ئایندەی دیموكراسی

بۆچوون / بیروڕا :: 20/04/2019

لە هەموو شوێن و سەردەمێكدا هۆكارەكانی شۆڕش ئاشكران. شكستهێنانی رژێم لە بەدیهێنانی پێویستی هاووڵاتییەكانیدا دەبێتەهۆی دروستبوونی قەیران. مەرجیش نییە پێویستییەكان هەر ئازادی سیاسی بن، بەڵكو شكستهێنان لە بواری ئابووری و كۆمەڵایەتی و زیادبوونی بێكاریی و نەبوونی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و نزمی ئاستی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی ژیان و گەندەڵی و شێوازەكانی تری خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات وردە وردە شەرعییەتی رژێمەكە لەناودەبات و بزووتنەوەی جەماوەری دروست دەبێت بۆ رووخاندنی. 

كەچی بەداخەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا رێڕەوەكە بەوجۆرە نەبووەو پێشبینیش ناكرێت ئەوانەی ئێستا لە جەزائیر و سوودان و لیبیا روودەدەن بە جۆرێك بكەونەوە كە دیموكراسی و ئازادی و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ئەو ناوچانە دابین بكات، چونكە ئەزموونەكانی رابردوو ئەوەیان نەسەلماند و سەرئەنجام توندوتیژی و شەڕی ناوخۆ و دەستوەردانی بێگانە و بەتاڵانبردنی بەشێكی زۆری سامانی ئەو وڵاتانەیان لێكەوتەوە. تیرۆر زیادی كرد و شەپۆلی كۆچكردن بەرەو هەندەران وەك دەربڕینی بێهیوایی لە ئەنجامی راپەڕین و شۆڕشەكانیان بوونە گەورەترین هەواڵ و رووداوی جیهان.

كێشەكە لەوەدایە كاتێك كە رژێمێك دەڕووخێت بۆشایی لە دەسەڵاتدا دروست دەبێت و زۆرجار هێزە مەدەنییەكان و حیزبەكانی ئۆپۆزسیۆن ناتوانن بۆشاییەكە پڕبكەنەوە، بۆیە ئاژاوەو بێسەروبەری و پاشاگەردانی سەرهەڵدەدەن. ئەگەر ئەوەش روونەدات ئەوا حیزبە ئیسلامییە رێكخراوەكان وەك ئەوەی لە میسر بینیمان دەتوانێت بگاتە دەسەڵات و پاش ماوەیەكی كەم دەستدەكات بە دوورخستنەوەی هێزە سیاسییەكانی تر. ئەم نموونەیە كاتی خۆیشی لە جەزائیر و سوودان دووبارەبوونەوە، بەتایبەت لە سووداندا كاتێك كە عومەر ئەلبەشیر هاوپەیمانی بەست لەگەڵ بەره‌ی ئیسلامیی بە سەرۆكایەتی تورابی. عێراقیش دوور نییە لەو دیمەنە گشتییەوە، ئەگەرچی بە رواڵەت دامەزراوە دیموكراسییەكان لەئارادان پاش رووخاندنی رژێمی سەدام.

لەڕاستیدا حوكمی مەدەنی پێویستی بە سازانێكی گەورە و پاراستنی فرەیی هەیە، بۆ ئەوەی بەرنامەیەكی فراوان دابڕێژرێت بۆ بەدیهێنانی چاكسازیی. ئەو تێڕوانینە نەبێت بۆشایی دروست دەبێت و ناكۆكی و ململانێ‌  لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا دروست دەبێت و ئەوسا ئیتر زەمینە خۆشدەبێت بۆ دامەزراوە سەربازییەكان كە دەسەڵات بگرنە دەست بە بیانووی پاراستنی ئارامیی و ئاسایش و رێگرتن لە دروستبوونی شەڕی ناوخۆ.

ئەوەی ئێستا لە جەزائیر و سوودان دەیبینین هەر ئەو سیناریۆیەیە و بۆمان دەسەلمێنێت كە هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەدی ناكرێت لەنێوان رووداوەكانی ساڵی 2010 و رووداوەكانی ئەمڕۆدا.

دیموكراسی تەنیا بە رووخاندنی رژێمی دەسەڵاتدار نایەتەدی، بەڵكو كۆمەڵێك مەرج و پێداویستی تری هەیە و مێژوو پێمان دەڵێت ئەوروپا بە ئاسانی نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی ئێستای، بەڵكو بە چەند قۆناغێكی گەورەی رۆشنگەریی و ئەقڵانیدا تێپەڕیوە و دین و لە دەوڵەت جیاكراوەتەوە و سەرەتاكانی مافی مرۆڤ چەسپێنراون و ئابووری ئازاد كراوە و یاسا سەروەر كراوە، كە ئەمانە زوربەی هەرە زۆریان لە وڵاتانی ناوچەكەدا بوونیان نییە. حیزب لاوازە و نادامەزراوەییە، كەلتووری دیموكراسی هێشتا نەچەسپیوە، بیروباوەڕی باو بەرەو داخران و گەڕانەوەیە بۆ سەلەفییەتی دینی و سیاسی، چینی ناوەڕاست كە كۆڵەكەی سەرەكی چاكسازییە لاواز و پەراوێزخراوە.

خاڵە گرنگەكە ئەوەیە كە تەكنەلۆجیاش سەرەڕای ئەو هەموو پێشكەوتنەی خۆی نەیتوانی باز بدات بەسەر قۆناغەكاندا و تەنیا لەڕێ‌ی هەڵبژاردنەوە دیموكراسی نایەتە دی. بەڵكو ئەوەندەی بیروباوەڕە توندڕەوەكان سوودیان لە تەكنەلۆجیا بینیوە هێندە هزرە دیموكراسییەكان سوودمەند نەبوون لێی. 

ئەمانە هەموو پێمان دەڵێن كە ئاسۆی دیموكراسی لە ناوچەكەدا هێشتا لێڵ و ئاڵۆزە.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure