بۆچى ئه‌نیشتاین و داروین بلیمه‌ته‌كانى مێژووى زانستن؟

بۆچوون / بیروڕا :: 17/04/2019

سه‌رچاوه‌: مقالات
وه‌رگێڕان: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید


چێژ و هێزى زانست له‌ زیره‌كیى گریمانه‌یى و هه‌وڵى ئه‌زموونكردنیدایه‌. له‌ویش گرنگتر هێز و راستیى پێشبینییه‌كانیه‌تى. ئه‌مه‌ موعحیزه‌(په‌رجۆ)ى راسته‌قینه‌یى زانسته‌. موعجیزه‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ چاوه‌ڕێ بیت هه‌تا خۆرئاوا داهێنان و توێژینه‌وه‌ ده‌كات و هه‌وڵ بدات و سه‌ركێشیى بكات، تۆیش دانیشیت و هه‌ر هاوار بكه‌یت و بڵێیت "ئێوه‌ ده‌قه‌كانى كتێبه‌ پیرۆزه‌كه‌ى ئێمه‌تان دزیوه‌، ئه‌و كتێبه‌ى كه‌ تیۆره‌ زانستییه‌كان له‌ دووتوێى لاپه‌ڕه‌كانیدایه‌ و ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ ئێوه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانمان ده‌دزن".!!
 
كه‌سى زانا، (زه‌رقائه‌كه‌ى یه‌مامه‌)یه‌ و پرسیاره‌كه‌یش ئه‌مه‌یه‌: ئه‌گه‌ر تیۆره‌كه‌ له‌ناو پیته‌كانى ده‌قه‌ پیرۆزه‌كه‌دایه‌، وه‌ك خۆتان ده‌ڵێن، ئه‌ى بۆچى نه‌تاندۆزییه‌وه‌ و نه‌كه‌وتنه‌ پێش خۆرئاواوه‌ تا بۆخۆتان ئاسووده‌بن؟!.
موعجیزه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حسابات و لێكدانه‌وه‌ زانستییه‌كه‌ت ئه‌وه‌نده‌ به‌هێز بێت ئه‌وه‌ى كه‌ خه‌یاڵه‌ سه‌كێشه‌كه‌ت له‌سه‌ر كاغه‌ز كێشاه‌ویه‌تى، ئه‌زموون و تاقیكردنه‌وه‌كان له‌دواى ده‌یان و بگره‌ سه‌دان ساڵ بیسه‌لمێنێت، ئه‌وه‌تا ئه‌وان ئاڵنگاریى داهاتوو ده‌بنه‌وه‌ و ده‌یشارستێنن كه‌چى ئێمه‌یش ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دواوه‌ و خۆمانى پێ وڕ و گێژ ده‌كه‌ین!
   
هێزى پێشبینیكردن پوخته‌ى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌نیشتاین و داروین كردوویانه‌. ئه‌مه‌یش وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌:"بۆچى له‌كاتى وێنه‌گرتنى كونیله‌ ره‌شه‌كان كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا هه‌موو جیهانى بێده‌نگ كرد و چاوه‌ڕێى گرنگترین وێنه‌كانى سه‌ده‌ى بیست و یه‌ك بوون، بۆچى هه‌موان هه‌ناسه‌ى ئارامیان هه‌ڵكێشا كاتێك وێنه‌كه‌ ده‌ركه‌وت و سوپاسى ئه‌نیشتاین-یان كرد؟". چونكه‌ وه‌ك ئه‌نیشتاین وتوویه‌تى"ئێمه‌ كه‌موكورتیمان له‌ خه‌یاڵدایه‌ نه‌ك له‌ مه‌عریفه‌دا". تیۆرى رێژه‌ى-یش راسترین راستاندن و سه‌لماندنه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م وته‌ جوان و به‌رزه‌. تیۆره‌كه‌ى پێشبینیى زانستى و خه‌مڵاندنى فیزیایین، ئه‌و گریمانه‌ و خه‌یاڵى ئه‌وه‌ى كردووه‌ كه‌ بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌ خێرایى تیشكى رووناكى گه‌شت بكات، چى رووده‌دات؟. 

به‌ڵام ئایا تواناى ئه‌وه‌ى هه‌بووه‌ كه‌سێك له‌ كه‌شتییه‌كدا به‌خێرایى تیشك ره‌وانه‌ بكات؟ ئایا ئه‌و هه‌موو ته‌له‌سكۆپانه‌ى هه‌بووه‌ كه‌ به‌ ده‌یان ساڵ دواى خۆى داهێنران؟ ئایا پێشبینیى ئه‌و بۆ كونیله‌ ره‌شه‌كان، ئه‌و كونیله‌ ره‌شانه‌ى كه‌ دواى ئه‌و ستیفن هۆكینگ سه‌لماندى، ئه‌و هۆكینگ-ه‌ بلیمه‌ته‌ى كه‌ هه‌رگیز كاریگه‌رییه‌كانى له‌ ئه‌نیشتاین كه‌متر نین، ئایا ئه‌م پێشبینییه‌ى ئه‌نیشتاین له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌چاوبینین بووه‌ یاخود خه‌مڵاندن و گریمانه‌یه‌كى زانستى بووه‌؟ له‌ڕاستیدا گریمانه‌یى بووه‌ به‌ڵام له‌ هێزێكى زانستییانه‌دا و بووه‌ ئه‌و راستییه‌ى كه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا خوێندمانه‌وه‌. كه‌واته‌ با هه‌موومان سه‌رى رێز و نه‌وازش بۆ ئه‌نیشتاین-ى خاوه‌نى ئه‌و عه‌قڵه‌ مه‌زنه‌ نه‌وى بكه‌ین. 

عه‌قڵێكى مه‌زنى دیكه‌یش هه‌یه‌ كه‌ شایسته‌ى ئه‌م پێگه‌ به‌رزه‌یه‌ و هه‌مان حاڵه‌تى هه‌یه‌ و جیهانى سه‌رسامكرد، ئه‌ویش پرۆژه‌ى جینیۆم-ى په‌ره‌سه‌ندنه‌ خه‌یاڵییه‌كه‌ى داروین-ه‌ كه‌ وه‌ك خۆى و به‌هه‌موو ورده‌كارییه‌كانیه‌وه‌ هاته‌دى و سه‌لماندى كه‌ شه‌مپانزى به‌ رێژه‌ى 98% هاوبه‌شمانه‌ له‌ جین-ه‌كاندا!! و هه‌تا له‌و (دره‌خت)ى په‌ره‌سه‌ندنه‌ بچینه‌خواره‌وه‌ ئاست و رێژه‌ى وه‌كیه‌كییمان كه‌متر ده‌بێته‌وه‌. ئه‌مه‌یش رێك ئه‌وه‌یه‌ داروین نه‌خشاندوویه‌تى. بێگومان داروین یاساكانى بۆماوه‌یى هه‌ر نه‌ده‌زانى كه‌ دواى مردنى ئه‌و میندل دۆزییه‌وه‌. هه‌روه‌ها نه‌یده‌زانى دى ئێن ئه‌ى چییه‌ كه‌ واتسۆن و كریك دۆزیانه‌وه‌ و نۆبڵ-یان پێ وه‌رگرت. هه‌روه‌ك هیچ زانیارییه‌كیشى نه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وانه‌ى كه‌ به‌ ساڵانێكى دوورودرێژ له‌ دواى مردنى دۆزرانه‌وه‌ و داهێنران. هیچى نه‌بوو بێجگه‌ له‌ هێزى خه‌یاڵ و توناى فیكر و یاخى بوونى عه‌قڵ. زانست ئه‌مه‌یه‌ و ئه‌مه‌یش جوانیى و مه‌زنیى و شكۆمه‌ندییه‌كه‌یه‌تى. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure