خەڵك چۆن دەبنە خراپەكار؟

بۆچوون / بیروڕا :: 16/04/2019

سەرچاوە: ئەلمەیدان
ئامادەكردنی: دواڕۆژ
ساڵی 1994 خوێناویترین رووداو كە نزیكەی 800 هەزار كەسی تێدا كوژرا لە وڵاتی رواندا دەمێكە بووەتە بابەتی لێكۆڵینەوە و توێژینەوەی كۆمەڵناسان و پسپۆڕانی بوارەكانی دیكە چونكە تیایدا قێزەونترین تاوان و دڕندانەترین شێوازی پێشێلكردنی بەهاكانی مرۆڤ تۆمار كرا. 
تاوانەكانی داعش و شەڕ و پێكدادانەكانی ئەم دواییەی چەندین وڵاتی ناوچەكەش هەر ئەو دیوە ناشرین و دڕندانەیەی مرۆڤمان نیشان دەدەن كە پێشكەوتنی چەك و تەكنەلۆجیا وایان كردووە بچنە لیستی سەری سەرەوەی هەموو پەڵە رەشەكانی مێژووی مرۆڤایەتی.
دڵ رەقی و داهێنان لە شێوازی كوشتن و چاندنی رۆحی رق و كینە خەسڵەتە سەرەكییەكانی ئەم رووداوە دڵتەزێنانەن وامان لێ‌ دەكەن بپرسین مرۆڤ بۆچی وا دەكات؟ ئایا ئێمە بە سروشت تاوانكار و شەڕانین؟ یاخود ژینگە و دەسەڵات و ئاڕاستەكردنەكان رۆڵیان هەیە لەو مەسەلەیەدا؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە گەلێك هەوڵی جددی دراوە لەلایەن زاناكانی دەروونناسی كۆمەڵ كە هەرە بەناوبانگەكانیان دوو تاقیكردنەوەن.
بۆ لێكدانەوەی ئەم لایەنە خوێناوییەی مرۆڤ تێڕوانینێكی دەرووناسی دەڵێت مەیلی خراپەكاری لە مرۆڤدا هەیە و زیاترە لەو خراپەكارییەی كە لە ئەنجامی بارودۆخەوە دروست دەبێت.
بەو شێوەیەی كە فرۆید دەڵێت توندوتیژی و خراپەكاری پاڵنەرێكە لەناوماندا لەدایك بووە و سەرەنجامی ململانێیە لەنێوان غەریزەی ژیان و غەریزەی مردندا. واتە گەڕانەوە بۆ حاڵەتی پێش ژیان و ئەگەر ئەم ئارەزووە سەركوت بكرێت ئەوا وزەكەی لەبری ئەوەی ئاڕاستەی خودی كەسەكە ببێت ئاڕاستەی كەسانی دیكە دەبێت. 
تێڕوانینێكی دیكە دەڵێت رەفتاری مرۆڤ بەرهەمی هۆكارە دەرەكییەكانە و پێویستە بۆ نەهێشتنی ئەو خراپەكارییانە هەوڵەكان ئاراستەی ژینگەكە بكرێت.
جیاوازی نێوان ئەم دوو تێڕوانینە دەبێتە هۆی گرتنەبەری رێگای زۆر جیاواز لە یەكتر بۆ چارەسەركردنی كێشە كەسێتی و كۆمەڵایەتییەكان لەنێوان ئەم دوو تێڕوانینەدا تیۆرییەكی دیكە هەیە كە پێی وایە كێشەكە لە ژینگەی مرۆڤدا نییە هێندەی ئەوەی كە پەیوەستە بە چۆنییەتی تێگەیشتنمان لەو ژینگەیە و شیكردنەوەی واقیعەكەی و لێرەشەوە بەرپرسیارێتییەكە جارێكی دیكە دەكەوێتەوە ئەستۆی مرۆڤ.
ئێمە ئەگەر وا بزانین كە جەلاد كەسێكی بێ‌ هەست و بەزەییە و خەسڵەتێكی ساددی هەیە. مانای وایە هیچ لە راستی نازانین چونكە هەركەسێك كە ئێمە بە ئاسایی و بێوەی دەزانێت بۆی هەیە و دەتوانێت ببێتە ئەشكەنجەدەری خەڵكانی دیكە.
دەروونناسەكان بە تاقیكردنەوە بۆیان سەلمێنراوە كە دەسەڵات و رژێم رۆڵیان هەیە لە گۆڕینی مرۆڤەكان بۆ كەرەستەی خراپەكاری و شەڕەنگێزی.
لێرەدا وتەیەكی بەناوبانگ هەیە دەڵێت: مێژووی دوورو درێژی لایەنە رەشەكەی مرۆڤ بۆت دەسەلمێنێت كە ترسناكترین و خوێناویترین تاوانەكان بەناوی گوێڕایەڵییەوە ئەنجام دراون نەك بە ناوی یاخیبوونەوە.
زۆركەس لە تاوانكارەكان كە دواتر دادگایی كراون سەبارەت بە هۆكاری تاوانەكانیان وتوویانە ئێمە تەنیا فەرمانەكانمان جێبەجێ‌ كردووە.
تاقیكردنەوەی دەروونناسی پێمان دەڵێت كە سروشتی مرۆڤ پشتی پێ‌نابەسترێت بۆ ئەوەی مرۆڤەكە توندوتیژی نەنوێنێت و مامەڵەی نامرۆڤانە نەكات.
دەسەڵات هەمیشە ئەو رێگایە دەگرێتە بەر كە سەرەتا كارە خراپەكە بە هەنگاوێكی سادە دەست پێ‌دەكات واتە ریزبەندی هەیە لە ئەشكەنجەداندا و ئەو ئەشكەنجەدەرەی كە بە هەڕەشەكردنێك دەستی پێ‌كردووە وردە وردە وا رادەهێنرێت كە پارچە پارچەكردنی قوربانییەكە لەلای شتێكی ئاسایی بێت.
دیارە ئایدۆلۆجیاش دەورێكی گرنگی هەیە لە پاساو دانەوەی رەفتارە خوازراوەكەدا. ئایدۆلۆجیا وات لێ‌ دەكات ببیتە بەشێك لە سیستمەكە بەرگری لێ‌ دەكەیت و خەڵاتی ئەنجامدەرەكانی دەكەیت. ئەگەر سەرنج بدەین دەبینین پاسەوانان و جەلادەكان رووخساریان دەشارنەوە. چونكە شاردنەوەی خود و نەمانی پەیوەندی بە بەرامبەرەوە رەفتارە وێرانكەر و توندوتیژەكان بەهێزتر دەكات. ئەم شاردنەوەی رووخسارە لە سەرێكەوە بۆ ئەوەیە كە ئەشكەنجەدەرەكە نەناسرێتەوە و ئیتر ترسی ئەوەی نابێت كۆمەڵگا بە چاوێكی تایبەتەوە تەماشای دەكات هۆكاری دووەمیش كەم كردنەوەی بایەخدانە بە هەڵسەنگاندنی خود بە جۆرێك كە ئەو كەسە بیر لە ئایندە ناكاتەوە و بەرپرسیارێتییەكە دەخاتە ئەستۆی دەرەوە نەك ئەستۆی ناخی خۆی.
رێكارێكی دیكە بۆ ئاسانكردنی شەڕەنگێزی مرۆڤ ئەوەیە بەرامبەرەكەت بە مرۆڤ نەزانیت. مێژوو چەندین نموونەی لەم شێوەیەی تێدایە. لە جەنگی دووەمی جیهانیدا كە یابانییەكان زۆر دڕاندانە چینییەكانیان دەكوشت سەركردەیەكی ڤێتنامی وتی كارەكە لەلامان ئاسان بووە چونكە ئەوانمان بە مرۆڤ نەزانیوە.
لە ئەنجامی ئەم هەموو ئەزموون و لێكۆڵینەوانەدا دەتوانین بڵێین كە مرۆڤ بێبەری نییە لە خراپەكارییەكانی هەروەها ژینگەی خراپیش بەشدارە لەو خراپەكارییانەدا. سەرباری ئەمانەش سروشتی چاك و توانای بەرگریكردن دەتوانن مرۆڤ بپارێزن لە تاوانكاری و توندوتیژی.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure