سه‌وزه‌گیا

بۆچوون / بیروڕا :: 15/04/2019

× به‌گم به‌ڕاستى ناهه‌قییه‌كى گه‌وره‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ زه‌مى ئه‌م وڵاته‌ى خۆمان ئه‌كه‌ى.. ته‌ئریخى هه‌موو شوێنێ هه‌ر وا بووه‌.
ـ هى كوێ مه‌سه‌له‌ن؟
× ئوستورالیا قوربان.. ئه‌ڵێن یه‌كه‌مین هێزى پۆلیسى ئه‌و كیشوه‌ره‌ زله‌ عیباره‌ت بووه‌ له‌ ده‌ دوانزه‌ تاوانبار.
ـ جا رۆڵه‌ گیان ئێره‌ موقاڕه‌نه‌ ئه‌كه‌ى به‌ ئوستورالیا؟!
× ئه‌ى بۆ؟.. چى یان له‌ ئێمه‌ زیاتره‌؟! مه‌گه‌ر هه‌ر كه‌نغه‌ر..هاهاهااا.
ـ چى یه‌ ئه‌مڕۆ دڵت خۆش دیاره‌! ناشێ مه‌سه‌له‌كه‌ى سودان بێ؟
× توخوا قوربان تۆ من وا ئه‌ناسى؟! وه‌ڵـڵا نه‌ك سودان، ته‌نانه‌ت سعودیه‌ش ببێ به‌ كۆماره‌كه‌ى ئیفلاتوون ئا ئه‌وه‌نده‌ سیقه‌م پێ ى نى یه‌.
ـ سیقه‌ت به‌ به‌هارى عه‌ره‌بى نى یه‌؟
× نه‌ به‌ سه‌رى ئه‌ولادم.
ـ مه‌به‌ستت كام ئه‌ولاده‌یانه‌؟.. ئه‌وه‌ى جامیعه‌ ئه‌مریكییه‌كه‌ى ته‌واوكرد یان ئه‌وه‌ى كه‌ خریجى زانكۆى سلێمانى یه‌؟
× فه‌رقیان نى یه‌ ئوستاز گیان.
ـ ببووره‌ راست ئه‌كه‌ى.. هه‌ردووكیان هه‌ر ئه‌ولادتن.
× بوراوى قوربان.. فیعله‌ن هه‌ردووكیان ئه‌ولادمن و هه‌ردووكیشیان ئێستا ته‌كسى ئه‌گێڕن.. له‌به‌ر ئه‌وه‌ فه‌رقیان نى یه‌.
ـ ئه‌ى ئیتر دڵت به‌چى خۆشه‌؟! نه‌ مناڵه‌كانت دامه‌زراون، نه‌ له‌ خۆشیى به‌هارى عه‌ره‌بى یه‌.
× گه‌وره‌م له‌ خۆشیى به‌هارى كوردى یه‌.. بڕوانه‌ ئه‌و ده‌شت و ده‌ره‌ ماشه‌ڵـڵا گیا تا ئه‌ژنۆ هه‌ڵساوه‌.
ـ هه‌ى داخى گرانم.. دڵت به‌ سه‌وزه‌گیا خۆشه‌؟؟!!.. كوڕه‌ وامه‌ڵێ.
× باااااااع.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure