت.

گومان زۆره‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ وڵاتى قه‌ته‌ره‌وه‌ هه‌بێ و چه‌ندین وێنه‌ى ئه‌م سه‌ركردانه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یوسف قه‌رزاویدا. گومان ده‌كرێت ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش له‌ رێگه‌ى توركیاوه‌ گوێزرابنه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك وڵاتى ئاسیا وه‌ك پاكستان و تایلاند و مالیزیا و سریلانكا. پێشتریش توركیا هه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ى بینیوه‌ بۆ هاتوچۆى داعش بۆ سوریا.

هه‌موو ئه‌م راپۆرتانه‌ نیشانه‌ى ئه‌وه‌ن كه‌ داعش وه‌كو رێكخراوێك به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ وه‌رگرتنى پشتیوانى و به‌پێى نه‌خشه‌ و به‌رنامه‌ى دیاریكراو ده‌جووڵێته‌وه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ى خاڵى لاواز و به‌جیهانیكردنى تیرۆر. 

پێده‌چێت كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ى سریلانكا به‌شێكى ترى داوه‌ تێكئاڵاوه‌كانى تیرۆر ئاشكرا بكات.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure