هۆشبەرەكان و سبەینێی كوردستان

بۆچوون / بیروڕا :: پێش 2 هەفتە

ئەگەر سەیرێكی وڵاتان و ناوچەكانی دەوروبەرمان بكەین هەتا چاوبڕكات قاچاخچێتیی تلیاك و حەشیشەیە. هەر (ترامادۆڵ)ە و فرتە ئەكات بۆ باشووری عێراق.. هەر باندی قاچاخچی و بازرگانی هیرۆیین-ە لە رۆژهەڵات و رۆژئاوامان ئاشكرا دەبن.. ئاخۆ ئێمە هەتا رۆژی قیامەت لەم نەگبەتی و ئافاتە مەحفوز ئەبین؟.. نیشانە و هەواڵە رەسمی و ناڕەسمییەكان پێمان ئەڵێن: نەخێر.


عیلـلەتەكە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە كوردستانی خۆرهەڵات و تەواوی ئێران گەیشتووەتە ئاستێكی ترسناك.. ئەم ئاگرە ئەمڕۆ بێ‌ یان سبەی ماڵی ئێمەیش وێران دەكات، چونكە هۆكارەكانی فێربوون و ئالوودەبوون بە زەقی هەستیان پێ‌ دەكرێت: بێكاری، كێشە و كارەساتی كۆمەڵایەتی، خەمۆكی و نائارامیی دەروونی، رەتكردنەوە لەلایەن كۆمەڵگەوە، فراوانكردنی ئاسۆكانی خەیاڵ و داهێنان، ئارەزووی تاقیكردنەوە و هەندێ‌ جاریش خۆشگوزەرانیی زیاد لە رادەی خۆی.


گرنگترین كێشەی ماددەهۆشبەرەكان لەوەدایە كە بەشی زۆری قوربانییەكانی بریتین لە گەنجان، ئەمەیش مەعنای وایە ئەبێ‌ فاتیحا بۆ ئاییندەی وڵات بخوێنین.
دوور لە تیۆری كودەتا و داتاشینی دوژمنی وەهمی، لەڕووی لۆجیكەوە رێی تێدەچێت حكومەت و لایەن و باندی تاوانكار هەبن لە پشت رەواجپێدانی مادەهۆشبەرەكان لە كوردستاندا.


هەواڵەكانی ئێرە و ئەوێ‌ دەڵێن خەریكە هەرزەكاران و تەنانەت ئافرەتانیش دەكەونە داوی ئەم چارەڕەشییەوە. ئێستا پرسیارە گەورەكە ئەمەیە: ئەی تەگبیر؟؟

created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure