رەگ و ریشەی چاكە و خراپە، ئایا منداڵ رەوشت دەناسێت؟

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

دواڕۆژ
سەرچاوە: ئەلمەیدان 
پسپۆڕانی بواری دەرونناسی لە ڕێگەی توێژینەوەو سەرنجدان لە ڕەفتاری مرۆڤ و بەراوردكردنی بە رەفتاری نزيكترين ئاژەڵ لێمانەوە كە شامپانزییە، بۆیان دەركەوتووە لەم جیهانەدا ئێمەی مرۆڤ میهرەبانترین لە نزیكترین گیانلەبەرەكانی تر.

 
بۆ دۆزینەوەی ڕەگ و ڕیشەی ئەم چاكە خوازییەی مرۆڤ زاناكان توێژینەوە لەسەر منداڵ دەكەن بە تایبەت لە تەمەنی 3_6 مانگیدا واتە لەو قۆناغەدا كەلتوری باو كاریگەری نییە لەسەر منداڵەكە بە ئومێدی كە بزانن ئایا چاكە خوازی و میهرەبانی بەشێكی سەرەكین لە پێكهاتەكەماندا وەكو مرۆڤ؟ ئەگەر وایە ئەی ئەو شەڕ خوازی و خراپەكارییانەی كە لە جیهاندا هەن چۆن لێكیان بدەینەوە.
تاقیكردنەوە لەسەر منداڵانی 9 مانگ و 1 ساڵدا لەم بوارە خاڵێكی گرنگی دەرخستووە. منداڵان بە زۆرینەیەكی زۆر حەزیان بە یارمەتیدانی كەسانی دیكەیە، هەروەها ئەو كەسانەشیان خۆشتر دەوێت كە میهرەبان و یارمەتیدەرن.
تەنانەت منداڵانی تەمەن سێ مانگیش ئەوەی تێدا تێبینی كراوە كە زۆر جار ئاوڕ بەو ئاڕاستەیە دەداتەوە كە كەسە باشەكە یان شتە خێرخوازەكەی تێدایە. تێكڕای توێژینەوە دەروونییەكان لە منداڵدا ئەوە دەسەلمێنن كە ئێمەی مرۆڤ لە تەمەنی چەند مانگیشەوە پێمانخۆشە خەڵاتی خەڵكە باشەكان بكەین و سزای كەسانی خراپ بدەین. ئەمە مانای وایە كە خراپەكاری خەسڵەتێكی ڕەسەنی مرۆڤ نییە، بەڵكو لەڕێی كەلتورو دەوروبەرەوە وردە وردە هاوكات لەگەڵ شەڕكردندا فێری دەبین، بەڵام ئایا مەسەلەكە هەر ئەوەندەیە یان ئاڵۆزترە؟ لێكۆڵینەوەكانی دیكە دەریانخست كە ئەم ئارەزووە غەریزەییەی هەڵسوكەوتە ئاكارییەكانی مرۆڤ بە جۆرێكە كە خزمان و هاوڕێكانمان دەخەینە پێش كەسانی دیكەوە، واتە هەرچەندە منداڵ بە غەریزە پێیخۆشە كاری باش و ڕەوشتی بكات، بەڵام هۆكارێكی تری گرنگ هەندێكجار ڕۆڵی هەیە بۆ سنوورداركردنی ئەم هەستە، ئەویش هۆكاری هۆگر بوونە لە تەمەنێكی زۆر منداڵەوە تەنانەت لە تەمەنی سێ مانگییەوە كە منداڵ دەنگ و ڕوخساری دایكی پێ لە هەموو شتێك خۆشترو ئاشناترە. ئەم هەستە وردە وردە پەل دەهاوێت بۆئەوەی خزمان و دەوروبەریش بگرێتەوە. 
ئەو منداڵەی لە خێزانێكی ڕەش پێستدا لەدایكدەبێت كەسانی ڕەش پێستی پێ باشترە لە كەسانی سپی پێست و بە پێچەوانەشەوە. ئەم هەستە هەر لە ساڵەكانی سەرەتاوە شان بە شانی گەشەكردنی منداڵەكە گەشە دەكات و سەرەنجام لایەنگری لە ڕەفتاردا دروست دەبێت و منداڵەكە هەوڵدەدات لاسایی ئەو كەسانە بكاتەوە كە وەكو خۆی وان.
لە ڕاستیدا ئەم هەستە بە ئەندازەیەكی چاوەڕواننەكراو پەل و پۆ دەهاوێت، هەر ئەو توێژینەوانە سەلماندوویانە كە تەنانەت منداڵیش كاردانەوەكەی بە جۆرێكە كە هەر لە بەرژەوەندی خۆیدایەتی بۆ نموونە ئەگەر بە منداڵێك بڵێین نقوڵێك دەدەم بە تۆ، بەڵام هیچ نایەم بە منداڵەكەی بەرامبەرت، ئایا ئەمەت پێ باشترە؟ یان دوو نقوڵ بدەم بە تۆ و دوو نوقڵیش بدەم بە منداڵەكەی بەرامبەرت، منداڵەكە یەكەمی پێ باشترە. واتە منداڵ هێندە خۆپەرستە كە بڕیار دەدات داهاتی خۆی كەمتر ببێتەوە بەو مەرجەی لە بەرامبەرەكەی باشتر بێت. ئەم ڕەفتارە هەتا تەمەنی 8 ساڵی بە ئاشكرا هەستی پێدەكرێت، بەڵام دوای ئەوە دیار نامێنێت. خاڵێكی گرنگی دیكە ئەوەیە كە مرۆڤ بە تێپەڕبوونی كات باشترو میهرەبانتر دەبێت. كاتێك گەورە دەبین ئاسۆی توانا ڕەوشتییەكانمان بە جۆرێك فراوان دەبێت كە كەسانی غەریبە و نا ئاشناش بگرێتەوە. پسپۆڕان دەڵێن ئەمە پەیوەندی هەیە بە سێ چەمكەوە كە وردە وردە لە سروشتماندا ڕەگ و ڕیشە دا دەكوتن و هاوسۆزیمان فراوانتر دەكەن.
یەكەمیان پشتبەستنە بە یەكتری، كاتێك كە بەشێكی زۆری بەرژەوەندییە تایبەتیەكانمان پەیوەست دەبێت بە بەرژەوەندی تایبەتی كەسانی ترەوە ئەوا زۆر هاوسۆز دەبین لە گەڵیاندا و دەبینە مشورخۆری بەرژەوەندییەكانیان. ئەم ڕەفتارە هێندە قوڵ دەبێتەوە كە سیستمە ئابورییەكانی بازاڕی كراوە بە تواناتر بن لە پشتیوانیكردنی ڕەوشتی ئاكاری بەرامبەر و خەڵكانی دیكە، چونكە ئابوری بازاڕ دەرگا دەكاتەوە بە ڕووی ئەو هاوكارییە جۆراوجۆرانەی كە تیایاندا بەرژەوەندییەكانی هەموومان پەیوەستن بە یەكترییەوەو پشتیان بە یەكتری بەستووە.
چەمكی دووەم بەرزكردنەوە زیادكردنی ئاشنایەتی و هۆگربوونە ئەویش لەڕێگەی تەلەفزیۆن و ڕۆژنامە و ڕۆمان و چیرۆكەكانەوە دیارە مەبەستمان ئاشنایەتی و هۆگربوونی كۆمەڵگاكانە لەگەڵ یەكتریدا لەم ڕووەوە چیرۆك كاریگەرییەكی گەورەی هەیە بۆ دروستكردنی هاوسۆزی . بۆ نموونە خەڵكانی ئەوروپا و ئەمریكا سەدان هەزار كوژراو لە شەڕی سوریادا تەنیا وەكو ڕەقەمێك دەبینن، بەڵام تراژیدیای منداڵێكی سوری هاوسۆزییەكی زۆر گەورەتر دروستدەكات، چونكە ئاستی هۆگربوونەكە بەرزتر دەكاتەوە. چەمكی سێهەم كاراكردنی عەقڵە، ئەمە بەشێكە لە سروشتی مرۆڤایەتیمان بۆ ئەم خاڵە دەتوانین نمونەیەك لە ئادام سمیس بهێنینەوە كە داوامان لێ دەكات بەراورد بكەین لەنێوان دوو حاڵەتدا.
حاڵەتی یەكەم تۆ لە ماڵەكەی خۆتدایت و دەبیستی كە بەهۆی شەڕ و شۆڕەوە 100 هەزار كەس لە فڵانە وڵاتدا دەكوژرێن. حاڵەتەكەی دیكە ئەوەیە كە پزیشكەكەت پێت دەڵێت سبەینێ پەنجە تووتەت دەبڕینەوە، بێگومان كاریگەری حاڵەتی دووەم زۆر ناخۆشترە بۆ تۆ لە كاریگەری یەكەم، ئایا ئەمە مانای وایە تۆ هەزار كەس دەكەیت بە قوربانی پەنجەیەكت ؟ بێگومان نەخێر، چونكە عەقڵی مرۆڤ دەتوانێت هەستە تایبەتەكان تێ پەڕێنێت و بابەتیانەتر مەسەلەكان گەنكەشە بكات. بەشێكی زۆری توێَژینەوەكان پێماندەڵێن كە بەڵێ ڕاستە سروشتی مرۆڤ هەندێك ڕەگ و ڕیشەی ئاكاری هەیە، بەڵام ئەو هۆكارانە بە تەنیا ناتوانن ڕەفتاری مرۆڤ لەڕێی ڕەوشتەوە لێكبداتەوە، بەڵكو هۆكارە بایۆلۆجی و دەروونییەكانیش دەتوانن بەشداری بكەن و بگرە پشتگیری هەستی ئێمە بكات بەرامبەر خێر و شەڕ. لە جیهانی ئەمڕۆماندا دەنگی توندڕەوی لە هەموو لایەكەوە بەرز دەبێتەوە. بەشێكی زۆری حیزبەكان ئاڕاستەی سیاسی و دینی خۆیان زیاتر دەخەنە بەر دیدەی هاوڵاتیان سەبارەت بە خراپەكاریش پێویستە كە ئەنجام گەلی باش بەكاربهێنین و هەمیشە ئەم چوار بنەمایە بكەنە پێوەر كە پشت و پەنامان بوون و یارمەتیان داوین بۆ پێشكەوتن و پاراستنی لە هەرەسهێنان و تاریكایی و نەخوێندەواری و نەزانین ئەمەش پێویستی بەم چوار چەمكەی خوارەوە هەیە لە ڕاستیدا هەستێكی ڕەوشتین. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure