ئه‌وروپا و ئیمپریالیزمى نوێ

بۆچوون / بیروڕا :: 11/04/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دن 

سه‌ده‌یه‌ك زیاتره‌ لینین نووسیویه‌تى ئیمپریالیزم  پێنج خه‌سڵه‌تى سه‌ره‌كى هه‌یه‌: په‌یوه‌ندیی به‌رهه‌مهێنان، تێكه‌ڵكردنى سه‌رمایه‌ى پیشه‌سازى و دارایى، هه‌نارده‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كان، دروستبوونى كۆمه‌ڵه‌ى قۆڕخكارى سنووربڕ، دابه‌شبوونى ناوچه‌كانى جیهان له‌ نێوان هێزه‌ سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا. ئێستا ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ گۆڕاون. چاوه‌ڕوانده‌كرا عه‌وله‌مه‌ كێبڕكێ هانبدات و هێزى بازاڕ كه‌م ببێته‌وه‌. ئومێدده‌كرا پشتبه‌ستن به‌ ئاڵوگۆڕى بازرگانى ببێته‌ مایه‌ى نه‌مانى ململانێ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان كه‌چى به‌ ئاشكرا ده‌بینین سه‌رده‌مه‌كه‌ ئێستا سه‌رده‌مى قۆڕخكارى ئابورییە لە ركابه‌رایه‌تى جیۆپۆلیتیكدا.

هۆكارى یه‌كه‌میان زه‌به‌لاحه‌كانى ته‌كنه‌لۆجیایه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌وروپادا. سه‌باره‌ت به‌ جیۆپۆلیتیكیش وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ واشنتۆن نائومێد بووه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ر په‌كین تێكه‌ڵى ئابوریی جیهان ببێت زیاتر نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ سیستمه‌ لیبڕاڵیه‌كه‌ى خۆرئاوا.

له‌ڕاستیدا چڕبووه‌نه‌وه‌ى ئابورى و ململانێى جیۆپۆلیتیك له‌یه‌ك جیانابنه‌وه‌، بۆ وێنه‌ ئێستا گومانێكى زۆر هه‌یه‌ كه‌ كۆمپانیا زه‌به‌لاحه‌كانى چین له‌ بوارى دروستكردنى ئامێره‌كانى په‌یوه‌ندیدا به‌كارهێنرێت بۆ دروستكردنى جیۆپۆلیتیك. كۆمه‌ڵه‌ى پیشه‌سازانى ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێن ئێستا چین ركابه‌رێكى به‌هێزى بازاڕه‌ لیبڕاڵیه‌كه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ چین به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ ئابورى و سیاسه‌ت تێكه‌ڵ ده‌كات به‌ڵام ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانیش به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ تۆمه‌تباره‌، هه‌ر بۆ نموونه‌ رێكارى سزادانى ئه‌و كۆمپانیا بیانیانه‌ى كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌كه‌ن. ئێستا ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان زۆر بێباكانه‌ هێزى دراو و دارایی به‌كارده‌هێنێت بۆ ئامانجه‌ سیاسیه‌كانى.

ئه‌مه‌ پێش هه‌موو لایه‌نێك بۆ ئه‌وروپا ناخۆشه‌ چونكه‌ له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌ سه‌ركرده‌ى سیستمى لیبڕاڵى داده‌نرێت له‌ قۆناغى پاش جه‌نگدا. یه‌كێتى ئه‌وروپا هه‌میشه‌ هه‌وڵیداوه‌ ئابورى جیابكاته‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ڵام ئێستا خۆى له‌ناو دیمه‌نێكى تازه‌دا ده‌بینێت، دیمه‌نێك كه‌ هێز گرنگتره‌ له‌ یاساكان و خۆشگوزه‌رانى به‌كاربه‌ر. 

ئێستا ئه‌وروپا له‌ دووڕیانێكدایه‌ و ناتوانێت وه‌ك ته‌ماشاكه‌رێكى بێلایه‌ن بمێنێته‌وه‌. پێویسته‌ كارێك بكات یورۆ لاى بیانیه‌كان سه‌رنجڕاكێشتر بێت له‌ حاڵى ئێستاى. ئه‌مه‌ش به‌ چه‌ندین رێوشوێن ده‌كرێت له‌وانه‌ به‌رگریی كردووه‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی یه‌كێتى ئه‌وروپا و له‌به‌رچاوگرتنى مه‌سه‌له‌ ئه‌منى و جیۆپۆلیتیه‌كانى وڵاتانى ئه‌ندام له‌و یه‌كێتیه‌دا.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure