لەنێوان وشكەساڵی و لافاودا

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 4 هەفتە

نووسینی: سامر ئەلحیجانی
سەرچاوە: ئەلحیوار ئەلموتەمەدین

لە وەرزی رابردوودا عیراق رووبەڕووی شەپۆلێكی توندی وشكەساڵی بووەوە كە كاریگەریی زۆری كردە سەر ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاست. زۆر گوند و شاری گەورە رووبەڕووی بێ‌ ئاوی بوونەوە و خەڵكێكی زۆر ناچار بوون ناوچەكانی خۆیان چۆڵ بكەن. تەنانەت پارێزگای بەسرە رووبەڕووی قەیرانێكی مرۆیی ترسناك بووەوە كە حكومەت بە پینە و پەڕۆ خێرا هەندێك چارەسەری بۆ دۆزییەوە.

بەشێكی زۆری ئاوی عێراق سەرچاوەكانیان لە دەرەوەی سنوورەكانی عیراقن. ئەم مەسەلەیەش هەمیشە لەژێر كاریگەریی مەسەلە سیاسییەكاندا بووە، بۆیە هەندێك جار رووبەڕووی كەمی ئاو دەبێتەوە و هەندێك جاری تریش هێندە ئاوی زۆری بۆ بەردەدەنەوە كە دەبێتە لافاو.

هیچكام لەو وڵاتانە پابەند نابن بە بەڵێن و رێككەوتنەكانیانەوە سەبارەت بە پشكی عێراق لەو ئاوانەدا. هەروەها پلانی روون و ئاشكراش نییە پێداویستی ساڵانەی عیراق دیاری بكات لەو رووەوە بەتایبەت كە عیراق گەشەكردنێكی زۆری ژمارەی دانیشتووان بەخۆوە دەبینێت و رووبەڕووی بەرزبوونەوەیەكی بێ‌ وێنەی پلەكانی گەرما بووەتەوە.
هەروەها ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستیش پرۆژەی ستراتیجی وایان تیادا دروست نەكراوە كە كەمی و زۆری ئاو چارەسەر بكەن و ماوەی 50 ساڵ دەبێت هیچ هەنگاوێك لەو بارەیەوە نەنراوە. تەنیا رێژەی 5%ی بودجە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی ئاو دانراوە. پانتاییەكی زۆری هۆڕەكان وشك بوون كە پێشتر ئەنباری سروشتی ئاو بوون. كەناری رووبارەكانیش بە بیانووی دروستكردنی سەیرانگا و پڕۆژەی وەبەرهێنانی جۆراوجۆرەوە دەستدرێژی زۆریان كراوەتە سەر.
رۆڵی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكان لە زوربەی پارێزگاكاندا هەستی پێ‌ ناكرێت و مەسەلەكە رووبەڕووی حكومەتە خۆجێییەكان كراوەتەوە كە لەناو خۆیاندا ململانێیانە لەسەر پشكەكانی ئاو. بۆیە كشتوكاڵ لە زوربەی پارێزگاكاندا پاشەكشەی كردووە و بەرهەمی خۆماڵی نەماوە و جووتیارەكان دەبن بە كرێكار لە شار و شارۆچكەكاندا.
وڵات هێشتا ئەو قەیرانەی بەتەواوی تێنەپەڕاندبوو كە هەڕەشەی لافاو لە وەرزی زستاندا سەری هەڵدا  و پارێزگاكانی عێراقی هەر لە باكوورەوە تا باشوور خستە مەترسییەوە. لەبەر ئەوەی زوربەی بەنداوەكان لە پارێزگاكانی باكوورن زیانەكان گەورە نەبوون و توانرا قەیرانەكە تێبپەڕێنرێت، بەڵام كێشەكە لە بەغداوە دەستی پێكرد كە هەتا بەسرەی گرتەوە. بەشێكی زۆری گوندنشینەكانی باشوور ئاوارە و سەرگەردان بوون بەبێ‌ ئەوەی رێوشوێنێكی راستەقینە هەبێت بۆ گواستنەوەیان و كەمكردنەوەی زیانەكان لەسەریان. لەكاتێكدا كە زووربەی هۆڕەكان بە وشكی ماونەتەوە و هەتا ئێستا ئاویان بۆ نەچووە. لەبەرئەوەی چەند لایەنێكی دەسەڵاتدار دەستیان بەسەر زەوی ئەو ناوچانەدا گرتووە و حكومەت دەرەقەتیان نایەت.
رووداوەكانی ساڵی رابوردوو نامەیەكی ئاشكرای گەیاند بە كاربەدەستان كە لەو خەوی غەفڵەتە بێدار ببنەوە و رێكاری راستەقینە بگرنە بەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكان و پلانی فریاگوزاری خێرا دابنێن بۆ ئەوەی لە ئایندەدا رووداوی لەو جۆرە نەبینینەوە. هەروەها پێویستە چەند پڕۆژەیەكی گرنگ بەئەنجام بگەیەنن كە ئاوی بارانەكان لەخۆ بگرن و پێداویستییەكانیان پێ‌ دابین بكرێت. هەروەها تەواوی ئەو دەستدرێژییانە لاببات كە كراونەتە سەر كەناری رووبارەكان و دەریاچە و نۆكەندەكان بۆ ئەوەی باران لەباتی خێروبەرەكەت نەبێتە لەعنەت و سەرچاوەی ماڵوێرانی.
هەروەها پێویستە حكومەت واز بهێنێت لە رێگەچارەی كاتی، بەڵكو لەبری ئەوە توێژینەوەی راستەقینە بكات بۆ ساڵانی داهاتوو كە بەرژەوەندییەكانی تەواوی وڵات لەبەرچاو بگرێت نەك تەنیا توێژێكی دیاریكراو.
قەیرانی وشكەساڵی و هەڕەشەی لافاو وانەیەكی قورس بوو، پێویستە هەمووان لە ساڵانی داهاتوودا سوودی لێ وەرگرن و بناغە و پێوەری زانستی دابنێن بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ قەیرانی ئاو لە عێراقدا. ئیتر نابێت مەسەلەكە بەجێ‌ بهێڵین بۆ رەحمی ئاسمان و سیاسەتی دراوسێكان.
















created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure