ئایا به‌هارێكى ره‌ش روو له‌ عێراق ده‌كات؟

بۆچوون / بیروڕا :: 10/04/2019

سه‌رچاوه‌: ئه‌لحیوار ئه‌لموته‌مه‌دین
وه‌رگێڕان: دواڕۆژ

(ماكسیم كایمۆف) باڵیۆزى روسیا له‌ به‌غدا ئاشكراى كرد كه‌ پاش شكستهێنانى پڕۆژه‌كه‌ى پێشووترى كه‌ ناوى نابوو (هێلانه‌ى زه‌رده‌واڵه‌) ئێستا ئه‌مریكا ده‌ستیكردووه‌ به‌ تاوتوێكردنى پڕۆژه‌یه‌كى نوێ بۆ وێرانكردنى عێراق.

پڕۆژه‌كه‌ى هێلانه‌ى زه‌رده‌واڵه‌ بۆ ئه‌وه‌ داڕێژرا بوو كه‌ واشنتۆن له‌ڕێى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ عێراق به‌ خاك و مرۆڤه‌وه‌ وێران بكات و شاره‌كان یه‌ك له‌دواى یه‌ك بخاته‌ ژێر كۆنترۆڵى ئه‌و تیرۆریستانه‌وه‌. واشنتۆن واى دانابوو پڕۆژه‌كه‌ لانى كه‌م 30 ساڵ درێژه‌ بكێشێت و هه‌رگیز چاوه‌ڕێ نه‌بوو له‌ ماوه‌ى 3 ساڵدا خه‌ڵكى عێراق به‌سه‌ر ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستیه‌دا سه‌ربكه‌وێت.

پڕۆژه‌ تازه‌كه‌ ناوى لێ نراوه‌ به‌هارى ره‌ش و جێى پڕۆژه‌ى هێلانه‌ى زه‌رده‌واڵه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ساڵى 2014 ده‌زگاى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا CIA دایڕشت.

ئێستا ئه‌مریكییه‌كان باس له‌ كشانه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌ ناوچه‌كه‌دا و واده‌شیان بۆ دیارى كردووه‌ به‌ڵام قه‌یرانێكى چاوه‌ڕواننه‌كراو ئێخه‌ى گرتن ئه‌ویش چۆنێتى مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كانى داعشدا به‌تایبه‌تى له‌ عێراقدا پاش ئه‌وه‌ له‌ سوریا ده‌ڕپه‌ڕێندران. ئێستا هێزه‌ چه‌كداره‌كانى عێراق به‌تایبه‌تى حه‌شدى شه‌عبى بووه‌ته‌ رێگرییه‌كى گه‌وره‌ى نه‌خشه‌كانى واشنتۆن له‌ سوریا و عێراقدا چونكه‌ ده‌توانێت بۆ راوه‌دوونانى داعش له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كاندا بچێته‌ ناو خاكى سووریاوه‌.

راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌ ئه‌مریكاییه‌كان به‌نیازن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق له‌ رێگه‌ى دروستكردنى رێكخراوێكى تازه‌ى هاوشێوه‌ى داعش كه‌ ده‌یكه‌ن به‌ پاساوێك بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێك و یه‌كێكیان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ ناوچه‌كه‌.

شێوازى مامه‌ڵه‌كردنى ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئه‌م رێكخراوه‌دا ده‌یسه‌لمێنێت كه‌ مه‌سه‌له‌كه‌ به‌پێى نه‌خشه‌ و رێكخستنێكى زۆر به‌رزه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ده‌بێته‌ ئامانجێكى ستراتیجى بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئه‌مریكا بۆ ناوچه‌كه‌ و مانه‌وه‌ى له‌وێدا.

راپۆرته‌كان ده‌ڵێن واشنتۆن هه‌وڵ ده‌دات شه‌ڕه‌كه‌ هه‌ر له‌گه‌ڵ سوپاى عێراقدا بێت و حه‌شدى شه‌عبى دوربخاته‌وه‌. هه‌روه‌ها چه‌ندین رێڕه‌وى سه‌لامه‌ت بۆ گروپه‌ تیرۆریستیه‌كان دابین بكات و رێگریى بكات له‌ ئابڵوقه‌دانیان.

راپۆرته‌كان ده‌ڵێن جه‌نگه‌كه‌ جه‌نگێكى سه‌خت ده‌بێت و زیاتر له‌وه‌ى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه‌كى سه‌ربازى بێت، هه‌ڕه‌شه‌كردن ده‌بێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى عێراق و سوریا.

یاریكه‌رى سه‌ره‌كیش له‌م هه‌موو هاوكێشانه‌دا عێراق ده‌بێت كه‌ رووبه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاریى گرنگ و گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ شێوازى په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانى خۆرئاوادا. بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى فیدراڵى و ته‌واوى هێزه‌ سیاسییه‌كان كێشه‌ ئیتنى و مه‌زهه‌بییه‌كان وه‌لا بنێن و له‌ روانگه‌یه‌كى نیشتمانییه‌وه‌ له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ بڕوانن.

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure