كێ كردى و كێ خواردى!!

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 1 هەفتە

ن: شاخه‌وان عه‌لى
رووداوه‌كانى جه‌زائیر و سودان و لیبیا كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌نجامى كه‌ڵه‌كه‌بوونى كێشه‌ و بنبه‌سته‌ سیاسى و ئابوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئه‌و هه‌وڵ و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ بوون كه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئه‌فریقا له‌ ساڵى (2011)دا سه‌ریانهه‌ڵدا، هه‌روه‌ها ده‌یسه‌لمێنن كه‌ ئه‌و هه‌وڵانه‌ى دران بۆ گۆڕینى رووخسارى ناوچه‌كه‌ هێشتا هه‌ر له‌ ئارادان.

خاڵى هاوبه‌ش له‌نێوان ئه‌و سێ گۆڕه‌پانه‌ گه‌وره‌یه‌ى ئه‌مڕۆى (به‌هارى عه‌ره‌بى) گه‌لێك زۆرن و گرنگترینیان ژه‌نگهه‌ڵهێنانى سیستمه‌ حوكمڕانییه‌ شكستخواردووه‌كانیانه‌ كه‌ پانتاییه‌كى گه‌وره‌ى چین و توێژه‌كان ده‌ستیان داوه‌ته‌ خۆپیشاندان و شۆڕش و ناڕه‌زایى ده‌ربڕین له‌ دژیان.

چاودێره‌ بیانییه‌كان ئه‌مه‌ به‌ شه‌پۆلێكى نوێى شۆڕشى دیموكراسى ده‌زانن كه‌ له‌ كۆتایى ده‌یه‌كانى سه‌ده‌ى رابوردوودا ئه‌و شۆڕشه‌ چه‌ند وڵاتێكى گرنگى ئه‌وروپاى خۆرهه‌ڵاتى گرته‌وه‌. به‌ڵام ده‌ستوه‌ردانى حیزبه‌ ئیسلامییه‌كان و هه‌ڵتۆقینى رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كان له‌ هه‌ناوى هه‌ندێك له‌و رووداوانه‌دا و ده‌ستوه‌ردانى ئاشكرا و نهێنیى ئه‌مریكا و گه‌وره‌ هێزه‌كانى خۆرئاوا و چه‌ند رژێمێكى كه‌نداو، به‌داخه‌وه‌، به‌شێكى زۆرى ئه‌و ئاوات و داواكارییه‌ دیموكراسییانه‌ى له‌باربرد كه‌ رووداوه‌كانى ساڵى 2011 و دواتر له‌پێناویدا ده‌ستیان پێكرد.

سووته‌مه‌نى و داینه‌مۆى ته‌واوى ئه‌و خۆپیشاندان و راپه‌ڕین و مانگرتن و شۆڕشه‌ گه‌ورانه‌، ئه‌وسایش و ئێستایش، خه‌ڵكى سته‌ملێكراوى به‌شخوراوى گه‌لانى ناوچه‌كه‌ بوون كه‌ له‌ سودان و جه‌زائیر و لیبیا سوپا و ئه‌فسه‌ره‌ تاكڕه‌وه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كان خه‌ریكن ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه‌ده‌ست و ده‌بنه‌ خاوه‌نى شۆڕش، ئه‌و په‌نده‌ كوردییه‌ به‌ جوانترین شێوه‌ خۆى به‌رجه‌سته‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت (كێ كردى و كێ خواردى!).

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure