شیعه‌ى عێراق.. ئێستا و ئایینده‌

بۆچوون / بیروڕا :: 13/04/2019

سه‌رچاوه‌: گۆڤارى العصر في السياسة الدولية
ئاماده‌كردن: دواڕۆژ

له‌ دواى 2018وه‌ به‌ ئاشكرا له‌توپه‌تبوونى ماڵى شیعه‌ له‌ عێراقدا هه‌ستى پێده‌كرێت و بووه‌ به‌ دوو ته‌وه‌ر (بینائـ و ئیسڵاح). ئیتر ئه‌وه‌ تێپه‌ڕى شیعه‌ بتوانێت بڕیارێكى یه‌كگرتوو بدات. ئه‌و دوو ته‌وه‌ره‌یش زه‌حمه‌ته‌ به‌م دۆخه‌ى ئێستایانه‌وه‌ بمێننه‌وه‌ چونكه‌ بینائـ-یش خه‌ریكه‌ پارچه‌پارچه‌ ده‌بێت و ئیسڵاح-یش له‌و باشتر نییه‌. هۆكاره‌كه‌یش نزیكبوونه‌وه‌ى نێوان فه‌تح و سائیرون-ه‌. ره‌وتى سه‌درى-یش له‌ بڕیار و هه‌ڵوێسته‌كانیدا هیچ حسابێك بۆ به‌ره‌ى ئیسڵاح ناكات.

له‌ روانگه‌ى ئه‌م راستییانه‌وه‌ شیعه‌ى عێراق سێ ئه‌گه‌رى له‌ به‌رده‌مدایه‌:
1ـ مانه‌وه‌ى ته‌وه‌رى بینائـ و ئیسڵاح به‌و شێوه‌ رووكه‌شیه‌ و به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ى كه‌ سائیرون ده‌یه‌وێت.
2ـ ده‌ركه‌وتنى ئه‌ڵته‌رناتیڤێكى تر كه‌ فه‌تح و سائیرون-ه‌.
3ـ باڵاده‌ستبوونى سائیرون به‌ ته‌نیا وه‌كو دیفاكتۆیه‌ك. له‌م حاڵه‌دا فه‌تح شوێن سائیرون ده‌كه‌وێت.

په‌رته‌وازه‌یى هه‌ڵوێستى شیعه‌ و ده‌رنه‌كه‌وتنى هێزێكى یه‌كخه‌ر كه‌ بتوانێت ده‌وڵه‌تى عێراق رابه‌رایه‌تى بكات ده‌بێته‌ هۆى ئه‌وه‌ى سه‌رچاوه‌ى هه‌موو حیزب و كه‌سایه‌تییه‌ك به‌وه‌ بپێورێت كه‌ تا چه‌ند له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى-یه‌وه‌ نزیكه‌. 

به‌كورتییه‌كه‌ى ماڵى شیعه‌ هه‌روا به‌لاوازى و یه‌كنه‌گرتوویى ده‌مێنێته‌وه‌ و هه‌وڵه‌كانى موقته‌دا سه‌در-یش بۆ راكێشانى گه‌نجان و كۆنترۆڵكردنى جومگه‌ گرنگه‌كانى ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵوێستى به‌رامبه‌ر حیزبه‌ شیعه‌كانى تر والێكده‌درێنه‌وه‌ كه‌ ره‌وتى سه‌در بیه‌وێت ببێته‌ گه‌وره‌ترین هێزى شیعه‌، بۆیه‌ هه‌ندێك له‌ چاودێران دڵنیان له‌وه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوو سه‌درى-ى ده‌بێت، له‌كاتێكدا كه‌ پارسه‌نگى هێزى سیاسى به‌گشتى له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى شیعه‌دا نامێنێت و دوور نییه‌ زۆرێك له‌ حیزب و هاوپه‌یمانه‌كان له‌ شانۆى سیاسه‌ت بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.

تێكڕاى ئه‌مانه‌ واده‌كه‌ن پرۆژه‌ به‌ڵێنپێدراوه‌كانى حكومه‌ته‌كه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى نه‌چنه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كۆمه‌ڵێك قه‌یرانى سیاسى و ئابورى و خزمه‌تگوزارى و میلـلى سه‌رهه‌ڵبده‌ن و جارێكى تر ناڕه‌زایى و خۆپیشاندان شاره‌كانى عێراق بگرنه‌وه‌.

مه‌رجه‌عیه‌تیش هه‌روه‌كو جاران ئۆباڵه‌كه‌ى ده‌خاته‌ ئه‌ستۆى حیزبه‌كان و بایكۆتیان ده‌كات. هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كانیش له‌ عێراقدا ده‌مێننه‌وه‌ و حكومه‌ت و په‌رله‌مان ناتوانن هیچ بڕیارێك ده‌ربكه‌ن.

به‌كورتییه‌كه‌ى ئیتر سه‌ره‌تاى دیارنه‌مانى رۆڵى ده‌وڵه‌ت ده‌ستپێده‌كات و حیزب و ته‌وه‌ره‌ سیاسییه‌كان زیاتر باڵاده‌ست ده‌بن. هیچ لایه‌نێك دروست نابێت كه‌ نه‌خشه‌ى سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق دابڕێژێت و هێزه‌ ده‌ره‌كییه‌كان زیاتر عێراق داده‌دۆشن و له‌ ئایینده‌یه‌كى نزیكدا ده‌بینین كه‌ له‌ئاكامى ئه‌م لاوازى و پارچه‌پارچه‌بوونه‌ى شیعه‌دا ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌ لاوازترین پێكهاته‌ له‌ عێراقدا. 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure